لە مەراسیمێکی تایبەت و شکۆداردا، نوێنەری پادشا چارلز سەردانی (ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد)ی کرد و پەردەی لەسەر پەیکەری “شا چارلز ” لادرا.

  • October 23, 2025
  • 59 Views
لە مەراسیمێکی تایبەت و شکۆداردا، نوێنەری پادشا چارلز سەردانی (ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد)ی کرد و پەردەی لەسەر پەیکەری “شا چارلز ” لادرا.

ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد (KCO)، شانازیمان بە میوانداریکردنی بۆنەیەکی کلتوریی پایەبەرز کرد، کە تێیدا پێشوازییەکی گەرممان لە بەڕێز (دێریک ئەندەرسۆن (Derrick Anderson CBE)، نوێنەری تایبەتی خاوەن شکۆ پادشا چارلز، و شاندی یاوەری کرد.

ئەم ڕۆژە وەک وێستگەیەکی درەوشاوە لە مێژووی کار و چالاکییەکانماندا تۆمار دەکرێت، کە تێیدا توانیمان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە دیارەکان، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و دۆست و ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردی، بەشێکی گرنگ لە کلتوور و هونەری نەتەوەکەمان نمایش بکەین.

وتاری بەخێرهاتن و پەیامی ئاشتی

مەراسیمەکە بە وتاری بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز (ئاوات مستەفا)، بە ناوی (ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد)ەوە دەستی پێکرد. لە وتارەکەیدا، جگە لە بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانەکان، وتارێکی سەرنجڕاکێشی بە ناوی گەلی کوردەوە پێشکەش کرد. تێیدا ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی نێوان گەلی کورد و وڵاتی بەریتانیا و ڕۆڵی گرنگی بەریتانیا لە شەڕی دژی داعشدا کرد. هەروەها جەختی لەسەر پرسی ئاشتی و پشتیوانی بۆ سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.

وتاری نوێنەری پادشا و پەردەلادان لەسەر پەیکەری شا چارلز

دواتر، بەڕێز (دێریک ئەندەرسۆن) وتەیەکی پێشکەش کرد و لە دەستپێکدا سوپاسی ڕۆڵی ڕێکخراوەکەمانی کرد و ئەم پێشوازیە گەرمەی بەرز نرخاند. خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردید لەم مەڕاسیمەدا بەیەک دەگەن، بەڕێزیان ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی کورد لە شانشینی یەکگرتوو و بایەخی پێکەوەژیانی نێوان کۆمەڵگە و نەتەوە جیاوازەکان کرد. پاشان، لە ساتێکی مێژووییدا، بەڕێز نوێنەری پادشا پەردەی لەسەر (پەیکەری خاوەن شکۆ پادشا چارلز*) لادا و سەرسامیی خۆی بۆ جوانیی پەیکەرەکە و دەستڕەنگینیی هونەرمەند (بەرزان شازە) دەربڕی.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، بەڕێز (گۆڤە ئەحمەد)، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد، وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی ئەم سەردانە مێژووییەی بەڕێز نوێنەری پادشای کرد. وەک نیشانەی ڕێز و پێزانین، چەندین دیاریی تایبەت و بڕوانامەی ڕێزلێنان پێشکەش بە بەڕێز (دێریک ئەندەرسۆن) شاندی یاوەری کرد، وەک هێمایەک بۆ پتەوکردنی پردی پەیوەندیی کلتووری لەنێوان گەلی کورد و شانشینی یەکگرتوودا.

لەهەمانکاتدا لەمەراسیمەکەدا، خوانێکی نیوەڕۆی شایستە بۆ میوانەکان و ئامادەبووان ئامادە کرابوو، کە دەرفەتێک بوو بۆ زیاتر تێکەڵاوبوون و گفتوگۆکردن و بەڕێز دێریک ئەندەرسۆن سەرسامی بۆ خواردنە کوردیەکە دەربڕی.

وەهەروەها بۆنەکەمان لەکەشضیکی هونەریدا دا و بە دەنگی سیحراوی مۆسیقای کوردی ڕازێنرایەوە، کە لەلایەن چەندین هونەرمەندی بەتواناوە پێشکەش کرا و ئامادەبووانی بردە جیهانێکی پڕ لە هەست و جوانی.

ـــ ئەم مەڕاسیمە تایبەتە بەبێ هاوکاری و پشتیوانیی دڵسۆزان ئەنجام نەدەدرا. بۆیە، لێرەوە بە ناوی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی KCO، سوپاسی بێپایانی خۆمان ئاراستەی بەڕێز کاک کاژاو لە کۆمپانیای شاپۆست (Shapost) دەکەین هاوکاری و پشتیوانییان بەرز دەنرخێنین.

ـــ هەروەها زۆر سوپاس بۆهونەرمەند و موزیکژەنە دەست و پەنجە ڕەنگینەکان دەکەین:

گروپی یەکەم، هونەرمەندان: (زیرەک ژێدار)، (شاکۆ بەکر) و کاک هەرێم دەف ژەن).

هەروەها زۆر سوپاس سوپاس بۆ گروپی (ڕۆژا نوو)، هونەرمەندان (لوقمان سێڤێ زەر) و (ئیمراک ئەقبال)، کە بە هونەرەکەیان ڕۆحێکی دیکەیان بە بۆنەکە بەخشی.

پێزانین بۆ تیمی کار: ماندووبوونی (کاک پاشا دی جەی) لە بەشی ئەندازیاریی دەنگ، و وێنەگرە بەڕێزەکانمان کاک (هێمن عەبدولرەحمان)، کاک توانا (پەیامنێری کوردسات) و کاک شێموز نادر لەکەناڵگ BK4، جێگەی ڕێز و پێزانینی ئێمەیە.

وەهەروەها سوپاسی تایبەت بۆ تیمی سکویرتی بۆنەکە دەکەین ڕۆڵی گرنگیان گێڕا و ماندووبوونیان بەرز دەنرخێنین.

لە کۆتاییدا، سوپاسی هەموو ئەو میوانە ئازیزانە دەکەین، کەئامادەی بۆنە گرنگە بوون و بۆنەکەیان ڕازاندەوە و هانیان داین بۆ کاری گەورەتر. ئێمە لە KCO، وەک هەمیشە، بەڵێن دەدەین کە ماڵی هەموو کوردێک بین و بەردەوام بین لە خزمەتکردنی کلتوور و هونەری نەتەوەکەمان.

وەهەروەها ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد جەختی لەوە دەکاتەوە کە وەک ڕێکخراوێکی بێلایەن، هەمیشە خۆی بە ماڵی گشتیی سەرجەم کوردانی بەریتانیا و ڕێکخراوە کوردییەکان دەزانێت و دەرگای کراوە دەبێت بۆ هەموو چالاکییەکیە کلتوری و نیشتمانیەکان.

ئەنجومەنی باڵایی

ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد (KCO)

٢٠٢٥/١٠/٢٢

kashma
EDITOR
PROFILE

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو