کاشما فاروق
راگەیاندنی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی، لەپەیامێكدا وەڵامی ئاری هەرسین دەداتەوە و رایدەگەیەنێت: رۆژ نییە حیكایەتێكی تازە نەهۆنێتەوە و بەردەوام حساب لەسەر قسەكانی ناكرێت، بەڵام كاتێك بەناونیشانی حزبی لەشاشەی كەناڵێكەوە لەسەر پرسێكی نیشتمانیی و لەسەر حزبێكی سەنگینی وەكو یەكێتی قسەی مایە پۆچ دەكات، پێویستە پێی بوترێت ئەوەی زۆری بێ ئایدە و فایدە دەڵێ و كەم گوێ لەشتی بەسوود دەگرێت هەر خۆی عاقیبەتی مسداقیەت و راستگۆیی خێر نابێت، دەشڵێت: قسەكانی ئاری هەرسین لە رۆژێكدایە شەقام و داهاتووی كوردستان پێویستی بەیەكدەنگی و یەكڕیزی هەیە، كەچی دەیەوێ دەستی چەوری حزبەكەی بەسەری یەكێتیدا بسڕیتەوە
دەقی پەیامەكە:
ئاری هەرسین دژە باوی سیاسییەو مەلەوانێكی نا ئاگایەو زۆرجار بەپێچەوانەی شەپۆلی حزبەكەی خۆشییەوە مەلە دەكات، رۆژ نییە قسەیەكی نەبێ و حیكایەتێكی تازە نەهۆنێتەوە، بەڵام بەردەوام بەبێدەنگی و بێ كاردانەوە تێدەپەڕێت و هیچ حسابێك لەسەر قسەكانی ناكرێت، بەڵام كاتێك بەناونیشانی حزبی و وەك لێپرسراوی لقی پارتی لەشاشەی كەناڵێكی پارتی-یەوە دەردەكەوێت و لەسەر پرسێكی نیشتمانیی و لەسەر حزبێكی سەنگینی وەكو یەكێتی هەندێك قسەی مایە پۆچ دەكات، وەڵام و (ئەمما)یەكی پێویستە، تا پێی بوترێت كاكی عەیارە بیست و چوار ئەوەی زۆری بێ ئایدە و فایدە دەڵێ و كەم گوێ لەشتی بەسوود دەگرێت هەر خۆی عاقیبەتی مسداقیەت و راستگۆیی خێر نابێت.
قسەكانی ئاری هەرسین لە كات و رۆژێكدایە كە تیمی دانووستانی یەكێتی و پارتی لە كۆبوونەوەدابوون و خواستی شەقام و داهاتووی كوردستان پێویستی بەیەكدەنگی و یەكڕیزی هەیە و هەموو لایەك چاویان لەسەر ئەوەیە بۆ داهاتووی كوردستان كورد لەبەغداد یەكدەنگ بێت، كەچی لە دیدارێكدا دەتەوێ دەستی چەوری حزبەكەت و خۆت بەسەری یەكێتی بسڕیتەوەو باس لە كلیلی بیركردنەوەی یەكێتی و ئەجێندای هەرێمیی بكەیت، پێشینان وتوویانە چاكی مەكە با خراپتر نەبێت، تۆ خۆت بێ ئاگایت؟، یان پێتوایە خەڵكی كوردستان بێ ئاگان؟، لەوەی كلیلی بیركردنەوەی چ لایەنێك دەمێكە لەناو قاسەیەكی پوڵاینی هەرێمایەتیدا دانراوەو قاسەكە بەشێوەیەك قوفڵ كراوە كە دەیان ساڵە خەڵكی كوردستان باجێكی قورسی كلیلەكەتان و قاسە هەرێمایەتییەكەتان دەدەن.
راگەیاندنی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان











