کاشما فاروق
بەرپرسێکی فڕۆکەخانەکە وردەکاریی گەشتەکان بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەتوانرێت گەشت بۆ هەموو دنیادا بکرێت.
دوای ماوەیەک لە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و وڵاتی تورکیا، هێڵی ئاسمانیی “پێگاسۆس” بە فەرمی گەشتەکانی بۆ شاری ئیستانبوڵ دەستپێکردەوە و بڕیارە هەفتانە سێ گەشتی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدات.
لە لێدوانێکدا لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، دانـا محەمەد، بەرێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی فڕۆكەخانەكە، ڕایگەیاند: “زۆر خۆشحاڵین کە ئەمشەو پێشوازی لە هێڵێکی دیکەی ئاسمانی دەکەین لە چوارچێوەی فراوانکردنی گەشتەکان. هێڵی پێگاسۆس بە فەرمی گەشتەکانی بۆ ئیستانبوڵ دەستپێدەکاتەوە و بەپێی ئەو خشتەیەی بە ئێمە گەیشتووە، هەفتانە سێ گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆیان لە نێوان سلێمانی و ئیستانبوڵدا دەبێت.”
گەشتەکان بۆ تورکیا فراوانتر دەبن
سەبارەت بە کۆی گشتیی گەشتەکان بۆ وڵاتی تورکیا، بەرپرسەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی ئاشکرای کرد کە بە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی پێگاسۆس، ئێستا سێ هێڵی ئاسمانی گەشتی ڕاستەوخۆ بۆ تورکیا ئەنجام دەدەن:
هێڵی ئاسمانیی تورکش ئێرلاین (Turkish Airlines): هەفتانە چوار گەشتی هاتن و چوار گەشتی ڕۆشتنی هەیە.
هێڵی ئاسمانیی ئەی جێت (AJet): بە هەمان شێوە، هەفتانە چوار گەشتی هاتن و ڕۆشتنی هەیە.
هێڵی ئاسمانیی پێگاسۆس (Pegasus): هەفتانە سێ گەشتی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدات.
“لە سلێمانییەوە گەشت بۆ هەموو دنیا بکە”
دانـا محەمەد جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە فڕۆکەخانەی سلێمانی بووەتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ گەشتکردن بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان و وتی: “پێشتر و ئێستاش چەندین هێڵی ئاسمانیی گرنگ گەشتەکانیان بەردەوامە، لەوانە: قەتەریە، مەلەکی ئوردنی، فلای دوبەی، ماهان ئێر و هێڵی ئاسمانیی عێراقی، کە گەشتیاران دەتوانن لە ڕێگەیانەوە سەردانی قەتەر، عەممان، دوبەی، تاران و چەندین وڵاتی عەرەبی و جیهانی بکەن. هەروەها گەشتی ڕاستەوخۆمان بۆ ئەڵمانیاش دەستیپێکردووەتەوە.”
سەبارەت بە کاریگەریی تەمومژ لەسەر گەشتەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕوونیکردەوە کە هیچ گەشتێک هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو تەنها کاتەکانیان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە کاتژمێر ١١ی بەیانییەوە سەرجەم گەشتەکان ئاسایی بوونەتەوە.











