شاندێكی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەگەڵ نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لەشاری سلێمانی كۆبونەوە و بەرپرسی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ هەڵوێستی گوتار نەماوە، بەڵكو پێویستیمان بە هەڵوێستێكی كرداریە.
لەپاش دیدارەكە، جاویدان حەسەن بەرپرسی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی رۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماژەی بەوەدا، توركیا بەردەوام هاوكاری گروپە تیرۆریستییەكان دەكات لەسەروی هەمویانەوە داعش، دەیان بەڵگەو دۆكیومێنت لەبەردەستن ئەو پەیوەندیە لەنێوانیاندا دەسەلمێنێت، هەروەها ئاشكرایە دوای شكستی هەموو هەوڵەكانی ئەو رێكخراوە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیان، توركیا دەستی بە جوڵاندنی سەربازەكانی خۆی كرد و لەئەنجامدا ئەو داگیركاریە بەسەر عفریندا سەپێنرا.
وتیشی “ئەو هێرشەی بەنیازە توركیا بیكاتەسەر رۆژئاوای كوردستان، ئامانجەكەی لێدانی پرۆسەی دیموكراسی و ئیرادەی گەلان بەتایبەت گەلی كوردە، بۆیە رومان لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بۆ دەستێوەردان لەو دۆخە و وەستاندنی ئەو هێرشە و رێگەنەدان بە توركیا بۆ داگیركردنی ناوچەكەو ئەنجامنەدانی كۆمەڵكوژی گەورە بەرامبەر گەلەكەمان”.
داواشی لە خەڵكی كوردستان كرد هەڵوێستێك دەرببڕن بەرانبەر بەو هێرشانە و بینینی مەترسییەكان پێش رودانیان و بەئەركی ئەخلاقی و نیشتمانی و نەتەوەییش وەسفی كرد. هەروەها داوا دەكات رێپێوان و مانگرتنی سەرتاسەری ئەنجامبدرێت و پەیامێكی بۆ حكومەت و پەرلەمانی كوردستانیش نارد و داوای كرد بەئەركی خۆیان هەستن بەرێگریكردن لەهەر هێرشێك و پشتیوانیكردنی دەستكەوتەكانی رۆژئاوا.