بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمریکا دەبێت پشت لە خەبات و تێکۆشانی ڕۆژئاوا نەکات، چونکە کورد هاوپەیمانێکی گەورە بوو لە جەنگی دژ بە تیرۆر لە عێراق و سووریا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-10-2019، لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری هەرێمی كوردستان پێشوازی کرد لە ستیڤ فەیگن کونسوڵی گشتی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
لەو دیدارەدا باس لەدوا پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق وپشێوییەکانی ناوچەکە کرا، لێک تێگەیشتنی هاوبەش هەبوو کە دەبێت حکومەت بەدەنگ کێشە وناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیانەوە بێت وخزمەتگوزارییەکانی زیاتر وباشتر بکات.
هاوکات باس لەمەترسی خۆڕێکخستنەوەی تیرۆریستانی داعش کرا لەسوریا وعێراق ومەترسییان بۆسەر ناوچەکە.
لە دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، ئەمریکا دەبێت پشت لەخەبات وتێکۆشانی ڕۆژئاوا نەکات، چونکە کورد هاوپەیمانێکی گەورە بوو لەجەنگی دژ بەتیرۆر لەعێراق وسوریا.