بیرۆكەیەكی نوێ‌ بۆ پاراستنی ژینگە با هەموومان رابكەین!

  • October 27, 2019
  • 319 Views
بیرۆكەیەكی نوێ‌ بۆ پاراستنی ژینگە با هەموومان رابكەین!

مەعروف مەجید


ئەگەر بەوردی سەیری ئەو هەنگاوانە بكەین لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە حكومەت‌و رێكخراوەكانی تایبەت بەژینگە دەیگرنە بەر راكردن‌و ماراسۆن نییە، ئەوان هەر لەسەرەتای بانگەشەكانی حزبەكان بۆ هەڵبژاردن‌و دواتر پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەلایەن حزبە سەركەوتووەكانەوە، پلانی تۆكمەی بۆ دادەریًژن‌و خاڵبەخاڵ دواتر كاری لەسەر دەكەن، تەنانەت بۆ پاراستن‌و مانەوەی ژینگە ساڵانە لەكۆنفرانسە تایبەتەكان ئەو وڵاتانەی تەنانەت جەنگی ساردیش لەنێوانیاندا هەیە هاوهەڵوێست دەبن‌و كۆك دەبن لەسەر خاڵە هاوبەشەكان..

لەمەڕ كوردستانی خۆشمان ژینگە‌و ژینگە پارێزی هێندەی دروشمێكە كەلەهەندێ‌ بۆنە‌و مەراسیمی تایبەت بەكاردەهێنرێت نیو هێندە ئەو خەمە گەورەیە نییە كەبەرپرسان‌و كاربەدەستانی حكومەت خەمی لێبخۆن‌و بەكردەیی كاری بۆ بكەن.

لەدوای شەش كابینە لەحوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان ئەو كات بیریان كەوتەوە كەوەزارەتێك تایبەت بكەن بەژینگە، ئەویش چۆن لەبنەرەتەوە دەستی پێكرا كەمترین بودجەی هەبوو كەمترین كارمەندی هەبوو تەنها لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەولێر سلێمانی دهۆك فەرمانگەیان هەبوو، كەبەداخەوە حكومەت ئامادە نەبوو بیان كات بەبەرێوەبەرایەتیش بۆ ئەوەی لەقەزاكانیش فەرمانگەیان هەبێ‌، دواتر ئیدارەكانی بۆ زیاد كرا ئەویش گەرمیان‌و راپەرین بوو.

“سەرۆكی هەرێم بەدروشمی ماراسۆنەكە سەرسام بووە بۆیە بەشداری كردووە”

هەر چەندە بەداخەوە ئەم وەزارەتە هێندە تەمەنی درێژ نەبوو لەكابینەی حەوتەم بچوككرایەوە بۆ دەستە ئەو كات دەسەڵات‌و تەنانەت بودجەشی كەمكرایەوە، كەلەئێستادا دەستەی ژینگە یەكێكە لەو دەستانەی حكومەت كارەكانی نەكردۆتە ئەولەویەتی بریار وپلانەكانی.

ئەوەی مایەی سەرسورمانە لەهەرێمی كوردستان رۆژ لەدوای رۆژ ژینگەكەی بەرەو وێران بوون‌و پیسبون دەچێ‌ كەدەیان هۆكاری گەورە لەپشتییەوەیەتی لەوانە، زۆربونی ئۆتۆمبیل،سوتاندنی ئەو بەنزین‌و سووتەمەنییەی رۆژانە بۆ هۆكاری گواستنەوە بەكاردەهێنرێت كەهۆكارێكی سەرەكی پیسوونی ژینگە بەتایبەتی بۆ هەوا، یەكێكی تر لەو هۆكارانە تا ئێستا هاوڵاتیان تەنانەت حكومەتیش بۆ خۆگەرمكردنەوە سوتەمەنی بەكار دەهێنێتـ كەهەر لەدەرهێنانی تا گواستنەوە‌و سوتاندنی زیانی بۆ ژینگە هەیە، زۆربونی پاشماوەی ماڵان‌و شوێنە گشتییەكان‌و دووبارە بەكارنەهێنانەوەی لەلایەن حكومەت‌و كەرتی تایبەتەوە كەبەپێی ئامارەكان رۆژانە زیاد لەحەوت هەزار تەن پاشماوە لەشارەكانی هەرێم فرێدەدرێن‌و بەشێكی زۆریان دەسوتێنرێن، زۆربونی موەلیدەی ئەهلی لەناو ماڵان‌و گەرەك‌و شوێنە گشتییەكان ئەمیش بۆ پیسبونی هەوا‌و هەم بۆ ژاوەژاو كەبەداخەوە حكومەت تا ئیستا نەیتوانیوە كارەبایەكی سەردەمیانە بۆ هاوڵاتیان بەردەست بكات بۆ سووتەمەنیموەلیدەی ئەهلی‌و كارەبای وێستەگەكانی حكومی پشت بەسووتەمەنی دەبەستێت.

بونی سەدان پاڵاوگەی نایاسایی‌و بۆمۆڵەتی سووتەمەنی كەبەداخەوە بەبەرچاوی حكومەتەوە كاردەكەن‌و تا ئێستا بەشێكی زۆریان دانەخراون، كەئەوانیش سەرەرای پیسكردنی ژینگە بونەتە هۆكاری وێرانكردنی زەوییە كشتوكاڵیەكان.

زۆربونی بیری ئیرتیوازی‌و بیسەرەو‌و بەرەیی حكومەت بەتایبەتی لەكاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردن پارتی‌و یەكێتی دەیكەن بەدیاری بۆ هەوادارەكانیان.
ئەمانە بەشێكی كەم بوون لەو هۆكارانەی كەبونەتە هۆكاری پیسبوونی ژینگە لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەشارە گەورەكاندا، ئاخۆ ژینگەی هەرێم بەسازكردنی ماراسۆن خاوێن دەبێتەوە؟

لەهەرێمی كوردستان سەدان دروشم بونیان هەیە لەوانە مافی مرۆڤ، دیموكراسی، پێكەوە ژیان بگرە دەیان دروشمی تر سەرۆكی هەرێمیش بۆیە بەشداری كردووە بەدروشمی ماراسۆنەكە سەرسام بووە بۆیە بەشداری كردووە، لەكاتی قسەكردن بۆ كەناڵەكانی راگەیاند نیًچیرڤان بارزانی: “كاتێك درووشمی ماراسۆنەكەم بینی باس لەپاك‌و خاوێنی ژینگە دەكات، زۆر پێمخۆشبوو بەشداربم، لەبەر ئەوەی بەنیسبەت ئێمەوە لەهەرێمی كوردستان پرسی پاكڕاگرتنی ژینگە شتێكی یەكجار گرنگە.”.من لام سەیرە، سەرۆكی هەرێمێك دێت لەماراسۆنێك بەشدار دەبێت، كەلەماوەی كابینەكانی رابردوودا یا سەرۆكی حكومەت بووە یاجێگر ئەرێ‌ دەكرێ‌ لێی بپرسم ئەرك نەبێ‌ لەو ماوەیەدا چیت بۆ ژینگە كردووە؟

ئەرێ‌ بەهەموو باوەڕی خۆت‌و راوێژكارەكانت‌و تەنانەت جێگرەكانیشت ژینگە بەراكردن‌و ماراسۆن پاك دەبێتەوە، یا تەنها ئەمیش نمایشێك بوو بۆ ئەوەی بڵێن سەرۆك كەسێكی خاكییە‌و دەیەوێ‌ بەراكردن ژینگە بپارێزێت.

من دەپرسم ساڵانە لەسەر ئاستی وڵاتان كۆبونەوەی باڵا سازدەكرێت بۆ پاراستنی ژینگە ئەگەر بزانن بەماراسۆن خاوێن دەبێتەوە بۆ ئەوانیش ئەم بیرۆكە لەئێوە نادزن‌و جێبەجێی ناكەن؟

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو