بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ دابینكردنی پاس یان تەكسی بۆ هاتووچۆی خوێندكاران پێویستە ڕەچاوی چەند ڕێنماییەك بكرێت، دەشڵێت: “پێویستە بەڕێوەبەر لیژنەیەكی سێ كەسی پێكبهێنێت بۆ ڕایی كردنی كاروباری هاتووچۆی خوێندكاران”.
بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لە نووسراوێكدا، كە وێنەیەكی دەست (وڵات) كەوتووە و ئاڕاستەی سەرجەم باخچەكانی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگە ئامادەیی و بنەڕەتییەكانی سنووری پەروەردەكەی كردووە ڕایگەیاندووە، بۆ دابینكردنی پاس یان تەكسی بۆ هاتووچۆی خوێندكاران سەرپشكن لە چۆنیەتی دابینكردنی پاس بۆ هاتووچۆی خوێندكارەكانیان.
جەختیشی كردۆتەوە، كە پێویستە بەڕێوەبەر لیژنەیەكی سێ كەسی پێكبهێنێت بۆ ڕایی كردنی كاروباری هاتووچۆی خوێندكاران بە پاس و تەكسی.
ڕاشیگەیاندووە، لە دوای ڕێككەوتن لەگەڵ ئیدارەی قوتابخانەكان پێویستە نوێنەریان سەردانی بەشی یاسایی بكات بەمەبەستی پێدانی بەڵێننامە، كە پابەندی ڕێنماییەكانی پەروەردە دەبن پێش دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی (2019-2020).