راپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەخنەی توند لە توركیا دەگرێت، بەوەی یاسای دژەتیرۆری بەكارهێناوە بۆ سەركوتكردنی دەیان هەزار هاووڵاتی، تەنانەت رێوشوێنە یاساییە پێویستەكانیش لە دەستگیركردنی خەڵكدا پەیڕەو ناكەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راپۆرتێكی ساڵانەی بڵاوكردەوە كە بایەخی بە پرسی تیرۆر داوە لە ساڵی 2018، ئاماژەی بەوەداوە، دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە گروپی فەتحوڵڵا گولەن-ی وەك گروپێكی تیرۆریستی پۆلێن كردوە و رێوشوێنی تاكلایەنەیان دژی گولەنییەكان گرتووەتەبەر، دەیان هەزار هاووڵاتی ئەو وڵاتەیان بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە گروپی خزمەت-ی فەتحوڵڵا گولەن خستوەتە زیندانەكانەوە.
راپۆرتەكەی ئەمریكا دەڵێت، توركیا یاسایەكی لاستیكیی هەیە لەبارەی پاڵپشتیكردنی تیرۆر و بۆ داپڵۆسین و دژی ئازادی رادەربڕین بەكاریدەهێنێت.
بەپێی راپۆرتەكە، لە كاتی كودەتاكەی ساڵی 2016-وە، توركیا بەردەوامە لە دەستگیركردنی هاوڵاتیان و تەنانەت ئەو هاوڵاتییە بیانیانەی لەو وڵاتە دەژین. دەستشی لە دەستگیركردنی هاوڵاتیانی ئەمریكی و فەرمانبەرە توركەكانی نێردە دیپلۆماسییەكان نەپاراستووە و بەوە تۆمەتباری كردون كە پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەی “خزمەت”ی گولەن هەیە.
راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەسەڵاتدارانی توركیا تۆمەتبار دەكات و دەڵێت، بەڵگەكانیان لاوازن و تەنانەت رێوشوێنە یاساییە پێویستەكانیش لە دەستگیركردنی ئەو خەڵكەدا پەیڕەو ناكەن.
راپۆرتەكە باسی لەوەشكردووە، توركیا پێناسەیەكی فراوانی هەیە بۆ تیرۆر، تەنانەت تاوانی دژی سیستمی دەستوری و ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی دەوڵەت دەگرێتەوە، تەنانەت یاسای تیرۆر بۆ تاوانباركردنی ئەوانەش بەكاردەهێنێت كە لە بوارەكانی ئازادی رادەربڕین گردبوونەوە و چالاكی دەكەن.