خۆپیشاندانەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەردەوامن و رۆژانە ژمارەی قوربانییان لە بەرزبوونەوەدان، نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەڵێت، زۆر نیگەرانن لەوە و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات چەک و تووندوتیژی بەکارنەهێنن.
لە راگەیەندراوێکدا سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە گشت لایەنەکان دەکات خۆیان لە بەکارهێنانی چەک بپارێزن، هاوکات لێکۆڵینەوەی جیددی لە هەموو گرژی و تووندوتیژییەکان بکەن.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات خۆپیشاندەران بە نوێنەرایەتی لەگەڵ حکومەت گفتوگۆیەکی “واتادار” ئەنجامبدەن. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 5ـی ئەم مانگە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دووەمین راپۆرتی خۆی لەبارەی خۆپێشاندانەکانی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بەردەوامە، لەماوەی 10 رۆژی خۆپێشانداکانی عێراقدا 97 کەس کوژروان.
لە راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەوەشهاتبوو، هەرچەندە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەراورد بە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر ئارامگرتووتربوون، بەڵام بەکارهێنانی چەک و پێشێلکاری لەلایەن هێزە ئەمنیەکان و کەسانی چەکدارەوە بەدی دەکرێت.