بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ڕایدەگەیەنێت، بەكارهێنانی هێزی لەڕادەبەدەر دژ بە خۆپیشاندەران لە عیراق قبوڵناكرێت، بەپێویستیشی دەزانێت ڕێز لە مافە بنەڕەتییەكانی گەلی عیراق لە گردبوونەوە و داواكردنی مافەكان بەپێی دەستوری وڵاتەكە، بگیرێت.
فیديریكا موگیرینی، بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوە لە یەكێتی ئەوروپا لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە برۆكسل بڵاوكرایەوە، ڕایگەیاند
” بەكارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر دژ بە خۆپیشاندەران مایەی نیگەرانییە، هەواڵەكانی تایبەت بە هێرشی چەكدارانيش بۆسەر خۆپیشاندەران، مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ڕادەربڕین و داواكاردنی مافە ڕەواكان، پێشێل دەكات”.
بە وتەی موگیرینی”وێڕای دووبارەكردنەوەی داواكاریی دانبەخۆداگرتن، قوربانی نوێ كەوتەوە و ژمارەیەكی زۆر بریندار هەیە، تێبینیش كراوە سامان و كەلوپەلی گشتی و تایبەت خاپوركراون. یەكێتی ئەوروپا هیواخوازە بەرپرسانی ئەو پێشێلكارییانە دەستگیربكرێن و بدرێنە دادگا”.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوروپا دەڵێت”یەكێتی ئەوروپا و ئەندامانی یەكێتییەكە، پشتیوانی تەواو لە یەكێتی و سەروەریی عیراق و سەلامەتی خاكەی و دیالۆگی هەمەلایەنە دەكەن وەك ئامرازێك بۆ بەرەوپێشچوون. ئامادەشە پشتگیری لە كارەكانی حكومەتی عیراق بكات بۆ فەراهەمكردنی پێویستی هاووڵاتیان و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و باشكردنی ئیدارە و ڕەخساندنی هەلی كار”.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو ، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتۆتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە 250 كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون.