بەرپرسێکی باڵای هەرێم ٤٧ میلیۆن دۆلار لە کڕیینی دوو کۆشکدا خەرجدەکات

  • November 13, 2019
  • 550 Views
بەرپرسێکی باڵای هەرێم ٤٧ میلیۆن دۆلار لە کڕیینی دوو کۆشکدا خەرجدەکات

وڵات – تایبەت

ماڵپەڕێکی ئەمێریکیی ئاشکرایدەکات، بنەماڵەی بارزانیی بەشێوەیەکی نهێنیی موڵکایەتیی دەکەن و کۆشکی ناوچە گەشتیارییە گەورەکانی ئەمێریکا دەکڕن، بەردەوامیش کاری بازرگانیی لە بەرژەوەندیی خۆیاندەکەن و بەشێوەی نهێنیی دەیان میلیارد دۆلاری گەلەکەیان خواردووە.

بنەماڵەی بارزانییەکان، تادێت سەروەت و سامانەکانیان لە سەرانسەری دونیا دا ئاشکرا دەبێت، قەبارەشیان گەورەتر دەبێت، هەربۆیە لە نوێترین راپۆرتدا ئاشکرا دەبێت کە مەسرور بارزانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٤٧ میلیۆن دۆلاری بۆ کڕیینی دوو خانووی گەشتیاریی لە کالیفۆرنیای ئەمێریکا خەرج کردووە.

ماڵپەڕی variety.comئەمێریکیی و ماڵپەڕی www.dirt.com، زانیاریی گرنگی دەربارەی ئەو دوو خانووە ئاشکرا کردوە کە بەشێوەیەکی نهێنیی بنەماڵەی بارزانیی موڵکایەتیی دەکەن و بەردەوام خەریکی نوێکردنەوەی خانووەکانن.

ئەو دوو خانووە، لە (بێڤەرلی هیلزن – Beverly Hills)ە کە یەکێکە لەناوچە گەشتیارییە گەورەکان و دەکەوێتە ویلایەتی کالیفۆرنیا، ساڵانە گەشتیاری زۆر لە سەرانسەری جیهانەوە رویتێدەکەن.

ئاماژە بەوەشدەکرێت ئەو دوو موڵکە، تا ماوەیەک پێش ئێستا خاوەنەکەی بازرگانێکی نەناسراو بووە و نەیویستووە ئاشکرا بێت، بەڵام یەکشەممەی رابردوو ئۆتۆمبیلێکی جۆری نیسانیان بینیوە کە لە یەکێک لە کۆشکەکان هاتووەتە دەرەوە، بێ ئەوەی دەمووچاوی شۆفێرەکە روون بێت.

هەردوو ماڵپەڕەکە جەخت لەوەدەکاتەوە:”ئەو دوو کۆشکەی بێڤەرلی هیلزن، بنەماڵەی بارزانیی بە بڕی ٤٧ میلیۆن دۆلار کڕییویانە کە کۆشکێکی ناودارە و رووبەرێکی فراوانی هەیە.”

ڤارێتی، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بە کەسێک دەکات بە ناوی “هەڤاڵ دۆسکیی” کە ناوی لە مامەڵەی ئەو دوو کۆشکەدا هەیە کە بارزانییەکان بەنهێنیی کردوویانەتە موڵکی خۆیان، دۆسکیی کوردێکی دانیشتووی ڤێرجینیایە و وەک دەوترێت نزیکی بنەماڵەی بارزانییە و هاوڕێی دێڕینی کوڕەکانی مەسعود بارزانییە.

هەروەها مێژووی بنەماڵەی بارزانییەکان خراوەتەڕوو، باس لەوەکراوە کە مەسعود بارزانیی لەماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دا، خۆی بە چەترێک زانیوە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی ناو هەرێمەکەی.

لە ماڵپەڕەکاندا ئەوەشکراوە، لە ماوەی سەرۆکایەتیی بارزانی دا، چەندین ناکۆکیی باڵی بەسەر هەرێمەکە دا کێشاوە و ئەو بنەماڵەیەش بەردەوام خەریکی کاری بازرگانیی بوونە لە بەرژەوەندیی خۆیان و بەشێوەی نهێنیی دەیان ملیارد دۆلاریان لە گەلەکەیان خواردووە.

ڤارێتی، ئەوە دەخاتەڕوو، ئەو کۆشکانەی لە ویلایەتی کالیفۆرنیان لەلایەن بارزانییەکانەوە کڕدراون، بەردەوام بەتاڵە و گڵۆپەکانی هەمیشە کوژاونەتەوە و تەنیا لەم ماوەی کۆتاییدا هەست بەوە کراوە کەمێک جموجۆڵ هەیە لە ماڵەکە دا و سەرقاڵی گۆڕینی دیکۆراتیی ماڵەکەن و کەرەستەی نوێیان بۆ کڕییوە.

وێنەوسەرچاوەکان:

سەرچاوەکان:

https://variety.com/2019/dirt/more-dirt/kurdistans-barzani-family-spends-47-million-on-two-beverly-hills-homes-1203401895/amp/
https://www.dirt.com/more-dirt/politicians/barzani-family-house-beverly-hills-1203302025/

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو