هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەستپێدەكەن، سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی یەكێتيش دەڵێت، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی یەكێتی، هەڵبژاردنی كۆمیتەكان دەست پێدەكات.
بەپێی خشتەی هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وابڕیارە، ڕۆژی شەممە 2019/11/16، كۆنفرانسی كۆمیتەكانی سنوری چالاكی مەڵبەندەكانی (حەمرین- كەركوك- شارەزوور- كۆیە – شەنگال – دهۆك – گەرمیان) سازبكرێت و لە ڕۆژی یەك شەممەش ڕێكەوتی 2019/11/17، كۆنفرانسی كۆمیتەكانی سنوری چالاكی مەڵبەندەكانی (سلێمانی- سۆران- ھەولێر- بغداد -خانەقین) سازبكرێت.
هەر بەپێی خشتەی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی، ڕۆژی دوو شەممە ڕێكەوتی 2019/11/18، كۆنفرانسی كۆمیتەكانی سنوری چالاكی مەڵبەندەكانی (چەمچەماڵ، نەینەوا، ڕاپەڕین) ئەنجام دەدرێت.
پێشتر كۆمسێۆنی هەڵبژاردنەكان داوای لە سەرجەم بەشداربووانی كۆنفرانسەكان كردبوو، لە كات و شوێنی دیاریكراودا لە كۆمیتەكانی خۆیان ئامادەبن بۆ بەشداری لە پرۆسەكە و بەپێویستیشی زانیبوو، هەموو بەشداربوانی كۆنفرانسەكە كارتی بایۆمەتری یان پسوڵەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان پێ بێت، بە پێچەوانەوە “مافی بەشداری كردنیان لە كۆنفرانسەكاندا نابێت”.
هەر لەو بارەیەوە سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ كۆنگرەی یەكێتی، هەڵبژاردنی كۆمیتەكان دەست پێدەكات.
رزگار عەلی سەرۆكی لیژنەی كۆنگرەی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكانی حزبەكەی ڕایگەیاندووە، كۆنفرانسەكان ئەمڕۆ لە سنوری مەڵبەندەكانی كەركووك و شارەزو رو كۆیە و شەنگال و دهۆك ئەنجام دەدرێن، و كۆنفرانسەكان بە دەنگدانی كۆمیتەكان دەست پێدەكەن و تێدا ئەندام كەرت و ئەندامانی كۆمیتە و جێگری كۆمیتەكان دەنگ دەدەن.