به‌ڵێنه‌كانی كارنامه‌ی حكومه‌ت بونه‌ بڵقی سه‌ر ئاو

به‌ڵێنه‌كانی كارنامه‌ی حكومه‌ت بونه‌ بڵقی سه‌ر ئاو

وڵات:


دوای سوێندخواردنی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی هێڵه‌ گشتییه‌كانی كارنامه‌ی چوار ساڵی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ رۆژی 10ی 7ی 2019 له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاند.


له‌یه‌كه‌م وته‌یدا وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت وتی: ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان و پوخته‌ی به‌رنامه‌ی گشت لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی ناو كابینه‌ی نۆیه‌م رێكخراوه‌ و بۆچوون و پلانی تێكرای به‌شداربووانی ئه‌م كابینه‌یه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت.

مەسرور بارزانی لە بنباری كۆمەڵێك بەڵینی جێبەجێ نەكراودا -بەشێك لەو خالانەی لە كارنامەكەدا یان كاریان هیچ بۆ نەكراوە یان كارەكان زۆر لاواز بوون كە لە ئاستی پێویستدا نەبوون


هێڵه‌ گشتیه‌كانی كارنامه‌كه‌ی دیاری كردبوو به‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێكدا له‌وانه‌ “له‌ ئاستی چاكسازی، خزمه‌تگوزاری، له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندیی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ، ئازادی و دیموكراسی و پێكه‌وه‌ ژیان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌ سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، له‌سه‌ر ئاستی كارگێڕی”.
ئه‌گه‌رچی ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ڵێنیشی له‌ كاتی كاركردنی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ خه‌ڵكیدا به‌ڵام زۆرینه‌یان جێبه‌جێ نه‌كران، ئه‌و خاڵانه‌ی كارنامه‌كه‌ی بارزانی كه‌ تا ئیٍَستا به‌ زه‌قی ده‌رفه‌ت هه‌بوو بۆ هه‌نگاو نان بۆی، به‌ڵام پێشێلكراون یان كاری پێویستیان بۆ نه‌كراوه‌ تا جێبه‌جێ بكرێن زۆرن له‌ هه‌موو باواره‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌.
به‌شێك له‌و خالانه‌ی له‌ كارنامه‌كه‌دا یان كاریان هیچ بۆ نه‌كراوه‌ یان كاره‌كان زۆر لاواز بوون كه‌ له‌ ئاستی پێویستدا نه‌بوون، یان كار كراوه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خاڵانه‌ی له‌ كارنامه‌كه‌دا نوسراون.


چاكسازی؛ به‌ڵێنه‌ فریوده‌ره‌كه‌
له‌ ئاستی چاكسازیدا، چه‌ندین به‌ڵێنی جیاواز و گه‌وره‌ به‌ خه‌ڵكی كوردستان و په‌رله‌مان درا كه‌ له‌ دوای 120 رۆژ له‌ كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ كێشه‌یان تیادا هه‌یه‌ و یه‌كه‌مین خاڵی ئه‌و به‌شه‌ی كارنامه‌كه‌ی حكومه‌ت ده‌ڵێت “كارده‌كه‌ین بۆ چاكسازی له‌ كه‌رتی وه‌زیفه‌ی گشتی، له‌ موچه‌خۆر و خانه‌نشین و چاره‌سه‌ركردن و رێكخستنه‌وه‌ی ده‌وام و گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك كه‌ له‌م كه‌رته‌ كرابێت”.
ئه‌م خاڵه‌ی پلانه‌كه‌ی حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست جێ بگرێت ئه‌گه‌رچی زۆرترین قسه‌ی له‌باره‌وه‌ كرا و زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ناو خه‌ڵكیدا هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پلانی حكومه‌ت وابوو كه‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم تا كاتژمێر 3ی پاشنیوه‌ڕۆ كار بكه‌ن به‌ڵام هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك له‌ سنوری سلێمانی به‌ سیسته‌می ئاسایی تا ئه‌و كاته‌ نامێنێته‌وه‌.


له‌ خاڵی دووه‌میدا ده‌ڵێت “كار ده‌كه‌ین بۆ نه‌هیشتنی ڕۆتین، هه‌رچی زووتره‌ په‌ره‌ به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ئه‌له‌كترۆنیه‌كان ده‌ده‌ین” به‌ڵام هیچ پڕۆژه‌یه‌كی نوێمان رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌ جگه‌ له‌ ته‌واو كاری حكومه‌ت له‌ئه‌لكترۆنیه‌كه‌ی كابینه‌ی پێشوو.

هه‌موو توانامانه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووی هه‌موو جۆره‌ گه‌ندڵیه‌كی دارایی و كارگێڕی ده‌بینه‌وه‌ و رێگرده‌بین له‌ به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی و زێده‌رۆیی بۆ سه‌ر موڵك و مومته‌له‌كاتی هه‌رێم” به‌ڵام له‌ راستیدا تا ئێسٍتا هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی و داگیركردنی موڵكی خه‌ڵكی نه‌دراوه‌ته‌ دادگا كه‌ ناوه‌كه‌ی ئاشكرا بوبێت.
هه‌رچه‌نده‌ خاڵی شه‌شه‌م له‌ پلانه‌ چاكسازیه‌كه‌یدا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ “كارده‌كه‌ین بۆ چه‌سپاندنی شه‌فافیه‌ت له‌ گشت بواره‌ داراییه‌كانی هه‌رێمدا، به‌ تایبه‌ت له‌ بواری داهاته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم و داهاته‌ ناوخۆییه‌كان” به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت یاریده‌ده‌رێكی بۆ كاروباری وزه‌ بۆخۆی دیاری كردووه‌ كه‌ هیچ رۆڵێكی له‌ بواری وزه‌دا نه‌داوه‌ته‌ یه‌كێتی و گۆڕان.


هه‌ر له‌و ته‌وه‌ره‌دا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ “پشتیوانی كاری چاودێریی په‌رله‌مانی”ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌شێكی زۆر له‌ چاودێران ده‌ڵێن لاوازترین خولی په‌رله‌مان ئه‌م خوله‌یه‌ و زۆرتر گوێڕایه‌ڵی حكومه‌ته‌ نه‌ك چاودێری.
له‌ خاڵی یازده‌یه‌م باس له‌وه‌ ده‌كات “سندوقی خانه‌نشینی به‌ پێی یاسای په‌یوه‌ندیدار له‌ هه‌رێم كارا ده‌كه‌ین” به‌ڵام هیچ كارێكی به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، له‌ روی كرداریشه‌وه‌ هیچ كارێك دیار نیه‌.
به‌ڵێنه‌كان شكستخواردووكه‌كان بۆ خزمه‌تگوزاری
كارنامه‌ی خزمه‌تگوزاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت له‌ خاڵی حه‌وته‌می ئه‌و به‌شه‌یدا ده‌ڵێت “كارده‌كه‌ین بۆ زامنكردن و رێكخستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مافه‌ یاساییه‌كانی كارمه‌ند و كرێكارانی كه‌رتی تایبه‌ت، به‌ جۆرێك مافی خانه‌نشینی و كاتژمێره‌كانی كار و بیمه‌ یا خود دڵنیایی ته‌ندروستی و داهاتوویان پارێزراو بێت”به‌ڵام له‌م باره‌یه‌وه‌ حكومه‌ت هیچ كارێكی نوێی دیار نیه‌ و ته‌نها ئه‌و كارانه‌یه‌ كه‌ له‌ كابینه‌كانی پێشتریشدا كراون.
له‌ خاڵی هه‌شته‌می ئه‌و به‌شه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌: خزمه‌تی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان له‌ كاره‌ به‌راهییه‌كانی حكومه‌ت ده‌بێت. هه‌روه‌ها كار ده‌كه‌ین بۆ پێداجوونه‌وه‌ به‌ لیسته‌كانیان و پاكردنه‌وه‌یان له‌و ناوانه‌ی به‌ شێوازی نایاسایی زیادكراو، به‌ڵام تا ئێستا هیچ كارێك له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌كراوه‌.


خاڵی چوارده‌یه‌م كه‌ تیایدا باس له‌ به‌ ئه‌له‌كترۆنی كردنی كاروباری حكومه‌ت ده‌كات دووباره‌یه‌وه‌ و له‌ به‌شی چاكسازیشدا هه‌مان خاڵ بونی هه‌یه‌، له‌ سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندیی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ، كابینه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی پلانی بۆ هیچ گفتوگۆیه‌ك نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نجام ئه‌گه‌رچی به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌ بۆ ماویه‌كه‌ كۆبونه‌وه‌كان دواخراون.

ئەوە جگە لەو بەڵێنانەی وەك دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان و گێڕانەوەی پڕۆژەی چاكسازی بۆ پەرلەمان و دانانی پارێزگاری كەركوك لەگەڵ یەكێتی و زۆر بەڵێنیتر


مه‌سرور بارزانی له‌ خوێندنه‌وه‌كه‌یدا ته‌وه‌رێكیتری بۆ كارنامه‌كه‌ی به‌ ناوی “ئازادی و دیموكراسی و پێكه‌وه‌ ژیان” دانا بوو تیایدا له‌ دووه‌م خاڵی ئه‌و به‌شه‌دا ده‌ڵێت “پێداگری له‌ سه‌ر چه‌سپاندن و به‌هێزكردنی بنه‌ما دیموكراسییه‌كان و ئازادیی و یه‌كسانی و ده‌ستخستنی زانیاری به‌ پێی یاسا بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێم ده‌كه‌ینه‌وه‌”به‌ڵام تا ئێستا نه‌ك هاوڵاتیان به‌ڵكو رۆژنامه‌نوسانیش زانیاری پێویستیان پێنادرێت كه‌ یه‌كه‌م بڕیاری بارزانی ئه‌وه‌ بو كه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران نیه‌ هیچ زانیاریه‌ك به‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كانیانه‌وه‌.


ئه‌گه‌رچی له‌ خاڵی چواره‌می ئه‌و به‌شه‌دا ده‌ڵێت “هاوڵاتیانی كوردستان ئازادن هه‌ر بیروباوه‌رێكی سیاسی له‌ چوارچێوه‌ی ژیانی سیاسیی هه‌رێمدا هه‌ڵبژێرن و نابێ له‌ كوردستاندا هیچ كه‌س له‌سه‌ر بیروباوه‌ری سیاسی و سه‌رپێبوونی حیزبی سزا بدرێت” به‌ڵام یه‌كێتی كه‌ به‌شێكه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ ئاشكرا وتی ئه‌ندامه‌كانمان له‌ سنوری ده‌سه‌ڵاتی پارتی به‌هۆی كاری سیاسیه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێن ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادیش له‌ ئێستادا چه‌ند ئه‌نداێكی له‌ زیندانه‌كاندایه‌.

ئابوری گه‌وره‌ترین ناوه‌ند بۆ چاكسازی به‌ڵام؟!


له‌ ئاستی ئابووری و داراییدا، بارزانی له‌ دووه‌م خاڵدا به‌ڵێنیدا وته‌ئكیدی له‌ “پاراستنی به‌رهه‌می خۆماڵی و پشتیوانیی جوتیارانی هه‌رێم” كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵیش به‌ هه‌مان شێوه‌ی ساڵانی تر جوتیارانی هه‌رێم هه‌مان گله‌یی ساڵانیان هه‌بوو له‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئێرانی و توركی له‌ كاتی پێگه‌شتنی به‌روبومی ئه‌واندا.
ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ی وه‌ك دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی ماڵان و گێڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی چاكسازی بۆ په‌رله‌مان و دانانی پارێزگاری كه‌ركوك له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و زۆر به‌ڵێنیتر كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌ت به‌ڵێندرا، لێره‌دا شیكردنه‌وه‌ ته‌نها بۆ كارنامه‌ی حكومه‌ت كرا.


ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو