لەبارەی وەزیری پەروەردەوە

  • November 21, 2019
  • 429 Views
لەبارەی وەزیری پەروەردەوە

دارا ئەنوەر زۆراب  / كۆمەڵناس 
 تۆ دەزانیت خەریكی چی؟ 
شوێنێكم  پێ بڵێ لەم سەر زەمینە جگە لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان ، بڕوانامەی دبلۆم هەڵسەنگاندن بۆ بە كالۆریۆس‌و ماستەرو  دكتۆرا بكات. نا هاوسەنگی لەوانی تریش.
تۆ دەزانی خەریكی چیت؟ 
كاتێك دەیان باخچەی ساوایان‌و دەیان خوێندنگەی سەر بە وەزارەتی پەروەردە ، موڵكی میللەتەو بە هەر یاساو ڕێسایەك درابێت بە چەند كەسێك بەناوی پەروەردەی ئەهلی بۆ پارە پەیدا كردن بۆ چارەكە سەدەیەك. نەتتوانیەوە یەك بینا وەربگریتەوە. 
تۆ دەزانیت خەریكی چیت؟ 
ئەگەر دەتەوێت گۆڕانكاری بكەیت ، دەبێت لەماوەی  چەند مانگێك هەرچی پۆستی بەڕێوەبەرە لە هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنیتەوە ،لەسەر بنەما ئەكادیمی‌و زانستی‌و لێهاتووییەكانی سەردەم  بە دەرفەتی یەكسان بۆ هەموان بەڕێوەبەر وەك پۆست وەربگیرێت. 
ئەمە بەڕێوەبەرو پۆستەكانی تری ناو پەروەردەكان‌و وەزارەتیش بگرێتەوە .
تۆ دەزانیت خەریكی چیت؟ 
تاوەكو ئێستا زۆرینەی گشتی خوێندكار لە قوتابخانە ناتوانن فێری زمانی ئینگلیزی یان عربی ببن . 
تۆ دەزانیت خەریكی چیت؟ 
سیستەمی بریتش كاونسل، نە كۆپی پەیستەو نە دراسە كراوە بە پێی جۆری كۆمەڵگە، ئەوەی لێوەی دروست دەبێت گۆڕانكاری بچوكە، گۆڕانكاری گەورە نیەو سوڕانەوەیە لە دەوری بازنە.
تۆ دەزانیت خەریكی چیت؟
تاوەكوو ئێستا لە خوێندنگەكانی كوردستان موزیك‌و سەما ناكرێت، تائێستا گەشتی سەردانی وڵاتان ناكرێت، تائێستا كچان‌و كوڕان وەك ئاگرو بەنزین مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت،  پەروەردەكاران هەمان وێنای پەروەردەی دەنگی مەلای مزگەوتەكانە. 
تۆ دەزانیت خەریك چیت؟ 
لە چەند ساڵی ئاییندە خوێندنگەكان وەك مزگەوتەكانی لێ دێت، بەناوی ئەم كەس‌و ئەو كەس‌و ئەم ئاغاو ئەو عەشیرەت‌و ئەو گوندەوە دەبێت.
تۆ دەزانیت خەریك چیت؟ 
لە هەموو دونیا ژمارەی كاتژمێرەكانی مانەوەی خوێندكار لە قوتابخانە زیاد دەكرێت، لە هەرێمی كوردستان بە هۆی دوو دەوام‌و سێ دەوام ‌و گەندەڵی كەم دەبێتەوە. كە ناكاتە نیوەی ئەوەی لە وڵاتانی پێش كەووتودا هەیە.
تۆ دەزانیت خەریك چیت؟ 
بنەمای زانستی بەگشتی غیابە ، بۆیە گرنگترین شت، دەبێت هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم پۆستی سەرپەرشتیاری بێت لە هەرێمی كوردستان  بكرێتە بنەمایەك بۆ گۆڕانكاری‌و بنەمای زانستی وئەكادیمی‌و دادپەروەری‌و یەكسانی بۆ هەموان بكرێتە، دەروازەی بەشداری بون‌و بون بە سەرپەرشتیار .
تۆ دەزانیت خەریك چیت؟
 توندوتیژی بەرامبەر بە كچان‌و ژنان لەناو پەروەردەی ئەهلی لە لوتكەدایە بەتایبەت توندوتیژی دەرونی‌و ئابوری‌و هەست‌و سۆزو دەست درێژی كردن. 
تۆ دەزانیت خەریك چیت؟ سەدان  خوێندنگە لە كوردستان تووێژەری كۆمەڵایەتی نیە. 
ئیتر ، هیوادارم خەریكی گۆڕانكارییە گەورەكان بیت ، نەك گۆڕانی سوڕانەوە بە دەوری بازنەكاندا.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو