هۆشیار عەبدوڵا وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە

  • December 8, 2019
  • 309 Views
هۆشیار عەبدوڵا وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە


دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە وتاری راگەیاندنی دەستکەوتەکانی کابینەکەی لەماوەی 100 رۆژدا رایگەیاندبوو کابینەکەی لە مەسەلەی شەفافیەتدا بەرەو پێشەوە چووەو هاوڵاتیان دەتوانن ئاگاداری داهاتی نەوتبن، پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەڵامی دەداتەوەو رایدەگەیەنێت شەفافیەت بە یاسا بەرجەستە دەبێ نەک قسە، ئاماژە بەوەشدەکات گرنگترین داواکاری گۆڕانی سەردەمی نەوشیروان مستەفا هەبونی بودجەبوو.

هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەتویتێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایدەگەیەنێت: تا حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجە نەکاتە پرۆژە یاسا و نەینێرێتە پەرلەمان و خەلک نەزانێت داهات و خەرجی چەندە و چۆنە، هەر باسکردنێکی شەفافیەت جگە لە قسە هیچیتر نیە.

هۆشیار عەبدوڵا بە سەرسوڕمانیشەوە دەپرسێت: “ئەوە چ حکومەتێکە کە بێ یاسا داهات و خەرجی ئیدارە دەدا و باسی سەروەری یاساش دەکا؟، جەختیش لەوەدەکاتەوە شەفافیەت بە یاسا بەرجەستە دەبێ نەک قسە.

لە تویتێکی تردا ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەنوسێت: ‏پاساوەکانی نەبونی یاسای بودجە لە هەرێم ناراستن، بودجە کۆمەڵێک ژمارەی گریمانەییە داهات و خەرجی رێکدەخا، یەکێک لە گرنگترین داواکانی گۆڕانی سەردەمی ⁧‫نەوشیروان مستەفا‬⁩ بودجە بو، وایکردبو داپیرەیەکی نەخوێندەواریش لە گەرمیانەوە بڵێ (گەرەکە بودجە شەفاف بێ).

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەدەخاتەروو کەوا چەندین ساڵە هەرێم بێ یاسای بودجەیە!

دوێنێ ئێوارە مەسرور بارزانی لە وتارێکدا باسی کارەکانی 100 رۆژەی کابینەکەی کرد، کە هەر زوو لەلایەن نوسەران و چالاکوانانەوە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی رووبەڕووی رەخنە بویەوەو بەشێکی زۆری ئیدیعاکانی بنەبڕکردنی گەندەڵی و هەبونی شەفافیەت لە داهات و پارەی نەوتیان رەتکردەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو