وڵات
دواى زیاتر لە دە رۆژ تیپەربووە بەسەردەست لەکارکیشانەوەى عادل عهبدولمههدی داوا لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار دەکرێت گوێ لە دەنگی گەل بگرێت و یەكێك لە كاندیدەكانی خۆپیشاندەران بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ رابسپێرێت.
سەلام شممەری ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی ئیئتیلافی سائیرون لەبەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای تێپەڕبونی 16 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی دیكتاتۆری و دەستپێكردنی پرۆسەی سیاسی، ئێستا عیراق لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژوویدایە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، گەل لە رێگەی خۆپیشاندان و مانگرتنە بەردەوامەكانیانەوە بەدەنگی بەرز دەڵێت “دوبارەكردنەوەی حكومەتی پشككاری بەهەمان دەموچاوەكانی پێشوەوە رەتدەكەینەوە و ناگەڕێینەوە ماڵەكانمان تا ئەوەی دەمانەوێت بەدەستی نەهێنین، ئەویش بنیادنانی عیراقێكی نوێیە لەسەر بنەما نەتەوەییەكان”.
پەرلەمانتارەكەی سائیرون بە پێویستی دەزانێت سەرۆك كۆمار، كە پارێزەری دەستورە لە ئاست بەرپرسیارێتیەكەیدا بێت و گوێ لە دەنگی گەل بگرێت، هەروەها دەرگا لەبەردەم نوێنەرەكانیاندا بكاتەوە و بەدەم داواكاریەكەیانەوە بچێت بۆ راسپاردنی سەرۆك وەزیرانێكی سەربەخۆ، كە بەشێك نەبوبێت لە پرۆسەی سیاسی ئێستا.