چاکسازی ڕیشەیی یا فریوسازیی هەمیشەیی؟!

  • December 17, 2019
  • 332 Views
چاکسازی ڕیشەیی یا فریوسازیی هەمیشەیی؟!

هۆشیار عەبدوڵا

(وا پەروەردە نەکراوین بە هەمو دوعایەک بڵێین؛ئامین)

ئەگەر ئەم یاسایەی ناوینراوە چاکسازی و حکومەت ناردویەتە پەرلەمان بڕێکی کەمیش پارەی بەهەدەر دراوی خەڵکی هەرێم بگەڕێنێتەوە لەگەڵیداین و پشتیوانی دەرچواندنی دەکەین بونی لە نەبونی بە باشتر دەزانین،بەلام ئایا وەک ئەوەی حکومەت ناردویەتی بە فعلی چاکسازیە؟!

قسەکە لەسەر ئەوە نیە کێ لەگەڵە و کێ دژە،هەمو جۆرە چاکسازیەک لەگەڵدابونی ئەرکێکی نیشتیمانیە،بەڵام ئایا ئەو یاسایە وەک فویتێکراوە وایە و چاکسازی دەکا یان نا؟!

ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەم خولەی پەرلەمانە کە وا بکا گۆڕانکاری ریشەیی لە یاساکەدا بکا و بە تەواوی بیگۆڕێ یان لانیکەم موچە و خانەنشینی پلە باڵاکان بێنێتە خوارەوە و دەرەجەکانی خوارەوە سەربخا.

هەمو هەنگاوێک بە ئاراستەی رێگری لەو فەزیحەیەی لە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدایە گەورە بێت یا بچوک پیرۆزە بەڵام خۆڵکردنە چاوی خەڵک تاوانە.

چەند رۆژێکە هەڵمەتێک لە دژمان بەڕیوە دەچێت گوایە دژی یاسای چاکسازین،نەخێر دژی هیچ هەوڵێکی گۆڕانکاری و چاکسازی نین بە ئاراستەی باشەدا بەڵام وا پەروەردە نەکراوین بە هەمو دوعایەک بڵێین؛ئامین ، چونکە؛

کاتێک یاساکە دەبێتە چاکسازی کە ؛

یەکەم:جیاوازی نێوان زۆرترین موچە و کەمترین موچە لە چوار بۆ پێنج جار زیاتر نەبێت(هەمان بۆچون و داوامان لە لیژنەی دارایی بۆ پلە بەندی
موچە لە عێراقیشدا پێشکەش کردوە)

دووەم:موچە و خانەنشینی پلە باڵاکان وەک بەغدادی لێبکرێت بە شیوەیەک بەرزترین ئاستی خانەنشینی پلە بالاکان لە دو ملێۆن زیاتر نەبێت نەک پێنج ملێۆن و شەش ملێۆن بێت.

سێیەم:کەمترین بڕی خانەنشینی لە پێنج سەد هەزار دینار کەمتر نەبێت.

چوارەم:تا کەی موچەی پێشمەرگە کەمتر یا نیوەی موچەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بێت؟! تاکەی لیستەکەیان پاک ناکەنەوە لە ناوی دوبارە و بندیوار تا بتوانن موچەکانیان هاوتای هێزە چەکدارەکانی عێراق بکەن،گۆرینی ژیان و بژێوی پێشمەرگە بە چاکسازیە موزایەدە بەناو پێشمەرگەوە بێ ئەوەی لا لە گوزەرانیان بکەیتەوە تاوانە.

هەتا بهاتایە سەر باسی چاکسازی هەرگیز نەوشیروان مستەفا بە گوزارشتێکی عام و ئینشائیی نەیدەگوت چاکسازیمان دەوێت ئەگەر ئاماژە یا رەهەندەکانی (ریشەیی بونی)بۆ زیاد نەکردایە.واتا بەردەوام داوای(چاکسازی ریشەیی)دەکرد و بە هەمو بەڵێنێک(بەناوی چاکسازی) فریوی نەدەخوارد!

جا با ڕون بێت و واز لە هەڵبەستن و بوهتان بێنن لە میدیاکانتانەوە؛ دژی چاکسازی نین بەڵام چاکسازی ریشەییمان دەوێت.

پاشان ئادەی با حەق و حسابێک بکەین بێ زەحمەت،حزبێک دەیان ساڵ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی بەدەستەوە بوبێت و تا ئێستا لیستێکی موچەی رێکوپێکی پێ ئامادەنەکرابێت،روی نەیەت بە گوێرەی یاسای موازەنەی ۲٠۱۹ لیستی موچە بنێرێ بۆ وەزارەتی دارایی عیراق،نەتوانێ لیستێک بۆ پێشمەرگە رەوانەی وەزارەتی بەرگری بکا تا ئەوەی لە موازەنەدا بۆیان دیاریکراوە وەربگرێ،دەبێ سزا بدرێت یا هێشتا ئەو روی هەبێت قسە بکات؟ دەبێ بدرێتە دادگا و روی نەیەت باسی حوکمڕانی و دەوڵەتداری بکا ، نەک روی بێت بۆ ریکخستنەوەی پڕ کەموکوڕی لیستی موچە ئەو هەمو هەڵایە دروست بکا و خۆی لێ بوبێتە سوپەر چاکساز و موزایەدەی بێتام بێتام بەسەر ئێمەوماناندا بکا کە لە ۲٠٠۹ ەوە بێ پسانەوە هاواری (چاکسازی ریشەیی)دەکەین.

تابلۆی سیاسەت و میدیا بە پارەی دزراوی نەوت لەم هەرێمەدا هێندە شێواون، ئەوەی ماڵەکەیی و رابردوی دور و نزیکی لە شوشەی زۆر تەنکە ڕوی دێت و شەرمناکات لەهەمو کەس زیاتر بەرد بگرێتە خەڵکیتر.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو