ئاژانسى وڵات
بنكۆڵكارى ڕۆجیار هێمن
ئیگۆر سێچین، ملیاردێرى ڕوسى و به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى كۆمپانیاى ڕوسنه‌فت، كه یه‌كێكه له نزیكترین كه‌سایه‌تیه‌كان له ڤلادیمێر پوتینى سه‌رۆكى ڕوسیا و له‌و وڵاته به (پیاوى سه‌روو یاسا) و (دووه‌مین پیاوى به‌هێزى ڕوسیا) ناسراوه، بووه‌ته جێبه‌جێكارى قوماره جۆراوجۆره‌كانى وڵاته‌كه‌ى به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا له عێراق، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌كارده‌هێنێت.
ئیگۆر سێچین كێیه؟
ئیگۆر ئیڤانۆڤیج سێچین، له ٧ى ئه‌یلولى 1960 له شارى سه‌ینت پیترسبێرگ هه‌مان ئه‌و شاره‌ى كه ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكى ڕوسیا تێیدا له‌دایكبووه، له‌دایكبووه. خێزانه‌كه‌ى سێچین، كرێكاربوون له كارگه‌یه‌كى خاوێنكردنه‌وه‌ى كانزادا له‌و شاره كاریانكردووه، به پاره‌ى كرێكارى ئیگۆر و ئیریناى خوشكى كه دووانه‌بوون خراونه‌ته به‌ر خوێندن. ئه‌م به‌رپرسه ڕوسییه ئه‌و كاته‌ى كه له‌قوتابخانه‌بووه، ده‌ستى كردووه به فێربوونى زمانى فه‌ڕه‌نسى، دواتر له ساڵى 1984 له زانكۆى لینینگراد به‌شى زمانه‌كانى فه‌ڕه‌نسى و پرتوگالى ته‌واوكردووه. له ساڵى 1980 له‌كاتێكدا كه هێشتا خوێندكاربووه وه‌ك وه‌رگێڕى راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ وه‌فده بازرگانى و دیپلۆماتییه‌كانى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت له مۆزه‌مبیق و ئه‌نگۆلا كاریكردووه.
له‌ڕووى ژیانى تایبه‌تییه‌وه سێچین، باوكى كوڕ و كچێكه به‌ناوه‌كانى ئیڤان و ئینگا كه ئیڤان له ساڵى 1989 له‌دایكبووه، ئینگا له ساڵى 1982 له‌دایكبووه، دایكیان نادیاره. دواتر له ساڵى 2011 هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ئۆلگا ڕۆڤكۆڤا، یه‌كێكه له خانمه شۆخوشه‌نگه‌كانى ڕوسیا كردووه، له ساڵى 2017 به‌هۆى خیانه‌تى ئه‌و خانمه له‌گه‌ڵ كوڕێكى ئیتاڵى لێی جیابووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ى ئه‌و خانمه سه‌روه‌توسامان و ماڵوموڵكێكى زۆرى له سێچین وه‌رگرتووه.
سێچین چۆن بووه “دووه‌م به‌هێزترین پیاوى ڕوسیا”؟
تێكه‌ڵبوونى سێچین له كارى سیاسى، یه‌كه‌مین هه‌نگاوه‌كانى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵى 1980 كه كارى وه‌رگێڕى كردووه، چونكه دواى ماوه‌یه‌ك بووه‌ته یه‌كه‌مین پیاوى هه‌ڵبژێردراوى كۆمیته‌ى ئاسایشى یه‌كێتى سۆڤێتى جاران، بۆ به‌قاچاخبردنى چه‌ك بۆ ئه‌مریكاى لاتین و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. پاش تێپه‌ڕینى ماوه‌یه‌ك و له ساڵى 1988 بۆ 1991 سێچین ده‌ستیكردووه به كاركردن له به‌شى په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى كۆمیته‌ى شارى لینۆسۆڤێت له لینین گراد (سه‌ینت پیترسبێرگ)ى ئێستا، دواتر به‌هۆى كاره‌كه‌یه‌وه له گه‌شتێكدا بۆ وڵاتى به‌ڕازیل له ساڵى 1990، چاوى به ڤلادیمێر پوتین ده‌كه‌وێت، راسته‌وخۆ له‌دواى ئه‌و گه‌شته سێچین هێنده له پوتین نزیكده‌بێته‌وه كه ده‌چێته ئه‌نجومه‌نى لینینگراد و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و سه‌رۆكه‌دا كارده‌كات. ئه‌م په‌یوه‌ندییه به‌و ساده‌ییه نامێنێته‌وه به‌ڵكو ئه‌م دوو هاوڕێ نزیكه له ساڵى 1996، به‌یه‌كه‌وه رووده‌كه‌نه مۆسكۆ بۆ سیاسه‌تكردن و له وه‌زاره‌تى ئابورى ده‌ستبه‌كارده‌بن، له حكومه‌ته‌كه‌ى بۆریس یه‌ڵتسن، كاتێك كه ئه‌م سه‌رۆكه له ساڵى 1999 پوتین ده‌كاته سه‌رۆك وه‌زیرانى حكومه‌ته‌كه‌ى، راسته‌وخۆ سه‌رۆك وه‌زیران، سێچینى هاوڕێى ده‌كاته جێگرى سه‌رۆكى نوسینگه‌كه‌ى، كاتێكش كه له ساڵى 2004 پوتین ده‌بێته سه‌رۆكى ڕوسیا، راسته‌وخۆ هاوڕێ نزیكه‌ى ده‌كاته جێگیرى سه‌رۆكى نوسینگه‌ى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى.
تێكه‌ڵبوونى سێچین له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت، درێژه‌ى كێشا تا له ساڵى 2008 بووه جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رپرسى كه‌یسى وزه له كابینه‌ى دووه‌مى حكومه‌ته‌كه‌ى پۆتیندا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش ئه‌م به‌رپرسه كه‌مترین ده‌ركه‌وتنى هه‌یه له میدیاكان، ژیانى زۆر شاراوه‌یه، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وامبووه‌ته جێگه‌ى سه‌رنج تا له‌ساڵى 2003 گۆڤارى (كۆمه‌رسێنت ڤلاست) له‌سه‌ر ژیانه شاراوه‌كه‌ى راپۆرتێكى بڵاوكرده‌وه، ئاشكرایكرد “سێچین په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ ده‌زگا سیخوڕ‌ى و سه‌ربازییه‌كانى ڕوسیا هه‌یه، هه‌ربۆیه كه‌مترین كات ده‌رده‌كه‌وێت”.
سێچین چۆن وازى له سیاسه‌ت هێناو و بووه به‌رپرسى كۆمپانیاى روسنه‌فت؟
تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ هاوكێشه سیاسی و هه‌واڵیرییه‌كان، زۆركات واده‌كات رۆڵه‌كانیش بگۆڕێن، ره‌نگه ئه‌مه راستترین هاوكێشه بێت بۆ كه‌سێكى وه‌ك كه‌یسه‌كه‌ى ئیگۆر سێچین، چونكه سێچین ئێستا له كه‌سێكى سیاسى و هه‌واڵگرییه‌وه بووه‌ته بازرگانێك كه په‌یڕوى سیاسه‌ته‌كانى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات له‌و وڵاته تازه‌پێگه‌یشتووانه‌ى كه كه‌رتى وزه‌یان به‌هێزه، به مه‌به‌ستى ركابه‌ریكردنى ئه‌مریكا.
له مانگى ئایارى 2012، سێچین به‌شێوه‌یه‌كى رووكه‌شى له سیاسه‌ت دوركه‌وته‌وه، بووه به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى روسنه‌فت، به‌ڵام ته‌نیا چوار ساڵ له‌دواى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌ى سێچین، بووه‌هۆكارى ئاشكراكردنى “كه‌یسێكى به‌رتیل”ى ئه‌لێكسى یوڵوكایێڤ، وه‌زیرى پێشووى ئابورى ڕوسیا، تۆمه‌تبارى كرد به به‌كارهێنانى كه‌رتى وزه بۆ مه‌به‌ستى تایبه‌تى خۆى و به‌رتل وه‌رگرتن به بڕى 2.2 ملیۆن دۆلار، كه دواتر سزاى هه‌شت ساڵ زیندانى به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.
ئه‌وه‌ى له‌م بابه‌ته‌دا دواتر بووه جێگه‌ى سه‌رنج ئه‌وه‌یه، سێچین هه‌رچه‌نده خۆى ئه‌م كه‌یسه‌ى ئاشكرا كرد، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان تێوه‌یگلا، چونكه كاتێك كه دادگاى ڕوسیا داواى لێ‌كرد بچێته به‌رده‌م دادگا بۆ شاهێدیدان، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕه‌تیكرده‌وه و ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و كاره بكات، پاشان میدیاكانى ڕوسیا ئاشكرایانكرد ئه‌و به‌رپرسه، خۆشى تێوه‌گلاوه له‌و كه‌یسه، پاشان خۆى ئاماده‌نه‌بوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قسه‌ى له‌سه‌ر بكات.
په‌یوه‌ندى نێوان سێچین و نێچیرڤان بارزانى چیه؟
نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى پێشووى هه‌رێم و ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكى ڕوسیا
نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى پێشووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له به‌روارى 9ى ئایارى 2018، به سه‌ردانێك گه‌یشته مۆسكۆى پایته‌ختى ڕوسیا، به‌شداریكرد له یادى جه‌نگى مه‌زنى نیشتیمانى ئه‌و وڵاته، پێگه‌ى فه‌رمى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ یه‌كه‌مجار بڵاویكرده‌وه “سه‌رۆكى حكومه‌ت چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكى روسیا ئه‌نجامداوه”. ئه‌مه‌ش له‌دواى له‌دواى فرۆشتنى بۆرى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بوو له هه‌مان ساڵدا به كۆمپانیاى ڕوسنه‌فت به بڕى ملیارێك و 800 ملیۆن دۆلار.
له‌دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م هه‌واڵه، چیتر په‌یوه‌ندییه‌كانى سێچین و ئاشتى هه‌وارمى، وه‌زیرى پێشووى سامانه سروشتییه‌كان و نێچیرڤان بارزانى به شاراوه‌ى نه‌مانه‌وه، چونكه چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پوتین، بووه یه‌كه‌مین به‌ڵگه‌ى سه‌لمێنه‌رى ئه‌و په‌یوه‌ندییه.
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان كه له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێچیرڤان بارزانى و سێچین ده‌ستكه‌وتوون، له سه‌رچاوه‌یه‌كى باوه‌ڕپێكراوه‌وه “ئیگۆر سێچین له مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2017 و ته‌نیا 5 ڕۆژ له‌دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم نامه‌یه‌كى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق كردووه و پێشنیارى كارى هاوبه‌شى خستووه‌ته به‌رده‌میان به مه‌به‌ستى په‌ره‌پێدانى كاره‌كانیان له كێڵگه‌كانى باشورى عێراق، به‌ڵام حكومه‌تى فیدراڵى هیچ وه‌ڵامێكى ئه‌وتۆى بۆ نامه‌كه‌ى سێچین نه‌بووه، بۆیه روویكرده هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى و ئاشتى هه‌ورامى، كۆبووه، پێشنیارى فرۆشتنى بۆرى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان بۆ كردن، له‌پاش ئه‌مه ورده‌ورده په‌یوه‌ندییه‌كه پته‌وتربوو تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ى سێچین له‌سه‌ر داواى نێچیرڤان بارزانى چاوپێكه‌وتنێكى چه‌ند خوله‌كى له‌نێوان پوتین و نێچیرڤان بارزانى رێكخست”.
له‌باره‌ى ئه‌و یارییه‌شى كه ڕوسیا به به‌كارهێنانى ڕوسنه‌فت و له‌ڕێگه‌ى سێچینه‌وه ده‌یكات ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ده‌شڵێ: “پێشتر كۆشكى كریملن كۆمپانیاى ڕوسنه‌فتى وه‌ك ئامێرێك به‌كارهێناوه بۆ زیادكردنى هه‌ژمونى سیاسى خۆى له هه‌ولێر، ته‌واوى جیهاندا”.
ئیمس هۆكستۆین كه راوێژكارى تایبه‌تى بوارى وزه‌بووه له ئیداره‌كه‌ى باراك ئۆباما، سه‌رۆكى پێشوى ئه‌مریكادا له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “كۆمپانیاى روسنه‌فت و كۆمپانیاكانى تر‌ى روسیا له بوارى وزه‌دا بیر له قازانج ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام وه‌ك یه‌كه‌ى سیاسیش رۆڵده‌بینن له‌كاتى پێویستدا”.
ئه‌و راوێژكاره ئاماژه به‌وه‌شده‌كات: “راسته هه‌موو ئه‌و ئیشانه‌ى كه ده‌یكه‌ن سیاسى نین، به‌ڵام كاتێك كه سه‌رۆك پۆتین ویستى له‌سه‌ربێت رێككه‌وتنى سیاسى بكه‌ن یان رۆڵى سیاسى بگێڕن راسته‌وخۆ و به‌بێ گومان ئه‌و كاره ده‌كه‌ن. پێویسته ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه روسیا ئامرازى زۆرى هه‌یه بۆ پیاده‌كردنى هه‌ژمونى سیاسى، به‌ڵام وزه یه‌كێكه له كاریگه‌رترینیان”.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌كه ئاشكرایده‌كات: “ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه له به‌رپرسانى هه‌رێم، به‌هۆى فه‌رامۆشكردنى به‌رپرسانى به‌غداوه، باشترین هه‌لبوو بۆ ڕوسیا، كه له‌ڕێگه‌ى ڕوسنه‌فته‌وه هه‌ژموونى سیاسى خۆى له عێراق بسه‌لمێنێت، ئێستاش به‌ویستى خۆى له دژى ئه‌مریكا له عێراق یارى ده‌كات ته‌نیا به‌و په‌یوه‌ندییه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان به گشتى و ئاشتى هه‌ورامى و نێچیرڤان بارزانى به تایبه‌تى هه‌یه‌تى”.
ئه‌وه‌ى له‌دواى ئه‌م بابه‌ته‌وه زیاتر بووه سه‌لمێنه‌رى په‌یوه‌ندییه پته‌وه‌كه‌ى نێوان نێچیرڤان بارزانى و سێچین، بریتی‌بوو له‌و پرسه‌نامه‌یه‌ى كه سێچین به‌بۆنه‌ى كۆچى دوایی دلۆڤان بارزانى، براى ئیدریس بارزانییه‌وه ئاراسته‌ى نێچیرڤان بارزانى كرد.
شیكه‌ره‌وانى سیاسى له‌باره‌ى ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌وه ده‌ڵێن: “سێچین هاوشێوه‌ى دووه‌مین وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا رۆڵده‌بینێت. یان ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى تر بیڵێین ئه‌و به‌رجه‌سته‌كارى هێزى ئابورى پشت سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى روسیایه، له ئێستاشدا سه‌رجه‌م وه‌ره‌قه‌كانى ئه‌و قوماره‌ى كه ده‌یكات له عێراق له‌ده‌ستیدان و هه‌رێمى كوردستانیش به‌هێزترینیانه، كه به‌رده‌وام قومارى پێوه‌ده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌رپرسانى هه‌رێم نه‌توانن خۆیان بكشێننه‌وه، زۆر زیاتر له‌وه‌ى ئێستا زیانیان پێده‌كات، چونكه ئه‌و شه‌ڕه‌شى كه ئێستا به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى گرتووه بووه‌ته‌هۆكارى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكنه‌كه‌وێت به‌شێكى زۆرى په‌یوه‌ندیى به‌م بابه‌ته‌وه هه‌یه”.
بۆچى سێچین هه‌رێمى كوردستانى زۆر به‌لاوه گرنگه؟
كۆمپانیاى ڕوسنه‌فت به سه‌رۆكایه‌تى ئیگۆر سێچین، له ئێستادا له پێنج كێڵگه‌ى نه‌وتى له هه‌رێمى كوردستان كارده‌كات، له راپۆرتى ساڵانه‌ى خۆیدا كه له ساڵى (2017) پێشكه‌شى ئه‌نجوومه‌نى پێوانه‌سازى ژمێریارى نێوده‌وڵه‌تى جیهانى (IFRS) ى كردووه، ئاشكرایكردووه “وه‌ك به‌شێك له گرێبه‌سته‌كه‌یان له سه‌ره‌تادا 2.1 ملیار دۆلارى داوه به حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دواتریش خۆى بڵاویكردووه‌ته‌وه كه به گوژمه‌یه‌كى تر، 1.3 ملیار دۆلارى داوه به حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كۆى ساڵه‌كه‌ش زیاتر له 3 ملیار دۆلارى داوه به هه‌رێم”. كه له‌وكاته‌دا بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزى گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌كارهاتووه”.
دكتۆر عیزه‌ت سابیر، سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى پێشووى له په‌رله‌مانى كوردستان له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌شێك له‌و پاره‌یه‌ى داوه به قه‌رزى كۆمپانیاى دانه گاز و دوو ملیاره‌كه‌ى تریشى ته‌رخانكردووه بۆ دروستكردنى بۆرى گاز بۆ گواستنه‌وه‌ى گاز له هه‌ولێره‌وه بۆ به‌نده‌رى جه‌یهان له توركیا، به‌ڵام هێشتا ئه‌و بڕه پاره‌یه وه‌رنه‌گیراوه و كاركردن له پرۆژه‌كه‌ش ده‌ستى پێنه‌كردووه”.
له‌و باره‌یه‌وه شیكه‌ره‌وه‌یه‌كى بوارى سیاسى كه نایه‌وێت ناوى بڵاوبكرێته‌وه ده‌ڵێت: “هه‌رێمى كوردستان جگه له‌و قازانجه ئابورییه زه‌به‌لاحه‌ى كه بۆ كۆمپانیاى روسنه‌فت ده‌یهێنێت، له‌ڕووى سیاسیشه‌وه كاریگه‌رى زۆره، چونكه له ئێستادا هه‌رێم له هه‌موولایه‌كه‌وه به‌داوى قه‌رزه‌كانى ئه‌م كۆمپانیایه ته‌نراوه، ناتوانێت له سیاسه‌ته‌كانى لابدات، ئه‌ویش به ویستى خۆى بۆ مه‌به‌ستى ئابورى و سیاسى ئه‌م نێچیره بچوكه‌ى كه له‌ناو ده‌سته‌كانیدا به‌كاریده‌هێنێت”.
ئیگۆر سێچین چۆن ئیمپڕاتۆریه‌ته‌كه‌ى بونیادناوه؟
]
سێچینى سیاسه‌تمه‌دارى رابردوو و بازرگانى ئێستا، له‌دواى بوونى به به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیانى ڕوسنه‌فت، ڕۆژبه‌ڕۆژ سه‌روه‌توسامانه‌كه‌ى زیاتر ده‌بێت، به‌ڕاده‌یه‌ك ئێستا له ڕوسیا به (ملیاردێره خۆشبه‌خته‌كه) ناوى ده‌برێت.
به گوێره‌ى ڕاپۆرته‌كانى گۆڤارى فاینانشیاڵ تایمز، سێچین به‌شێوه‌یه‌كى ڕه‌سمى خاوه‌نى 83 ملیۆن دۆلار، سه‌روه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا رووكه‌شه چونكه له ڕاستیدا ئه‌م هاوڕێ نزیكه‌ى پوتین خاوه‌نى 22 ملیار دۆلار سه‌روه‌ته، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى خاوه‌نى 0.127%ى پشكه‌كانى كۆمپانیاى روسنه‌فته له ئێستادا.
پاره‌ى مووچه‌ى مانگانه‌ى سێچین، دووباره گفتوگۆى زۆرى له‌سه‌ره، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كى ڕه‌سمى ئاشكرابووه، ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌ره مانگانه بڕى 295,000 بۆ 390,000 مووچه له ڕوسنه‌فت وه‌رده‌گرێت.
ئه‌و خانووه‌ى ئێستا سێچین و خێزانه‌كه‌ى تێیدا ده‌ژین، له‌سه‌ر زه‌وییه‌ك به نرحى 110 ملیۆن دۆلار بوونیادنراوه، خۆشى نرخه‌كه‌ى ده‌گاته 60 ملیۆن دۆلار، ده‌كه‌وێته نزیك كۆشى سه‌رۆكایه‌تى ڕوسیا له مۆسكۆ.