نۆ ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات تێدەپەڕێت

  • February 16, 2020
  • 415 Views
نۆ ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات تێدەپەڕێت

وڵات

نۆ ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی حەڤدەی شوباتی 2011 تێپەڕی، بەڵام هێشتا زۆرینەی ئەو داخوازیانەی خەڵكی هێنایە سەرشەقام بەدینەهاتوون، تا ئێستاش داواكاری سەرەكی هاوڵاتیانی كوردستان دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو كارەباو سوتەمەنی و باشكردنی رێگاوبانەكان و رادەستكردنی ئەو كەسانەیە كە تۆمەتبارن بە كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران.

ئەوكات خۆپیشاندەران زیاتر لە 60 رۆژ بە بەردەوامی لەسەر شەقام بوون، بەڵام خۆپیشاندانەكان تەنها سنووری سلێمانی و شارەكانی دەوروبەری گرتەوە، دەسەڵاتدارانی هەولێر بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنی توند رێگەیان نەدا شەپۆلی خۆپیشاندانەكان بگاتە سنوورەكەی ئەوان، كۆی خۆپیشاندانەكانیش 10 شەهیدی و سەدان برینداری لێكەوتەوە.

هەرچەندە لە ماوەی رابردودا لە چەند كاتێكی جیاوازدا فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند تۆمەتبارێكی كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران دەرچووە، بەڵام هێشتا كەسیان دەستگیرنەكراون و حزبەكانیان ئامادەنین رادەستی دادگایان بكەن.

پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات بەرئەنجام و درێژكراوەی ئەو شەپۆلە خۆپیشاندانانە بوو كە بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی گرتەوەو بە بەهاری عەرەبی ناسرا، بەڵام پێچەوانەی وڵاتە عەرەبیەكان كە بوویە هۆی رووخانی بەشێك لەو رژێمانەو دوورخستنەوەی دەسەڵاتدارەكانیان، لە هەرێم بە بێ بەدیهاتنی ئامانجەكانی كۆتایی پێهات.

لەگەڵ ئەوەی داواكاری خۆپیشاندەران بەدینەهات، هاوكات بەشێك لە كارەكتەرەكانی ئەو كاتی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات سوودی گەورەیان لەو خۆپیشاندانانە بینی و بەهۆیەوە بوونە كاربەدەست و پەرلەمانتار، لە ئێستاشدا ئەو كەسانە رووبەڕووی رەخنەی خۆپیشاندەرانی ئەوكاتی 17ی شوبات بوونەتەوە بەوەی چوونەتە دەسەڵات و پشتیان لە دروشمەكانی خۆیان كردووە.

ساڵانەش لە رۆژی 17ی شوباتدا كەسوكاری شەهیدانی خۆپیشاندانەكان نیگەرانی خۆیان لە بێ باكی دەسەڵات دەردەبڕن كە چۆن دەستی چووەتە رۆشتنی خوێنی رۆڵەكانیان، هاوكات رەخنەی ئەوەش ئاڕاستەی ئەو حزبانە دەكەن كە ئەو كات ئۆپۆزسیۆن بوون و چەندین بەڵێنیان پێدابوون، بەڵام هاوشێوەی حزبەكانی دیكە ئەوانیش كە دەستیان بە دەسەڵات گەشت پشتیان لێكردن.

لەلایەكی دیكەوە باس لەوەدەكرێت پەرتەوازەیی خۆپیشاندەران لە نێو خۆیان و قۆستنەوەی خۆپیشاندانەكان بۆ مەرامی شەخسی لەلایەن هەندێك لە خۆپیشاندەرانەوە وایكرد خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات بە ئامانجەكانی خۆی نەگات و بگرە بەزیانی خۆپیشاندەران كۆتایی پێ بێت.

ئەوەی جێی سەرنجە تەواوی ئەو كێشەو گرفتانەی ئەوكات بەشێك لە خەڵكی كوردستانی هێنایە سەرشەقام لە ئێستاشدا بوونیان هەیەو ناوبەناو خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بەهۆی ناشەفافی لە دەسەڵات و بە ئامانجی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و كارەباو سوتەمەنی دەڕژێنە سەر شەقامەكان.

هێشتا بەشێك لە هاوڵاتیان رەخنەی ئەوە ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكەن ناتوانێت لە ئاست بەڵێنەكانی خۆیدا بێت و ئەو پێداویستییانەیان بۆ دابین بكات كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە گوێی هاوڵاتیانی دەدات.

ئەوەی تێبینی كراوە بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەوە دەسەڵاتدارانی پارتی لە نێو حكومەتدا بەردەوام سزای سلێمانی و دەوروبەریانداوە، چونكە خۆپیشاندانەكان بەردەوام لەو سنوورەوە سەری هەڵداوەو خەڵك داوای ژیانێكی باشتریان لە حكومەت هەیە، بەڵام دەسەڵاتداری پارتی كە زۆربەی كات سەرۆكی حكومەت و جومگە گرنگەكانی دیكەی حكومڕانیان بەدەستەوە بووە لە بری خزمەتی ناوچەكە هەوڵی سزادانیانداوە.

ئێستا كە نۆ ساڵ بەسەر خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات تێدەپەڕێت سەرەڕای بەدینەهاتنی داواكاری خۆپیشاندەران، ئەوەی دەكرێت تەنها ئەوەندەیە كەسوكاری شەهیدانی خۆپیشاندانەكان و بەشێك لە هاوڵاتیان دەچنە سەر گۆڕی شەهیدەكانیان و لەگەڵ یادكردنەوەیان جەخت لە رادەستكردنی تەقەكەران دەكەنەوەو رەخنەش لە دەسەڵات و حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەوكاتی هەرێم دەگرن.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو