هەرێم خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئامادە دەكات

هەرێم خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئامادە دەكات

وڵات

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەیشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە وڵاتی ئێران و تووشبوونی چەند هاوڵاتییەكی ئەو وڵاتە بە پەتاكە، هەرێمی كوردستان رێوشوێنەكانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكە توندتر كردەوەو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دەروازە سنورییەكان و تەواوی ئەو شوێنانەی مەترسی هاتنە ناوەوەی ڤایرۆسەكەی لێدەكرێت ئامادەكارییەكانیان توندو تۆڵتر كردوەتەوە.

كۆرۆنا نەخۆشیەكی ڤایرۆسی توندە، تووشی كۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ دەبێت لە گشت تەمەنەكاندا بە تایبەت بەساڵاچوان و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، نەخۆشییەكە بۆیەكەمینجار لە شاری وهانی چین بڵاوبوویەوەو دواتر گوازرایەوە بۆ بەشێك لە وڵاتانی دیكەی جیهان.

ئێستا نەخۆشییەكە جۆرێك لە ترسی لای هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دروستكردووە، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی جەخت لەوەدەكەنەوە هیچ حاڵەتێكی ئەو نەخۆشییە لە هەرێم تۆمارنەكراوە، دڵنیایش دەدەن لەوەی هەموو رێكارێكی پێویستیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكە گرتوەتەبەر، ئەوەش دەخەنەڕوو هەر حاڵەتێكی نەخۆشییەكە هەبێت ئەوا هاوڵاتیانی لێ ئاگادار دەكەنەوەو هیچ شتێك ناشارنەوە.

ئەوەی وایكردووە نەخۆشییەكە هێشتا بەشێوەیەكی مەترسیداری گەورە تەماشا بكرێت ئەوەیە هێشتا وەك پێویست دەرمانی دژە نەخۆشییەكە نەدۆزراوەتەوە هۆكانی بڵاوبوونەوەشی زۆرن، بەهۆی ئەوەشەوە پزیشكان چەندین رێنماییان داوەتەوە هاوڵاتیان تاوەكو خۆیان لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكە بەدوور بگرن.

چەند نیشانەیەكیش وەك ئاماژەی تووشبوون بە نەخۆشییەكە دانراوە ئەویش ئەمانەن، بەرز بوونەوەی تا، سەر ئێشە، كۆكەی توند، هەناسە توندی، ئازاری ماسولكە، هەوكردنی لووت و ئاوكردنی، پژمین.

هاوكات بۆ خۆپاراستنیش چەند رێگایەك باسكراوە لەوانەش، شتنی دەست بەبەردەوامی و نەچوونە شوێنی قەرەباڵغ، دووركەوتنەوە لە تەوقەكردن و ماچكردن، بەكارهێنانی كلینێكس دوای پژمین.

هەرچەندە هیچ حاڵەتێك لە هەرێم بوونی نییە، بەڵام هاوڵاتیان بۆ پاراستنی خۆیان بەشێوەی بەرفراوان روویان لە بازاڕەكان كرد بۆ كڕینی دەمامك بەشێوەیەكی بەرفراوان بەجۆرێك خەڵك هەبووە زیاد لە پێویستی خۆی كڕیووە بەهۆی ئەوەشەوە ئێستا لە زۆربەی دەرمانخانەكاندا دەمامك نەماوە.

بەرپرسانی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەن بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ بابەتی تایبەت بە نەخۆشییەكە بكەن و بەبێ بوونی زانیاری تەواو زانیاری نادروست بڵاو نەكەنەوە، ئەوەش بە ئامانجی بڵاونەكردنەوەی ترس و نەڕوخانی باری دەروونی هاوڵاتیان.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم سەرەڕای گرتنەبەری رێوشوێنەكان هاوكات هۆشداری داوەتە هاوڵاتیان بەوەی كەس لە خۆیەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە زانیاری نادروست بڵاونەكاتەوە باسی لەوەشكردووە، بەهۆی بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاستەوە رێوشوێنی یاسایی دژی كەسێك دەگرنەبەر كە لە ڤیدیۆیەكدا باس لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەكات لە كوردستان.

لەسەر ئاستی هەرێمیش لیژنەی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا پێكهێنراوەو ئەمڕۆ 22ی شوبات لیژنەكە یەكەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا تاوەكو هەڵسەنگاندن بۆ رێكارەكانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەكە بكەن.

هاوكات بۆ خۆپاراستنی زیاتری هاوڵاتیانیش بەرپرسانی حكومەت رێگەنادەن هیچ كەسێك سەردانی زیندان و نەخۆشخانەكان بكەن.

لە ئێستادا پزیشكان رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن بەوەی خۆیان لە ترس و دڵەڕاوكێی ناپێویست بەدوور بگرن و كار لەسەر رێنماییەكانی خۆپاراستنی نەخۆشییەكە بكەن، رێنمایش ئەوەش دەدەنە هاوڵاتیان هەركات هەستیان بەنیشانەكانی ئەو نەخۆشییە كرد ئەوا سەردانی بنكە تەندروستییەكان بكەن تاوەكو لە ژێر چاودێری پزیشكاندا چارەسەریان بۆ بكرێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو