وڵات
هەوڵەكانی محەممەد عەلاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە كۆتایی نزیك بووەتەوەو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن لەم هەفتەیەدا ناوی كاندیدانی وەزارەتەكانی حكومەتەكەی رەوانەی پەرلەمان بكات تاوەكو دەنگی لەسەر بدەن، كوردیش دواین كۆبوونەوەی خۆی بۆ بەشداری لە كابینەی نوێدا ئەنجامدەدات.
راسپاردنی محەمەد عەلاوی لەلایەن سەرۆككۆماری عێراقەوە دوای ئەوە هات لایەنەكان سەركەوتوو نەبوون لە دیاریكردنی كەسێكی بێ لایەن كە خواستی خۆپیشاندەرانی عێراقی لەسەر بێت بۆیە بەرهەم ساڵح بەپێی دەسەڵاتەكانی خۆی محەمەد عەلاوی كاندیدكرد بۆ شوێنگرتنەوەی عادل عەبدولمەهدی.
دوای راسپاردنیشی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران محەمەد عەلاوی رایگەیاند، حكومەتی نوێی عێراق لە كەسانی سەربەخۆ و تەكنۆكرات پێكدێن، بەوەش ئاماژەی روونی بە تەواوی حزبەكاندا كاندیدی حزبی ناكاتە حكومەتەكەیەوە.
ئێستا كە زیاتر لە 20 رۆژ بەسەر راسپاردنی محەمەد عەلاویدا تێپەڕیووە گرفتی بەردەمی حزبەكانن كە رازی نابن بەبێ كاندیدەكانی ئەوان حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت.
هەرچەندە حكومەتەكەی عەلاوی كاتی دەبێت و ئەركی سەرەكی رەوانەكردنی بودجەیە بۆ پەرلەمان و هەروەها ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، بەڵام هێشتا نەیتوانیووە ناوی كاندیدەكانی بباتە پەرلەمانەوە.
لە چەند رۆژی رابردودا حزبە كوردییەكان نوێنەری خۆیان ناردە بەغداو لەگەڵ محەمەد عەلاوی كۆبونەوە، بەڵام بە وتەی دەرباز محەمەد ئەندامی وەفدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم تاوەكو ئێستا وەفدی هەرێمی كوردستان و كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق نەگەیشتوون بە هیچ ئەنجامێك.
ئەوەی لە راگەیاندنەكاندا باسی لێوە دەكرێت ئەوەیە لەنێو كابینەكەی عەلاویدا ناوی سێ كورد دەهێندرێت كە بریتین لە عادل كەریم بۆ پۆستی وەزارەتی بازرگانی، شوان ئیبراهیم تەها بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی و حاكم رزگار محەممەد ئەمین بۆ پۆستی وەزارەتی داد.
پێشنیازكردنی ئەو سێ كوردە كە هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە، لەكاتێكدایە هێزە كوردستانییەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتی رەتیدەكەنەوە بەبێ رەزامەندی ئەوان كەسی سەربەخۆ بكرێتە وەزیر، هەروەها سوننەكانیش ئەو میكانیزمەی عەلاوی گرتوویەتیەبەر رەتیدەكەنەوە.
پارتی سوورە لەسەر مانەوەی وەزیرەكانی پێشووی كابینەكەی عادل عەبدلومەهدی و حزبەكانی دیكەش بۆچوونیان یەك نییە بۆ چۆنیەتی بەشداریكردنی كورد لە كابینەی نوێدا.
بۆ یەكخستنی بۆچوونەكانیشیان بڕیارە سبەی 24ی شوبات بەبەشداری كەسی یەكەمی حزبەكان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە هەولێر كۆببنەوەو تاوتوێی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و چۆنیەتی بەشداریكردنی كورد بكەن تێیدا.
ئێستا گرفتی بەردەم عەلاوی سوور بوونی ئەوە لەسەر ئەوەی كاندیدی وەزارەتەكانی سەربەخۆبن نەك حزبی داوای لە حزبەكانیش كردووە كاندیدەكانیان حزبی نەبن، بەڵام ئێستا باس لەوە دەكرێت گەر بێت و عەلاوی پێداگیری لەسەر داواكەی خۆی بكات ئەوا پێناچێت لە پەرلەمان متمانەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، چونكە نوێنەری حزبەكانن.
ئێستا كە چەند رۆژێك لەبەردەم محەمەد عەلاوی ماوە تاوەكو كابینەی حكومەتەكەی پێكبهێنێت، بەڵام باس لەوە دەكرێت ناوبراو هاوشێوەی عادل عەبدولمەهدییەو ناتوانێت لە ئەركەكەی سەركەوتوو بێت، پێشبینی ئەوەش دەكرێت دوای چەند مانگێك لە گرتنە دەستی دەسەڵات خۆپیشاندانەكان لە بەغداو شارەكانی دیكەی عێراق دەست پێبكەنەوە.