وڵات
بەشێك لە مامۆستاو خوێندكارانی كۆلێژ و پەیمانگای هونەرە جوانەكان لە كوردستان، بە تۆمەتی تەشهیرو ناوزڕاندن بە هونەرمەندان و بواری شانۆ، سكاڵای یاسایی دژ بە مەلا هەڵۆ تۆمار دەكەن.
ئەو هونەرمەندو شانۆكارانە لە راگەیانراوێكدا كە ئاڕاستەی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانییان كردووە، باس لەوەدەكەن، لە چەند رۆژی رابردودا كەسێك بەناوی مەلا هەڵۆ جنێو و قسەی نەشیاوی بە هونەرمەندان و شانۆ داوەو تەشهیری پێكردوون، بۆیە پێكەوە كە ژمارەیان 250 كەس دەبێت بە كۆمەڵ سكاڵا لە دژی ناوبراو تۆمار دەكەن.
هەروەها داواشیان كردووە كێ دەیەوێت بەشێوەیەكی یاسایی هاوشانی ئەوان سكاڵا لەسەر مەلا هەڵۆ تۆمار بكات ئەوا با لە فەیسبوكی خۆی دایبنێت تاوەكو زۆرترین كەس بەشداری ئەو سكاڵا نامەیە بكات.
لە ماوەی رابردودا ئەنجامدانی شانۆگەرییەك لە شاری كەلار لەلایەن گروپێكی شانۆییەوە كە لە بڕگەیەكیدا باسی لە بەشێك لە مامۆستایانی ئاینی كردبوو نیگەرانی ئەو توێژەی لێكەوتەوە، پاشان بەشێك لە مامۆستایانی ئاینیش وەك وەڵامدانەوەیەك هێرشیان كردە سەر گروپە شانۆییەكە هاوكات بەشێكی دیكەیان هێرشیان كردە سەر تەواوی هونەرمەندان ئەوەش نیگەرانی لێكەوتەوە.











