لیبیای دوای قەزافی، لە بووكی دەریاوە بۆ وڵاتێكی وێران پانۆرامای كارەساتی كوشتارو خوێن

لیبیای دوای قەزافی، لە بووكی دەریاوە بۆ وڵاتێكی وێران پانۆرامای كارەساتی كوشتارو خوێن

پۆرتاڵی فرانس پرێس وەرگێڕانی: عەدنان نیلوفەڕی

بیرمەند محەممەد ماغوت، لەیەكێك لەووتە زۆر بڵاو و ناوازەكانیدا دەڵێت: زیندانییەك نزیكەی بیست ساڵ لەناو زیندانەكەیەوە سەرقاڵی هەڵكەندنی تونێلێكی نهێنی بوو لەژێرزەوییەوە، تا دواجار بە ڕوناكییەك گەیشت، كاتێك چاوی كردەوە بینی گەیشتووە بەناو گۆڕەپانی زیندانێكی تر! ناوەڕۆكی ئەم گوتە باڵایە زۆر لەو شۆڕشانە دەگرێتەوە كە بەدرێژایی مێژوو لەوڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتیدا ڕوویانداوە، یەكێك لەوانە ڕاپەڕینی خەڵكی لیبیا بوو دژی ڕژێمەكەی موعەممەر قەزافی، كە لەژیانێكی نیمچە ئەرستۆكراتی پڕ لەئاسایشەوە خۆیان ئاوقەی وڵاتێكی لافاوی خوێن و مەرگ و تۆقین و هەژاری كرد!

لیبیا یەكێكە لەوڵاتە زۆر دەوڵەمەندەكانی كیشوەری ئەفریقا، و لە سەردەمی موعەمەر قەزافی سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتەدا لیبیا ڕۆژانە 7 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانەكەی ئەوكات لە 5 ملیۆن كەس كەمتر بوون، بۆیە ئەگەر سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی بۆ هەندێك ووڵات كەمێك خۆشی پێوە بووبێت و بە ئازادییەكی ڕێژەیی گەیشتبن، ئەوا بۆ وڵاتی لیبیا تەواو پێچەوانە بووە!

لەدوای ساڵی (2011) و گەیشتنی شەپۆلی بەهاری عەرەبی بە لیبیا، لەو كاتەوە تا ئێستا وڵات بەتەواوەتی بۆتە گۆڕەپانی كوشتار و شەڕ و وێرانكاری، و ماوەیەكیشە شاری تەڕابلوسی پایتەخت ئاوقەی خوێناوی ترین جەنگ بۆتەوە، ئەو تەڕابلوسەی جاران بە بووكی كەناری دەریای سپی ناوەڕاست ناوزەد دەكرا، ئێستا ڕۆژانە دەیان كەسی تیادا دەبنە قوربانی و دەیان باڵەخانەیش بە قومپارەكانی شەڕ خاپور دەكرێن.

لە لیبیا دوو ئیدارەی سیاسی و سەربازی وڵاتەكە بەڕێوە دەبەن، و هەریەكەیان بەشێكی وڵاتی بەدەستەوە گرتووە و  خۆی حوكمی دەكات، و لەگەڵ یەكتریش لەجەنگدان، ئیدارەی حكومەتی ویفاق بە سەرۆكایەتی (فایز سەڕاج)، و ئیدارەی (حكومەتی توبروق) بە سەرۆكایەتی لیوای خانەنشین (موشیر خەلیفە حەفتەر)، و هاوكات حەفتەر فەرماندەی گشتی هێزی نیشتیمانیی لیبیایشە.

لیوای خانەنشین (موشیر خەلیفە حەفتەر)، یەكێكە لەفەرماندە سەربازییە دێرینە ناسراوەكانی لیبیا، لەساڵی (1969) و لەتەمەنی (26) ساڵیدا هاوكاری موعەمەر قەزافی بووە، بۆ كودەتاكردن بەسەر دەوڵەتی پاشایەتیدا و گرتنەدەستی حوكم، و لە ساڵی (1973)دا، بەشداری شەڕی دژی ئیسڕائیلی كردووە، و فەرماندەی گشتیی سوپای لیبیا بووە بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتی چاد، كە لەهەشتاكاندا ئەو شەڕە ڕوویداوە، و هەر لەم شەڕەدا و لەساڵی (1987)دا، لەلایەن سوپای چادەوە – دوای شكستێكی گەورەی سوپای لیبیا- بە دیلی گیراوە، بۆیە قەزافی پشتی لێهەڵكردووە و دوای ئازادبوونی لەساڵی (1990)دا، وەك پەنابەر چووەتە ئەمریكا، و تا ساڵی (2011) و دوای ڕوخانی دەسەڵاتی قەزافی گەڕاوەتەوە وڵات و ئێستا فەرماندەی گشتیی سوپای نیشتیمانی لیبیایە.

بەهۆی ئەم شەڕەوە وڵاتانیش دەستیان خستۆتە كاروباری ناوخۆی وڵاتەوە، توركیا لەوێش دەستی بە سەرەڕۆیی كردووە، و بەئاشكرا پشتیوانی لە حكومەتی ویفاق دەكات كە تەڕابلوسی پایتەختی بەدەستەوەیە، و تەنانەت چەك‌وچۆڵی سەربازیشی ڕەوانەی ئەوێ‌ كردووە و فڕۆكەكانی توركیایش جاروبار لە بۆردومانی هێزەكانی خەلیفە حەفتەردا بەشداری دەكەن، و پێشتریش پەڕلەمانی توركیا بە دەنگی (325) پەڕلەمانتار بە (بەڵێ‌) و (184) پەڕلەمانتار بە (نەخێر) دەنگیاندا بۆ بڕیاری ناردنی هێزی ژەندرمە بۆ لیبیا.

هەروەها وڵاتی میسریش یەكێكی ترە لەو وڵاتانەی كەدەستی خستۆتە كاروباری لیبیاوە، بە بیانووی ئەوەی وڵاتێكی عەرەبیی كیشوەری ئەفریقایە و مافیان بەسەر یەكترییەوە هەیە!

شەڕی تەڕابلوس ئەو شەڕەیە هەموو وڵاتانی خستۆتە ئەو دۆخەوە بەچڕی چاودێری جەنگی ناوخۆی لیبیا بكەن، ئەم شەڕە لەمساڵدا و بەناوی (توفان ئەلكەڕامە) لەلایەن خەلیفە حەفتەرەوە دەستیپێكرد، بەمەبەستی ڕزگاركردنی پایتەخت لە هێزەكانی حكومەتەكەی فایز سەڕاج، كە تەنها شاری گرنگ ئەوێیان بەدەستەوە ماوە، و شیاوی باسە وڵاتانی عەرەبی، وەك سعودیە و ئیماڕات پشتیوانی لە حەفتەر دەكەن و ئەو بەخاوەنی شەرعیەت لە لیبیا هەژمار دەكەن، و لەبەرامبەریشدا توركیا زۆر سەرسەختانە كەوتۆتە پاڵپشتیكردنی حكومەتی ویفاق.

تا ئێستا سوپای نیشتیمانیی لیبیا بەسەرۆكایەتی حەفتەر شارەكانی (سێرت) و (غەرەیان) و (مەزدە)ـی، لە ڕۆژئاوای تەرابلوس و چەندین جێگای تری كۆنترۆڵ كردوون و لەسەرەتاوە ڕۆیشتە ناو چەند گەڕەكێكی پایتەختیشەوە، بەڵام دواتر بۆ ئەوەی ڕێگا بگیرێت لەكوشتاری زۆر و بەركەوتنی خەڵكی سڤیل، كشایەوە دواوە، و بەنیازە بە ڕێگایەكی ئاسانتر شارەكە كۆنترۆل بكات، ئەویش یان بە پاشەكەشەی هێزەكانی حكومەتی ویفاق، و یان بە غافڵگیركردنیان و بردنی هێرشی كتوپڕ بۆسەریان، و ماوەیەكیشە وڵاتان و بەتایبەتی ڕوسیا كەوتۆتە نێوانیان بۆ وەستاندنی شەڕەكە بەڵام تا ئێستا بێهودە بووە.

ئەم شەڕ و ماڵوێرانییەی لیبیای گرتۆتەوە لەكاتێكدایە نەتەوە یەكگرتووەكان بەپێی بڕیاری (1970) لە ساڵی 2011ـەوە، سزای خستۆتەسەر ناردنی چەكوچۆڵ بۆ لیبیا، تا دۆخەكە لەوە شێواو تر نەبێت، كە هەیە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لەوڵاتان ئەو یاسایە پێشێل دەكەن و لەڕێی هاوسۆزەكانیانەوە لەناو لیبیادا زیاتر شەڕەكە خۆش دەكەن، كە هەر یەكە و بەرژەوەندیيەكی تایبەتی خۆیی لەوێ‌ هەیە، ئێستا یەكێك لەگەورەترین ئەو كێشانەی لەڕووی جەنگەوە لیبیا ئاوقەی بووە، ئەو ژمارە زۆرەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە كە لەوێ‌ هەن و چاودێران دەڵێن نزيكەی (900) فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانن! كە جەمسەرەكانی شەڕ بەكاریاندەهێنن، كە بەهۆی یەكێك لەم فڕۆكانەوە كەمپێكی پەنابەرانی ئەفریقی لە شاری (تاجورا) لەڕۆژهەڵاتی تەرابلوسی پایتەخت بۆردومانكرا و نزیكەی (44) كۆچبەر كوژران و زیاتر لە (130) كۆچبەريش بریندار بوون.

دۆخی یاسا و دادگاكان لە لیبیا: دادگا سیڤیل و سەربازییەكان لە لیبیا ئێستا لەڕووی كاركردن و فەراهەمكردنی دادوەرییەوە زۆر لاوازن، و زۆربەیان داخراون، یان لەكارەكانیان وەستاون، بەهۆی نەبوونی ئاسایش و هێرشكردنی گروپە نافەرمییەكان بۆسەریان، و تا ئێستا دەیان دادوەر و پارێزەر لەو وڵاتەدا كوژراون و كەسیش لەبكوژەكانی نەپرسیوەتەوە، ئێستا لە هەردوو ئیدارەی تەرابلوس و میسراتە هەزاران زیندانی بوونیان هەیە كە زۆرینەیان خەڵكی دەرەوەی لیبیان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بە بەردەوامی هۆشیاری دەدەن و نیگەرانن لەدۆخی مرۆییان، كە تیایاندا سەدان ئافرەت و منداڵ هەن، كە تەنها لەزیندانی میسراتە (37) منداڵی تونسی بوونیان هەیە بەبیانووی ئەوەی منداڵی چەكدارانی داعشن، یان منداڵی كۆچبەرانی نایاسایین.

دۆخی ئاوارەكانی ناوخۆی لیبیا: ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچبەران لە لیبیا ئەوەی ڕاگەیاندووە بەهۆی شەڕی چەندین ساڵەی لیبیاوە هەر تەنها لەناوخۆی لیبیادا زیاتر لە چوارسەد هەزار كەس ئاوارە بوون، كە زۆرینەیان خەڵكی تەرابلوسی پایتەخت و شارەكانی سەبها و بەنغازین، و نزیكەی 48 هەزار كەس لەو ئاوارانە بەتەنها خەڵكی شاری (تاورغا)ن، كە لەترسی گروپە توندئاژۆكانی میسراتە لە شارەكەی خۆیان ئاوارە كران بەبیانووی ئەوەی پێشتر هاوسۆزی حكومەتەكەی قەزافی بوون، كە لەو كاتەوە تا ئێستایش دوای چەند ڕێكەوتننامەیەك لەنێوان تاورغاییەكان و میسراتەییەكان، بەڵام هەر متمانەیان بۆ دروست نەبووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ شارەكەیان و زۆربەیان بە ئاوارەیی پەڕاگەندەی شارانن.

پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەلیبیا: ڕۆژنامەنووسان پریشكێكی گەورەیان لەشەڕی لیبیا بەركەوتووە، و لەماوەی شەڕدا ژمارەیەكی زۆر لەڕۆژنامەنوووسان لەوێ‌ كوژراون، لەوانە (هانی عەممارە) وێنەگری ڕۆیتەرز كە لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە تەقەی لێكرا، و هەروەها ژمارەیەكی زۆر ڕۆژنامەنوسیش لەزیندانەكاندان، لەوانە (محەممەد خەلیفە) و (محەممەد قەرەغ) و (محەممەد شەیبانی)، لەولایشەوە دۆخی ئافرەتان زۆر خراپترە و لەپەنای دەسەڵاتی خێڵەكیدا زۆرترین مافیان پێشێل دەكرێت و تەنانەت لەیاسای لیبیادا پیاوێك ئەگەی ژنەكەی یان كچەكەی بكوژێت، ڕێگە بە دادوەر و دادگاكان دراوە سزای لەسەر سووك بكەن و وەك خۆی سزای نەدەن! 

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو