وڵات: اسماعیل حاجی زەڵمی
شارل دیگۆل دەڵێت: هەموان گەیشتوینەتە ئەو ئەنجامەی کە سیاسەت زۆر لەوەترسناکترە بەتەنها بۆ سیاسیەکان بەجێبهێڵرێت. ئەگەرلەم ڕوانگەیەوە تەماشای ڕوداوەکان بکەین، دەبینین لەپرۆسەی سیاسی عێراق و گۆڕانکارییەکاندا، زۆرینەى نوێنەرانی کورد لەبەغداد، سەرۆکی حکومەت ، پەرلەمانی کوردستان، دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم ناو و ناونیشان و ئەرک و فرمانی خۆیان لەبیرکردووە، لەبرى ئەرکە سەرەکییەکانیان تەنها خەریکی گلەی و گازندەن.
ڕوداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی لەعێراق ئەوەى پێوتین،کە سیاسییەکان هیچ متمانەیەکیان بەو دامەزراوانەش نییە کە خۆیان دروستیان کردون، ئەوەش لەماوەی ڕابردوودا زەقتر دەرکەوت لەبڕیاردان لە ڕاسپاردنی پێکهێنانی كابينەى حکومەتی عێراق، بەپێچەوانەى ئەوەى کە لەمیدیاکان باس دەکرێت، هێنانە پێشەوەی محمد تۆفیق عەلاوی کە لەلایەنى کوردى رەزامەندى لەسەر دابوو، بەهۆى ئەوەوە بوو کەپێشتر مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چەند لایەنێکی شیعەی عێراقی رێککەوتنیان لەسەر کردبوو، بەڵام دواجار هەر ئەویش بەچەند بەهانەیەک بوو بەئەندازیاری هەڵوەشاندنەوەو لەباربردنی ئەو ڕێککەوتنە، لەکاتێکدا ناوبراو هیچ پۆست و ناونیشانێکی حکومی دیاریکراوی لەناو هەرێمی کوردستاندا نییە، لەراستیدا دەبووسەرۆکایەتى پەرلەمانتاران و نوێنەرانی کورد لەبەغدادو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم ڕۆڵەیان بگێڕایە، بەڵام ڕێککەوتنەکانی مەسعود بارزانی لەپێش ڕاسپاردن و دوای شکستپێهێنانی وایکرد هیچ مانایەک بۆ بون و گرنگى ئەوان نەمێنێتەوە.
دیارە کاتێک تەنها کارەکتەرێکی سیاسی حەق بەخۆى بدات جێگەی سەرجەم پەلەمانتاران و نوێنەرانی کورد لەبەغداد بگرێتەوە، لەبری سەرۆکی هەرێم ببێتە ئەندازیاری ڕێککەوتنەکان و دواین قسە لاى ئەوبێت، ئەوا بێگومان بەڵگەى ئەوەیە کە پێش هەرکەسێکى تر دامەزراوەکانى هەرێم لەلایەن کەسایەتى سیاسی و حزبە کوردیەکانەوە بەئامانج کراون تا نابوت و شکڵى بن ، واتە میزاجى سیاسى لەبرى هەموان بریادەدات بەویستى خۆى لەبرى هەموان بیردەکاتەوە و دواین بریار هى ئەو دەبێت.
ئایا بەڕاستی وەک دیگۆل دەڵێت ترسناک نییە سەرجەم بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێتە دەست سەرۆکى حزبێک تا بەتەنیاو لەبرى هەمووان بریار لەچارەنوسمان بدات، چونکە بەپێی وتەو لێدوانی بەشێک لەپەرلەمانتاران و نوێنەرانی کورد لەبەغداد کێشەکانی محمد تۆفیق عەلاوی لەگەڵ کوردا دورونزیک پەیوەندی بەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە!
بەڵکو گرفتەکە ئەوەبوو ناوبراو سەردانی هەولێری نەکردوە و ئامادە نەبوو هیچ وەزیرێکی حزبی دوبارە دابنێتەوە ، ئاخر بۆتاکى کورد ئەوە کەى کێشەیە کام کارەکتەرى حزبى دەبێتە وەزیر و کامیان دورئەخرێتەوە، رەنگە ئەوە کیشەیەکى حزبى بێت، بەڵام کیشەى کۆمەڵگە نییە، بۆیە کاتێک سەرکردەی یەکێک لەحزبەکان دواین بریار ئەدات، بەدڵنیاییەوە ئەبێت چاوەرێى ئەوەش بکەین، چۆن لەرابردودا ئەو حزبانە دنیایەک بریاریان داوەو نەهامەتیان بۆ خەڵک هێناوە لەم بریارەشیاندا سەرکەوتوونەبن و دواتر خەڵکیش باجەکەى بدەن. کورد تا ئێستا گەلیک کێشەى بەهەڵپەسێردراوى لەبەغداد ماوەتەوە، لەوانە کیشەى موچەو پێشمەرگە، کێشەى کەرکوک ناوچەکانى ترى مادەى ١٤٠، لەهەموو ئەوانەش گرنگتر، ئەو کێشانەى رویان کردۆتە حکومەتى عێراق و خۆپیشاندانى بۆکراوە، بەشێکى زۆرى پەیوەست ئەبنەوە بەچۆنیەتى پەیوەندیەکانى هەرێم و بەغدادەوە، بۆیە رێگرى کردن لە پێکهێنانى حکومەت و رێککەوتن لەگەڵ هەندێک لایەنى گەندەڵکار، رەنگدانەوەى خراپى ئەبێت بۆ سەرئایندەى کورد و بەغداد، ئەمە جگەلەوەى ئەو لایەنە شیعانەى کە پشتیوانی عەلاوی بوون، هەڵوێست و کاردانەوەی خراپیان دەبێت و کورد وەک جەمسەرێکى کێشەکان داخڵ دەبێت.
ئێستا ئەوانەی خۆیان بە پاڵەوانانی ئەم یارییە دەزانن، زەمانەتیان چییە کە بتوانن رێگر بن لەوەى کاندیدێکى خراپتر لەعەلاوى ناسەپێنرێت، یان ئەگەر سبەینێ، گرفتەکانی ڕابردوو لەنەناردنی بودجەو مووچەی هاوڵاتیان سەریان هەڵدایەوە چۆن چارەسەرى ئەو گرفتەکان ئەکەن.. ئایا ئەوکاتە وەک نەتیجەى ریفراندۆمەکە هەموویان پاکانە دەدەن و گرفتەکە دەخەنە ملى پارتى و خۆیانى لێ بێ بەرى دەکەن، یان بەراستى لەژێرچەترى پارتى دەمێننەوە بۆ ئەوەى ئیجماعى کوردى تێکنەچێت، چونکە دەرکەوت، ئەوکاتە ئیجماعى کوردى تێکنەچوە کە قسەى ئەوەڵ ودواین هى سەرۆکى پارتی بێت، وەک ئەو رێککەوتن و هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنەى لەکابینەکەى عەلاوى ئەنجامیدا و ئەوانى تر، “جگە لەو چەند پەرلەمانتارەى کە خاوەنى خۆیان بوون”، وەک کارەکتەرێکى تەماشاکەرێک هێشتەوەو هیچى تر.