وڵات:
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لەماوەی رۆژانی رابردوو پەتای كۆرۆنا چەندین شاری دیكەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان گرتووەتەوە كە تا ئێستا ژمارەی توشبووان ئاشكرا نەكراوە.
هەر لەم ماوەیەدا 44 هاوڵاتی لە شارە جیاجیاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە كە لەو ژمارەیە 7 كەسیان ژنو 37 كەسیشیان پیاو بوون.
لەراپۆرتەكەدا هاتووە كە لە پارێزگای ئیلام 6 كەس گیانیان لەدەستداوە كە یەكیان ژنەو 5 كەسیان پیاو بوون. لە پارێزگای كرماشان 14 كەس كە 3 ژنو 11 پیاو بوون. لە پارێزگای سنە 20 كەس كە 3 كەسیان ژن 17یان پیاوبوون. لەپارێزگای ورمێ 4 كەس كە هەر چواریان پیاو بوون.
شاری سەقز بە 14 حاڵەت زۆرترین قوربانی هەبووەو پاش ئەوەیش شاری كرماشان كە 12 كەس گیانیان لەدەستداوە.
بڵاوكردنەوەی ئەم ئامارەی رێكخراوی هەنگاو لەكاتێكدایە كە ئامارە فەرمییەكانی ئێران رێژەی قوربانیانی پەتای كۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە 10 كەس راگەیاندوە.