تۆ بڵێی ئەو مێژووە بشێوێ‌؟

تۆ بڵێی ئەو مێژووە بشێوێ‌؟

وڵات: سەرتیپ جەوهەر

هێشتا ئەوانەی لەناو راپەڕینی كوردستان بوون و بەچاوی خۆیان رووداوەكانی بەهاری 1991 یان بینیوە و زیندوون، هێشتا بەڵگەنامەكانی پلانی راپەڕین و جێبەجێكردنی نەخراوەتە ناو جامخانەی مۆزەخانەكان و ئەوانەی یەكەم فیشەك و یەكەم تەقەیان بەدوژمنانی كوردەوەناوە، زۆربەیان مووچەی پێشمەرگەی دێرین وەردەگرن و مووچەخۆری ئەم حوكمڕانییەن، هێشتا ئەو پێشمەرگانەی پارتیزان بوون و یەكەم دەستەی جێبەجێكاریی راپەڕین بوون، زیندوون و ماون، كەچی خەریكە بەزیندوویی چاوان ئەو مێژووە بەلاڕێدا ببرێت و ئەو شانازییەش كە هی خەڵكی كوردستانە بە بەری خەڵكانی دیكە بدوورێت و لە خاوەنەكانیان زەوتبكرێت.

بۆیە دەبینین هەندێ جار خەڵكانێك دەكرێنە شایەت كە هیچ پەیوەندیان بەمێژووەكەوە نییە! شایەتییەكە دەبێتە هەوێنی پێكەنین و توانجی خەڵك، نەخاسمە لەم سەردەمە كە بەهۆی بوونی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە، كۆمەڵگا بەشدارییەكی چالاك و سەرنجی راستەوخۆی هەیە لەهەموو رووداوەكان.

هەمیشە وتراوە دەسەڵات مێژوو دەنووسێتەوە، ئەم رستەیە لە بەرەنجامی ئەزموونی رابردووی دەسەڵاتداران و داگیركارییەكان بەرهەمهاتووە، كە دەسەڵاتداران یان داگیركەران بە ئارەزووی خۆیان مێژوویان نووسیوەتەوە. ئەو مێژووەی پێشوتریش هەبووە بەسووتاندن و لە ناوبردنی بەڵگەنامەكان، ئەگەر لەناو نەبرابێت ئەوا گومانێكی زۆریان لەسەر دروستكردووە.

جگە لە شیعری شاعیرانی كورد كە سەرچاوەیەكی گرنگی مێژووی كوردە، زۆربەی ئەو مێژووەی بەردەستە لەلایەن بێگانە و گەڕیدە (مسیۆنێر) ئەوروپایی و رۆژهەڵاتییەكان نووسراوەتەوە، لە هەندێک بارودۆخدا زانیارییەكان دژ بەیەكترن، بۆیە دەبینین هەندێکجار، ساڵی لە دایكبوونی شاعیرێك بیروڕای جیاوازی لەسەر هەیە و یەكلایی نەبووەتەوە!

مێژووی راپەڕینی كوردستان، تەمەنی 30 بەهاری تێنەپەڕاندووە، كەچی چەند ساڵێكە هەوڵی جددی دەدرێت تاوەکو راستییەكانی لێڵ بكرێت، كاراكتەرە سەرەكییەكانی ونبكرێن و پاڵەوانی دیكە بهێنرێنە ناو دراماكە و رۆڵی كاریگەریان پێبدرێت.

رەنگە لەرابردوو بەلاڕێدابردنی راستیی رووداوەكان و مێژوو زەحمەت نەبووبێت، بەتایبەت شێوەی تۆماری رووداوەكان، كەرەستەكانی بەردەست بوون بۆ تۆماری مێژوو دەرفەتی گۆڕین یان دەستكاریكردنی بەدەسەڵاتدار یان خەڵكانێكی دیاریكراو دەدا، بەڵام پێشكەوتنەكانی تەكنەلۆژیا بواری بۆ هیچ كەس و دەسەڵاتێك نەهێشتووەتەوە.

ئەگەر جاران لەسەر زاری خەڵك وەك شایەتحاڵی رووداوەكان مێژوو تۆماردەكرا، یان دەق و برووسكە و نامەی نێوان كەس و حزب و دەسەڵاتداران دەكرانە بەڵگە بۆ سەڵماندنی بەشێك لە راستییەكان، ئێستا رووداوەكان بە دەنگ و رەنگ تۆماردەكرێن، ئەرشیفكردن و هەڵگرتنیشیان باڵەخانە و مۆزەخانەی پێویست نییە، بەڵكو مۆبایلێكە یان هاردێكی كۆمپیوتەرە و لەناو گیرفانی هەموو كەسێك جێی دەبێتەوە، لەوە واوەتر، هەموو خەڵك دەتوانێت مێژوو ئەرشیف بكات، مێژوونوس بێت یان نا!

خۆ ئەگەر ئێمەش نەمانكرد ئەوا بەرنامە تایبەتییەكانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت راستییەكان وەكوخۆی ئەرشیف دەكەن، بەڵام پێناچێت راستییانە لای هەندێك چەكەرەی كردبێت یان مەیی بێت، بۆیە دەبینین خەڵكانێك دەهێننە سەر شاشە لەبری گۆتنی راستییەكان، خۆی و ئەوانەش زیانمەند دەكات كە دەیەوێت داكۆكیان لێبكات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو