وڵات: بروا عوسمان
شتێکی گرنگە مرۆڤ لە چواردەور و ژینگە و کەلتوری خۆی تێبگات تا بتوانێت لە تێگەشتنیشی هەبێت بۆ ڕووداوەکانی چواردەوری.
لە کاتی خوێندنەوەم لەسەر کەلتور دەمگوت شتێکم نەدیوە بە ئەندازەی تێگەشتن لە کەلتور چێژبەخش و سەرسوڕهێنەر بێت.
دوایش هەر خۆم دەموت لەوانەشە وا نەبێت و شتەکانی تریش وا بن چونکە هەر جارێک شارەزایی لە شتێکی تازە پەیدا دەکەم ئەو قسەیە دەکەم.
بۆ نموونە کاتێک خەریکی خوێندن بووم و توێژینەوەم لەسەر زمان و دواتر لەسەر سۆز دەکرد وامدەزانی ئەوانە خۆشترین بابەتن.
بەڵام دوایی بۆم دەرکەوت کە مەسەلەکە فێر بوونە نەک بوارەکە، مرۆڤ هەتا شتی تازە فێربێت زیاتر لە دەوروبەری خۆی تێدەگات و زیاتر چێژ لە ژیان دەبینێت چونکە هەتا دەمرین پرسیاری “چۆن و بۆچی” زۆر دەکەین و هەر جارێکیش وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دەست دەکەوێت ئاسوودەییەکی زیاترمان دەبێت لە ژیاندا.
بە هەرحاڵ ئەسڵی مەسەلەکە ئەوە بوو کە باس یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی پرۆفیسۆرێکی هۆڵەندی بکەم بە ناوی گێرت هۆفشتێدە لەبواری کلتور و ئەگەری لێکدانەوەی واقیعی کۆمەڵگای کوردی لە لایەن خوێنەرەوە.
هۆفشتێدە چەند توێژینەوەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەنجام داوە و لە چوارچێوەی کتێبێکدا نوسیویەتەوە و لە ئەنجامی توێژینەوەکانی باس لە ٦ ڕەهەندی کەلتوری دەکات کە هەریەکەیان بە پێی ئیندێکسێک لە ٠-١٠٠ دەپێورێن و لێکدانەوە بۆ دەیەها کلتور کراوە لە جیهاندا.
بەڵام وەک هەر بوارێکی تر، پێم وایە لە کوردستان توێژینەوە لەم بوارەدا لە ئاستێکی لاوازدایە و کارکردنی زۆری پێویستە. ئاشکرایە لێرەدا ناکرێ لەسەر هەموو Dimension رەهەندەکان قسە بکرێت چونکە هەم کات هەم وشەی زۆریان پێویستە.
لەبەر ئەوە لە خوارەوە باس لە تەنها یەک رەهەندیان دەکەم. یەکێک لە ڕەهەندەکانی کەلتور کە پرۆفیسۆر هۆفشتێدە باسی دەکات بریتیە لە چەمکی Power Distance واتە جیاوازی هێز/دەسەڵات.
پێناسەی پرۆفیسۆر هۆفشتەدە بۆ جیاوازی هێز و دەسەڵات ڕادەی تەوەقوع و ڕازیبوونی ئەندامە کەم دەسەڵاتەکانی دەزگا و دامەزراوەکانە کە تێیدا هێز و دەسەڵات بە شێوەیەکی نا یەکسان دابەش بووە.
تایبەتمەندێتی ئەم چەمکە ئەوەیە کە زیاتر پەیوەندی بە تاکەکانی خوارەوە یان کەم دەسەڵاتەکان هەیە نەک ئەوانەی سەرەوە. چونکە هەمیشە لە سەرەوە یەکێک هەیە کە دەیەوێت خاوەن دەسەڵات بێت ئەگەر ئەندامەکانی خوارەوەی دامەزراوەکە ڕێگەی پێبدەن.
هەڵبەت ئەمە شتێکە هەموو لە منداڵیەوە فێر دەبێن. ئەویش لە پەیوەندی نێوان منداڵ و دایبابدا خۆی دەبینێتەوە و هەر لە منداڵیەوە ئەم ئەم پێگەیەی خۆمان فێر دەبین بەرامبەر دایباب و خەڵکی بە تەمەن.
پرۆفیسۆر هۆفشتەدە ئەم ڕەهەندە و ڕەهەندەکانی تری کلتوریش دەکات بە دوو جەمسەری ئاڕاستە جیاواز و دژیەک کە لە نێوانیاندا کەلتورە جیاوازەکان دابەش دەبن.
جەمسەرێکیان تێیدا جیاوازی هێز گەورەیەو لەوسەری جەمسەرەکە جیاوازی هێز تێیدا بچووکە. ئەوەی کە لێرەدا زۆر سەرنجڕاکێشە تایبەتمەندێتی ئەو کلتورانەیە کە لەم نێوەندەدا دابەش بوون.
بۆ نموونە لەو کۆماڵگایانەدا کە جیاوازی هێز تێیدا گەورەیە نایەکسانی وەک بەشێکی نۆرماڵ لە کۆمەڵگا دەبینرێت و هەستێک هەیە کە خەڵکانێک هەن کە لە سەروو ئەوانەوەن و کۆمەڵگا پلەبەندی هەیە و شتێکی ئاساییە.
ئەگەر تەماشای کۆمەڵگای کوردیش بکەی دەبینی قبووڵ کردنی ئەم پلەبەندیە بە شێوەیەکی ئاشکرا دەبینرێت و ئەوانەی کە لەسەرەوەن پێگەکانیان لەسەر تاپۆ کراوە و خەڵکی خوارەوەی پلەبەندیەکەش زۆر بە لایانەوە ئاساییە.
هەروەها لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا گرنگترین شتێک کە منداڵ فێری ببێت مەسەلەی ڕێزە لە گەورە و ئەمەش خۆی بۆ خۆی چەسپانندنی پێگەی گەورە و بچووکە (ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە لەو کۆمەڵگایانەدا کە جیاوازی هێز بچووکە ڕێز تێیدا گرنگ نیە، بەڵکو لەبەرامبەر وشەی هێزدا سەربەخۆیی Independence بەکار هاتووە).
تەنانەت لەو کەلتورانەدا کە جیاوازی هێز تێیاندا گەورەیە نایەکسانی زۆر لە پەیدا کردنی پارەدا هەیە و هەروەها کەمینەیەک دەسەڵاتیان لە دەستدایە و دیکتاتۆریەت یان ئۆلیگارکی (حوکمی کەمینە) هەیە و دەسەڵات تێیدا لە بنەماڵە یان کۆمەڵێک خەڵکی کەمەوە دێت.
هەروەها لەم جۆرە کەلتورانەدا چارەسەرکردنی کێشەکان زۆر جار بە توندو تیژی کۆتاییان دێت و گفتو گۆ تێیاندا کەمە و زۆر جار بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی شۆرش ڕوودەدات و دەستاودەستکردنی دەسەڵات شتێکی تا ڕادەیەک گرانە.
دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین کە لەسەرەتاوە باسی ئەوەمان کرد ئەم جۆرە لە نایەکسانی لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا بە شتێکی ئاسایی دەبینرێت.
بەرامبەر ئەمە، ئەو کۆمەڵگایانەمان هەیە کە تێیاندا جیاوازی هێزو دەسەڵات لە نێوان ئەندامەکانیدا بچووکە. هەرچی ئەوانەی کە لەسەرەوە باس کران پێچەوانەی ئەمانەن و منداڵ لە منداڵیەوە فێری سەربەخۆیی دەکرێت و تێگەیشتن هەیە بۆ هەبوونی پلەبەندی لە کۆمەڵگادا، بەڵام نایەکسانی بە شتێکی نا ئاسایی دەبینرێت و قبوڵ ناکرێت.
جیاوازی لە پەیدا کردنی پارەدا کەمترە و دەسەڵات دەبێت بە شێوەیەکی شەرعی بەکاربهێنرێت و هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن بەدیدەکرێت و هەر لایەو کاری خۆی دەکات و زۆربەی کێشەکان بە گفتووگۆ چارەسەر دەکرێن و ئەگەری توندوتیژی زۆر کەمە.
بۆنموونە لەم جۆرە کەلتورانەدا پەیوەندی نێوان خاوەن کار و فەرمانبەر پەیوەندیەکە کە ڕاوێژی تێدایە و فەرمانکردن شتێکی نا ئاساییە تەنانەت ئەگەر لە خاوەن کاریشەوە بێت.
لەبەر ڕۆشنایی تایبەتمەندێتی ئەم دوو جۆرە کەلتورەدا دەکرێت زۆربەی وڵاتانی ئەم ناوچەیە بکەونە ژێر ئەو کەلتورانەی کە تێیاندا جیاوازی دەسەڵات تێیاندا گەورەیە.
قبووڵکردنی نا یەکسانی شتێکی ئاساییە و تاکی کۆمەڵگا تا ڕادەیەک بێدەنگە لە ئاست زوڵمدا. ئەو وڵاتانەی کە بە پێی ئیندێکسی پێوانەی جیاوازی دەسەڵات لە سەرەوەن و جیاوازی هێز و دەسەڵات تێیدا گەورەیە بریتین لە میسر، عێراق، کوێت، لوبنان، لیبیا، سعودیە و ئیمارات.
ئەوانەی کە لەو جەمسەرەن کە تێیدا جیاوازی دەسەڵات تێیاندا نزمە بریتیین لە وڵاتانی ئیسکەندەنافیا و ئیسرایل و نەمسا.
ئەوەی کە گرنگە پەیوەست بە کۆمەڵگای کوردیەوە ئەوەیە کە لێرەش تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازی دەسەڵات گەورەیە و هەر لە منداڵیەوە چ لە لایەن گەورەکانی خێزانەکانمانەوە، چ لە قوتابخانەکان، زانکۆکان و کۆمپانیا و دام و دەزگای تر پاساو بۆ ناعەدالەتی دەهێنرێتەوە لەژێر ناوی ڕێزگرتن و تەمەن و پێگەی کەسەکان. وەک لەسەرەتاوە ئاماژەی پێکراوە، جیاوازی دەسەڵات بریتیە لە ڕادەی تەوەقوعات و قبوڵ کردنی تاکەکانی خوارەوە.
ئەگەر ئێمە هاتوو منداڵەکانمان لەسەر هەمان شێواز بەخێو کرد و خۆمان لە ماڵەوە زوڵممان لێکرد بە بێ ئەوەی بۆی هەبێت بەرگریش لەخۆی بکات، ئەوە بۆ هەموو تەمەنی ئەو پێگەیەی خۆی قبوڵە و لە داهاتوو تاکێکی لاواز و لەرزۆک دەردەچێت.
کوڕ بن یان کچ، هەمیشە پێیان ئاسایی دەبێت کە کارمەند بن نەک بەڕێوەبەر، پەرلەمانتار بن نەک سەرۆکی پەرلەمان، مامۆستا بن نەک سەرۆکی زانکۆ و بەم شێوازە بۆ زۆربەی شتەکان و لە زۆربەی شوێنەکان پێگەی خۆیان قبوڵ دەبێت.