وڵات : هەمەڕەنگ
توێژینەوە پزیشكییەكان ئەوەیان سەلماندووە مۆبایلەكان شوێنی گونجاون بۆ گەشەی ڤایرۆس و میكرۆبە زیان بەخشەكان، بەجۆرێك بەشێكیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك یاخود چەند هەفتەیەك دەتوانن لەسەر مۆبایلەكە بژین.
لەگەڵ بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا بە وڵاتانی جیهاندا، چەندین ڕێنمایی تایبەت بۆ خۆپارێزی بڵاوكراونەتەوە، گرنگترینیان شتنی دەست و خاوێنكردنەوەی ئەو كەلوپەلانەیە كە مرۆڤ بەشێكی ڕۆژانە و بەردەوام بەكاریدەهێنێت؛ لەوانەش مۆبایلەكان، بەو پێیەى دەبرێنە چەندین شوێنی جیاواز و بەشێوەیەكی بەردەوامیش بەكاردەهێنرێت، ڤایرۆسى كۆرۆناش دەكرێت بە ئاسانی لەسەرى بژی.
پسپۆڕەكان چەند ڕێنماییەكی تایبەتیان بۆ پاكردنەوەى مۆبایلەكان خستۆتەڕوو كە بە چەند هەنگاوێك دەكرێت و بەو شێوەیە ڤایرۆس و میكرۆبی سەر ئامێرەكە لەناو دەچێت.
لەسەرەتادا پێویستە مۆبایلەكە بكوژێندرێتەوە، پاشان ماددەیەكی پاكەرەوە كە زۆر بەهێَز نەبێت بخرێتە سەر پارچەیەك پەڕۆی نەرم و ئامێرەكەی پێ بسڕدرێت، هەروەها دەكرێت پەڕۆكە بە ئاو و سابون بشۆردرێت و مۆبایلەكەی پێ خاوێن بكرێتەوە.
باشترە بۆ سڕینی ئامێرەكە پەڕ و كەلوپەلی زبر بەكارنەهێنرێت، هەروەها بەو خاوێنكەرەوانە مۆبایلەكە نەسڕدرێت کە ماددەی پاكەرەوەی بەهێزی تێدایە، چونكە ئەوانە زیان بە مۆبایلەكە دەگەیەنن.
باشترە ئەو كردارە لە ڕۆژێكدا دوو جار ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەى ڤایرۆس و میكرۆبەكان هیچ مەترسییەك لەسەر تەندروستی دروست نەكەن.