وڵات: د.ئاسۆ محمود
بەردەوام دۆستان و هاوڵاتیان دەپرسن ، چی بخۆین دەمانپارێزێت لەکۆرۆنا؟
لە ڕاستیدا هیچ شتێک نی یە کە بخورێت و بتپارێزێت لە کۆرۆنا بەو دڵنیایەی ئێمە دەمانەوێت.
زۆر باسی ئەو شتانە کراوە کە خواردنی بۆ بەرگری و هاوسەنگی لەش باشە، بەڵام ئەوەش گرنگە کە چی نەخۆین باشە.
گەر دەتەوێت بەرگری لەش بەهێزبێت شەکر مەخۆ، شەکر هۆکاری سەرەکی دابەزاندنی بەرگری لەشە، چونکە وا دەکات کە خرۆکە سپی یەکانی لەشمان کە سەربازی بەرگری لەشمانن توانای قوتدانی میکرۆب(بەکتریا و ڤایرەس)یان کەم دەبێتەوە.
بۆیە پێویستە لەم کاتەدا بەهەمو شێوەیەک خواردنی شەکر بە تایبەت شەکری سپی کەم بکەینەوە وە باشترە هەر نەیخۆین.
هەرچی پەیوەندی بە شەکری میوەکانەوە ئەمانەش زۆر خواردنیان کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی بەرگری لەش هەیە، پێویستە خواردنی میوەکان بخەینە ڕۆژ و شەوان دوربکەوینەوە لە خواردنیان وە نابێت زیادەڕۆی بکەین لە خواردنی میوە بە بیانوی ئەوە کە ڤیتامین و کانزاكانی تێدایە، چونکە زۆر خواردنی هیچ سودی نییە و زیادەکەی دەکرێتە دەرەوەی لەش ، بە پێچەوانەوە زیان دەگەیەنێت شەکرەکەی دەگۆڕێت بۆ چەوری و لە لەشدا کۆدەبێتەوە.
خواردنی سەوزەکان زۆر زیاتر سود بە لەش دەگەیەنێت، سەرباری بونی ڕێژەیەکی باش لە کانزاکان دژە ئۆکسێنەری تێدایە کە ئەگەری دروستبونی خانە شێرپەنجە یەکان کەم دەکاتەوە.
لە کۆتایدا ئاو خواردنەوە لە یاد مەکەن، ئاو پێکهێنەری سەرەکی لەشی مرۆڤە و لە هەمو ماددەکانی تر زیاتر پێویستە بۆ لەش،جگە لەو کەسانەی کە بە هۆکارێکی دیاری کراو پزیشک خواردنەوەی ئاوی بۆ دیاری کردون، مرۆڤ دەبێت رۆژانە (۲ تا ٤) لیتر لانی کەم ئاوبخواتەوە ، بێگومان نابێت لە یەک کاتدا بخورێتەوەو دەبێت دابەش بکرێت بەسەر شەو وڕۆژێکدا.