وڵات: سپۆرت
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندنی پورتوگال، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له نزیك ماڵی كریستیانۆ رۆناڵدۆ له شاری مادێرا روویداوه و دۆخی ئه‌و یاریزانه له مه‌ترسی دایه.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی یوڤێنتۆسی ئیتاڵیا هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئیتاڵیای جێهێشتووه و گه‌ڕاوه‌ته‌وه شاری مادێرای پورتوگالی و هاوشانی جۆرجینا رۆدریگێز و منداڵه‌كانی و دۆلۆریسی دایكی له دوورگه‌یه‌كی ئه‌و شاره ده‌ژین.
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا به‌پشتبه‌ستن به هه‌واڵێكی پێگه‌ی پۆلۆی پورتوگالی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه له دووری 49 كیلۆمه‌تر له ماڵه‌كه‌ی كریستیانۆ بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك روویداوه، ئه‌گه‌رچی زیانی ماددی و گیانی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه نه‌بووه، به‌ڵام مه‌ترسی بوومه‌له‌رزه‌ی زیاتری لێ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كریستیانۆ هاوشانی خانه‌واده‌كه‌ی له ناوچه‌ی فونشاڵ كه ده‌كه‌وێته هه‌رێمی مادێرا له ماڵه‌كه‌ی خۆی كه‌ره‌نتینه كردووه و ناچێته ده‌ره‌وه.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ته‌مه‌ن 35 ساڵ، دوای تێپه‌ڕكردنی 9 ساڵ له ریال مه‌درید له هاوینی 2018 به به‌های 100 ملیۆن یۆرۆ روویكرده یانه‌ی یوڤێنتۆس، له‌گه‌ڵ یانه‌ی خانمه‌پیره‌كه له كۆی 75 یاری له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان 53 گۆڵ و 14 ئاسیستی كرد.