پێشبینى دەکرێت حکومەتەکەی مەسرور بارزانیی بە شێوەیەکی مەترسییدار دەست بۆ مووچەى فەرمانبەران ببات

  • March 19, 2020
  • 1063 Views
پێشبینى دەکرێت حکومەتەکەی مەسرور بارزانیی بە شێوەیەکی مەترسییدار دەست بۆ مووچەى فەرمانبەران ببات

وڵات:تایبەت

شارەزایانی ئابووریی و سیاسیی رایدەگەیەنن، کە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، کاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتانە دەبێت کە بەشی هەرەزۆری  سیاسەتی ئابوورییەکەی پشت بە نەوت دەبەستێت، جەخت دەکەنەوە کە ئەم نرخ دابەزیننەی نەوت کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبێت و کارەساتی ئابووری دروستدەکات.

بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) بازاڕی نەوت داکشا، زۆر لە وڵاتەکان ناچار بوون کارگە پیشە سازییەکانیان و جوڵەی بازرگانییان رابگرن، ئەمەش وایکرد، ئەو وڵاتانە نەوتێکی کەمتر هاوردە بکەن و کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر ئابووریی جیهان هەبووە.

ناوەندە گەورە داراییەکانی جیهان پێشبینیی ئەوەیان کردبوو، خواست لەسەر بەکارهێنانی نەوتی خاو کەمببێتەوە؛ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێندەی تر خواستی بەکارهێنانی نەوت کەمیکردەوە.

نرخی یەک بەرمیل نەوت لە مساڵدا ٪٥٦ دەبەزیوە و کە رۆژی چوار شەممە ٢٠٢٠/٣/١٨، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیی دابەزی بۆ  ٢٠ دۆلاری ئەمریکیی و یەک بەرمیل نەوتی برێنت  دابەزی بۆ ٢٦ دۆلاری ئەمریکیی.

ئەمە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانەی کە ئابوورییەکەیان، زیاتر لە ٪٩٠ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، داڕمانێکی جەرگبڕە.

بێوار خنسی، پسپۆر و شارەزای ئابووریی قسەلەوەدەکات کە: هەر وڵاتێک ٪٩٠ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، جا عێراق بێت یان هەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەی ئابووریی بەردەکەوێت، دابەزینی نرخی نەوت بەم شێوەیەی ئێستا دابەزیوە، هەرێمی کوردستان رۆژانە شەش میلیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار زەرەر دەکات.

جەختیشکردوە: ئەگەر بۆ هەرێمی کوردستان رێژەکە زیاتر بێت، ئەوا ٪٥٠ی داهاتی هەرێمی کوردستان دادەبەزێت، دابەزینی داهاتی وڵاتێک بە رێژەی ٪٥٠ کە ٪٩٠ی داهاتەکەی لەسەر نەوت بێت، رووبەڕووی کێشەی ئابووریی گەورە دەبێتەوە.

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوەت، حكومەتی عێراق بە نیازە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە گەورەیەی لە بودجەی پەسەند نەكراوی ئەمساڵیدا هەیەتی، روو لە قەرزی دەرەكیی بكات.

مەزهەر محەمەد راوێژكاری باڵای دارایی حكومەتی عێراق، جەخت لەوەدەکاتەوە كە كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵی عێراق ٥٠ بۆ ٧٠ میلیارد دۆلاری ئەمریكیی تێپەڕاندووە، بە هۆی زیادبوونی خەرجییەكان، لەلایەكی دیكەشەوە بۆ ئەم بودجەیە نرخی بەرمیلی نەوت بە ٥٦ دۆلار خەمڵێندراوە.

هاوکات  جەمال کۆچەر، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، “بەو پێیەی نەوت زۆرینەی رەهای بودجە و خەرجییەکانی عێراق پێکدەهێنێت، مەترسی رودانی کارەساتی ئابووریی بۆ خەڵكی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و پێویست دەکات لە دانیشتنێکی ئاشکرادا وردەکارییەکان بۆ رایگشتیی ئاشکرا بکرێت”.

لە دابەزینی نرخی نەوت، هەرێمی کوردستان نزیکەی ۲۱٦ میلیۆن دۆلار و عیراقیش زیاتر لە سێ میلیارد و ٥۰۰ ملیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت.

شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی لیژنه‌ی وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ گفتوگۆی بەرنامەیەکی رادیۆییدا باسی له‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وتی خاو له‌ بازاڕه‌كانی جیهان و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر عیراق و هه‌رێمی كوردستان كرد و وتی: به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی داهاتی هه‌ردوولا له‌سه‌ر نه‌وته‌، بۆیه‌ به‌ دابه‌زینی نرخی نه‌وت داهاتی هه‌رێمی كوردستان و عیراقیش كه‌مده‌كات، بۆیه‌ فشار له‌سه‌ر عیراق و هه‌رێم دروست ده‌بێت.

قسەی لەوەشکرد، ده‌بێت پرسی مووچه‌ی موچه‌خۆران وه‌ك هێڵی سوور مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و ده‌ستی بۆ نه‌برێت.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی وزه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاشكراشیكرد، به‌پێی خه‌مڵاندنه‌كان، له ‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ ٥٠٠-٧٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵام مانگانه‌ ته‌نها ٣٠٠ میلۆن دۆلار بۆ مووچه‌ دابینده‌كات و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی نازانرێت چی لێدێت، بەڵام ئەو داهاتەی دیارە تەنها ٣٠٠ ملیۆن دۆلار مەقتوعە، كە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەیدات بە وەزارەتی دارایی بۆ دابەشكردنی مووچە، ٤٥٤ میلیارد دیناریش لە بەغداد بۆی دێت، سەروو ئەو ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە خۆیان نەبێت كەس نازانێت چی پێدەكرێت و هیچ دیكیۆمێنێت نیە بیسەلمێنێت چۆن خەرج دەكرێت، بۆیە ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری بكات، دەبێت كاریگەری لەو ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ میلیۆن دۆلاری داهاتی نەوتە بكات، كە دیار نیە، نەك مووچەی فەرمانبەران.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە هەرێمی كوردستان شتێك نییە بەناوی سیستمی دارایی، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەی بەم دۆخەی دروستبوونی كۆرۆناوە كاریگەری لەسەر بازاڕ و ئابووری لە لایەك و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت، دەبێت حكومەتی هەرێمی شەفاف بێت و ئەو نادیارییەی زیاتر لە نیوەی داهات ئاشكرا بكات، بۆ ئەوەی خەڵكی متمانەی پێ بكەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت لە مانگی داهاتووەوە بە ٤٠ رۆژ جارێک مووچە دابەشبکات و مووچەی فەرمانبەران کەمبکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی “وڵات میدیا” ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان “لە دوای مانگی ئازار و سەرەتایی مانگی نیسانەوە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتەوە قەیرانی دارایی و سیستمێکی مووچەی نوێ پەیڕەوە دەکات، ئەمەش بە شێوەیەک بە ٤٠ رۆژ جارێک مووچە دابەش دەکات، دەرەماڵەکان دەبڕێت.”

ئەوا نزیکەی سێ مانگ بەسەر ساڵی ٢٠٢٠ دا تێپەدپەڕێت حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ دابەشدەکات، تاوەکو ئێستاش مووچەی وەزارەتی تەندروستیی و وەزارەتی ناوخۆی بە تەواوی نەداوە.

دوێنێ چوارشەممە، ١٨ی ئاداری ٢٠٢٠، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکبووەتەوە لە سفر، بەڵام ئەوان بیریان لەوەکردەوە هاتوچۆ رابگرن و بڕیاری قورستر بدەن ئەگەر هیچ داهاتێکیان نەمێنێت، تەندروستیی هاووڵاتیانییان لە لا گرنگترە وەک لە داهات و ئابووریی.

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرەڕای هەموو قەیرانەکان، حکومەتی عێراق بەردەوامە لە دابەشکردنی مووچە، هەر بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوە بکات، دەست بۆ مووچەی هاووڵاتییان نەبات، بەڵکو لە رێگەی ترەوە ئەوە چارەسەر بکرێت.

هه‌ربە گوێرەی زانیارییه‌كانی “وڵات میدیا”، حكومه‌تى هه‌رێم له‌م مانگه‌دا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران وه‌كو مانگه‌كانى رابردوو دابه‌شده‌كات، به‌ڵام له‌ مانگى داهاتوودا، ئەوەهەیە کە بە سیستمی‌ نوێ مووچە دابەشدهکرێت.

 ئه‌ویش به‌ خه‌رجكردنى ته‌نها مووچه‌ى بنه‌ڕه‌تیی و ده‌رماڵه‌ى بڕوانامه‌ و هاوسه‌رگیرىی، ئه‌وا دابه‌شكردنى موچه‌ش ٣٥ بۆ ٤٠ رۆژ جارێك ده‌بێت.  له‌گه‌ڵ بڕینى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران حكومه‌ت هه‌رێمى كوردستان به‌ جێبه‌جێكردنى مادده‌ و بڕگه‌كانى یاسایى چاكسازىی به‌شێك له‌ داهاتى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و میكانیزمێكیش بۆ پێدانى مووچه‌ى خانه‌نشینى مه‌ده‌نىی و شارستانىی داده‌ڕێژێت. ئەوەش زاندراوە کە وا بڕیاریشە له‌ مانگى داهاتووه‌وه‌ موچه‌ى پله‌ باڵا و تایبه‌ته‌كانی وه‌زیر و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى بەگوێرەی ئه‌و سیستمه‌ى له‌ یاسای چاكسازییدا هاتووه‌ دابه‌شده‌كرێت و به‌شێك له‌ مووچه‌كانیان ده‌بڕدرێت.

شارەزایانی سیاسیی و ئابووریی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، حکومەتەکەی مەسرور بارزانیی، جگە لەوەی ئامادە نییە ئەو رێککەوتنە ٥٠ ساڵییەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کردویەتی لەگەڵ تورکیا کە نەوتی هەرێمی کوردستان بە کەمترین نرخ نەوت بە تورکیا دەفرۆشێت و کەسیش نازانێت چی لە پارەکە دێت، تەنانەت لەم قەیرانەشدا دۆلارێک لە پارەیە بدەن بە گەل کەی خۆیان؛ ئەوە جگە لەوەی داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل رۆژانە یەک میلیۆن دۆلارە پارەتی نەبێت کەس نازانێت پارەکەی بۆ کوێ دەچێت، جا لە بارودۆخێکی وادا ئەو پارەیە دەتوانێت بەشێکی زۆری مووچەی خەڵک دابین بکات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو