ئەزمون و تراژیدیا

ئەزمون و تراژیدیا

وڵات: عومەر محەمەد سەرنوسەرى گۆڤارى ئەنفالستان


٢٥ی ئازاری ٢٠٢٠ سلێمانی
دەڵێن کۆرۆنا هەژارو دەوڵەمەند ناناسێت، ئەگەرچی دەزانم گەیشتووەتە ماڵی سەرۆک و وەزیرو پەرلەمانتارانیش، بەلام هێشتا بڕوا بەوە ناکەم هەژارو دەوڵەمەند نەناسێت، بە هیوام دۆخەکە هێندە خراپ نەبێت وەک چاوەروان دەکەم، چونکە من بە ئەزمونی خۆم لەناو تراژیدیادا بەدەرئەنجامێکی ناخۆش گەیشتووم، بەتایبەتی کاتێک لەرێکخراوێکی بیانی کارم دەکرد، خەڵک موچەو نانی نەبوو ئێمە بەدۆلار موچەمان وەردەگرت، ئەو دڵرەقییەی ئێستا لەپەرلەمانتاران و بەرپرسان دەیبینن، لە کارمەندە خۆشگوزەرانەکانی رێکخراوەکانم دیووە، جا ئەگەر ئێمە لە (N.G.O)کان مانگانە ٢٠٠ دۆلارێکمان وەردەگرت وخۆمان بە پاشا دەزانی، ئەوانەی لەوسەروەختەدا کارمەندی (UN) بوون لە سەروی ١٠٠٠ دۆلاریان وەردەگرت، ئەم نوخبەیە لەهەموو کەس زیاتر بەر مرۆڤی هەژارو شکستخواردوو ئاوارەی ناو سەربازگەو قوتابخانەکان دەکەوتن. ئەو رۆژانە هەژاری هەتا نزیک مەرگ کوشندە بوو، لەبەرانبەریشدا، دڵرەقی و بەدکاری دەسەڵات و سەرمایەداران هەتا لوتکە ڕۆیشتبوو.


کۆی دۆسێی ئەنفالم بە فەرامۆشکراوی وبەبزنسکردن وبازرگانی پیوەکردنەوە دیوە، بازرگانەکانی ئێسک وکەللەسەرم بە ئۆتۆمبیلی های مۆدێل و بە شیکی وبەچاکەت وپانتۆڵ وبەرگی زۆرگرانبەهاوە دیوە، لە ناو دۆسێی ئەنفالدا خوێنساردی و بێباکی نزیکترین کەسی ئەنفالکراوانم دیوە، بەگشتی مرۆڤی بێهەست و بێ ویژدان و بە درەفتارو بێ مۆراڵم زۆردیوە، لەلایەک مرڤ هەبوون لە ناو کۆمەڵگاکاندا هەروا کەمێک لەم لای مەرگەوە دەژیا، بەگشتی ژیانیان لەناو کۆمەڵگا زۆرەملێکان هێندە سەخت وتوش بوو، جیاوازییان لەگەڵ نوگرەسەلمان تەنها ئاوهەوا بوو، دەنا هەمان ژینگەو تاسو حەمام بوو، تەنانەت لەناو خزم وعەشرەت و ماڵەکانیشدا حەجاجێک هەبوو. بەناز* لە تۆپزاوا لە دایک ببوو، دوای ئەنفالکردنی باوکی مامەکانی رێک لە ژورەوە زیندانیان کردبوو، موچەکەی باوکیشیان دەخوارد، ئەگەر لە تۆپزاوا لە باوەشی دایکیدا بوو، لەکۆمەڵگە زۆرە ملێکەدا بینینی دایکیشیان لێ زەوت کردبوو.

عەدالەت تاقە دەربازبووی خێزانێکی ٥ کەسییە هەر بۆمەینەتی بەجێماوە ئەو حەجاجی عروبەی نەدیوە بەڵام دەیان شەق وقامچی حەجاجەکانی کوردی بەرکەوتووە، حەجاجەکان عەرەب نەبوون، کوردبوون، ئامۆزای بوون موچەکەشیان دەخواردو تێشیان هەڵدەدا.

خاتوون تاقانە دەربازبووی ماڵی باوکێتی هەرئەوەندەی گوتیان موچەی ئەنفالکراوان دێت مامی لەنفوس ئەویشی مراندبوو، لەبەرئەوەی موچەکەی هەڵلوشێت !


ئەم مرۆڤە شکستخواردوانە پێویستیان بەهەستانەوەو شکۆ بوو، کەچی راگەیاندنەکان وا وێنایان دەکردن، کە داوای موچەوئیمتیاز دەکەن ! بەلام نا ئەوان داوای شکۆو دادپەروەرییان دەکرد داوای هەناسەیەکیان دەکرد بۆیان بگەرێتەوە ئاخر خۆ هەموو جارێک هەناسە هەوایەکی پاک نیە، هەندێک جار قسەیەکی خۆشە، سڵاوێکە،


لەڕوی دۆکێومێنت و رۆشنبیریی وبەجیهانی کردنی دۆسێکەو بەجیهان ناساندنەوە گوێم لە فشەوفیشاڵ وفڵتەفڵتی جیاوازبووە، لەزۆر کۆڕوکۆمەلیش بەشداربووم، بەڵام نیازو ئامانج لەدواییدا دەردەکەوت (سەفەر، پارە، پاداشت) و هەندێک جاریش دادەبەزی بۆ خواردنەوەی تەنها بیبسییەک بەبەلاش، بۆفێی ناوهۆتیلەکان و خەون وخەیاڵی بۆفێ خۆرەکان و ژیانی قوربانییەکان لەناو کۆمەڵگەی زۆرەملێی شۆرش و صمودو پیرەمەگرون و بەحرکە زۆر زۆر لێک دورو جیاوازبوون.


کاتێک دەستم دایە تۆمارکردنی چیرۆکەکانی ئەنفال، هێندە خۆشخەیاڵ بووم، وامدەزانی نەک هەردەستم دەگرن بەڵکو رەنگە نەپەرژێمە سەر دۆستان و دڵدانەوەی ئەوانەی دێن هاوکاریم دەکەن، برواتان بێت هەر چالاکوانەکان خەریک بوو سەرم بەفەتارە بدەن، ئەوەی بەراستی و بەدڵ بەتەنگەوە هات کەسە زۆر سادەو ساکارەکانی ناوکۆمەڵگا بوون نەک دەزگا رۆشنبیری وحکومیەکان وڕێکخراوەکانی تایبەت بەئەنفال !

سەدام وبەعس روخان و ئەم بێباکی وخۆدزینەوەیە هەر بەردەوام بوو، ئەوە ٣٣ ساڵ تێپەڕی و ئێوەش وەک من شاهیدی دروستکردنی سەدان مزگەوتن لەلایەن حزبە ئیسلامیەکانەوە، شاهیدی دەیان کافێ و مۆڵ و مەلەوانگەو باخو ڤێلای گرانبەهان لەلایەن دەوڵەمەندانی نیشتمان پەروەرەوە، بەڵام کوا سەنتەرێک بۆ دۆکێومێنت و توێژینەوە ؟ کاتێک قسە دەهاتە سەر ئەنفال وهەڵەبجە هەموویان دەمەوەربوون بەلام کوا خەرمانی چیرۆکە تۆمارکراوەکان ؟ دەیان رێکخراو بۆ ئەو پرسە دروستکران کوان لە کوێن و چییان کرد ؟ هەموویان گوتویانە گۆڤارەکەتان گرنگە، کارێکی باشە و گۆڤاری ئەنفالستان مێژووی ئەنفال دەنوسێتەوە، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە ئەم گۆڤارە بووەستێ و چاپ نەکرێت ! حکومەت هاوکاری چەندین کەسی ناچالاکی کردووە بەناوی ئەنفالەوە ئۆفیس دانێت، بەپارەو پولی حزب و حکومەت گەشت بکات، کتێبی خراپ چاپ بکات، ئەمە بۆچی ؟ خراپترین کتێب دەربارەی ئەنفال وهەڵەبجە چاپکراون و سەدان کەس دەڵێن دەستتخۆش بێت کەس نییە بڵێت ئەو کارە خراپەت بۆکرد ؟!


هەتا ئێستا خاوەنی دوو فیلمی زۆرباش نین چیرۆکی ئەنفال وهەڵەبجە بگێڕیتەوە، بەڵام ئامادەبوون هونەرمەندی بیانی، سەماکاری بێ ئەزمون، لۆتی و سۆزانی و دەڵاڵی هەموو شتێک بانگ بکەن بۆکوردستان و بەبەستە دۆلاری لە گیرفان بنێن، لەکاتێکدا دایکان وباوکانی ئەنفالکراو پێویستیان بە سەلامێک بوو، بەرپرسانی وڵات ! دەست ودیاری بەهاداریان بۆ خوشکی گێلفرێندەکەی بریمەر دەنارد ئەگەر باوەرناکەن (برۆن یادەوەریی “ویداد فرانسیس” دیاری پێبەخشراو بخوێننەوە!) .


بەهەرحاڵ، ئەمەم تەنها وەک پێشبینی کارەسات نوسی، بەهیوام ڤایرۆسی کرۆنا هەتا ئێرەبێ و ببڕێتەوە وکارەسات رونەدات، چونکە ئەگەر رویدا لەناوئەم دڵڕەقیەدا مرۆڤایەتی دوابزمارلە تابوتی خۆی دەدات، بە هیوام دوای کۆرونا مرۆڤایەتی وەک ئێستا بێباک وخەمسارد نەمێنێتەوە، خەڵکی هەژار بەتەنگ خۆیانەوە بێن وخۆیان نەدەنە دەست دوعاوپاڕانەوەیاخود وەهمی چاوەروانی لە خێروسەدەقەی دەوڵەمەندان و بەرپرسان. بەڵکو هەژارانیش بەخۆیاندا بچنەوەو ژیانی خۆیان لەسەر بەرژەوەندی گشتی رێکبخەنەوەو دۆخەکە بەبارێکدا وەرچەرخێنن تیایدا مرۆڤ بەشکۆوە بژی و مردووەکانیان بەحورمەتەوە ئەسپەردەی خاک بکەن.

*- هەموو ناوی بەنازو خاتون و عەدالەت خوازراون، بەڵام چیرۆکەکانیان راستیە .

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو