کۆرۆناهۆڵیوود وستۆدیۆکانی ئەمریکا بۆ بەرهەمهێنانی فیلم توشى کارەسات دەکات

کۆرۆناهۆڵیوود وستۆدیۆکانی ئەمریکا بۆ بەرهەمهێنانی فیلم توشى کارەسات دەکات

وڵات: هەمەڕەنگ

هەریەکە لە کۆمپانیاکانی دیزنی ئەمریکی و یونیڤێرساڵی بەرهەمهێنانی فیلم ئاماژە بە کاریگەرییە خراپەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن لەسەر بواری بەرهەمهێنانی فیلم لە ئەمریکا و دەڵێن: “ماوەی 20 ساڵ دەبێت دۆخی وا دژوار بەسەر سینەمای ئەمریکادا نەهاتووە”.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی 2019 دا زۆربەی وڵاتانی جیهان دەستیان کرد بە رێگری توند لە وڵاتەکانیان بەمەبەستی بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زۆربەی کەرتە بازرگانی و بەرهەمهێنانەکان زیانیان بەرکەوت بەتایبەت کەرتی سینەما لە جیهاندا بەگشتی و لە ئەمریکا بەتایبەتی کە بەبزوێنەری بەرهەمهێنانی فیلم و دراما دادەنریت لە جیهاندا.

راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات “لەسەرەتایی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە وڵاتاندا و بەتایبەت لە چین و وڵاتانی ئاسیا یەکێک لەو شوێنانەی کە قەدەغە کرا خەڵکی بۆی بچن، سینەماکان بوو، چونکە سینەما شوێنیکی قەرەباڵغ و داخراوەو هاوڵاتیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک تێیدا دەمێنەوە، کە ئەمەش وا دەکات ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر بە ئاسانی تێیدا بڵاو ببێتەوە، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری هەبوو لەسەر داهاتی ئەو فیلمانەی کە نمایش دەکرێت، بۆیە زۆربەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم یان کاتی نمایشکردنی فیلمە نوێکانیان دواخست یان بەرهەمهێنانی فیلمەکانیان راگرت”.

کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمی ئەمریکی (یونیڤێرساڵ) بە فەرمی بەرهەمهێنانی فیلمەکانی راگرت تا ئەو کاتەی هۆڵی سینەماکان بەڕووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە.

تا ئێستا هەریەکە لە کۆمپانیاکانی وەک Sony Pictures و Warner Brosبەرهەمهێنانی فیلمەکانیان رانەگرتووە، بەڵام پێدەچێت کاتی پەخشکردنی لە سینەماکاندا دوابخەن، بەڵام تەنیا لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا سینەماکانی باکوری ئەمریکا بە بەهای 55 ملیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، بەهای فیلمەکانی ئەمریکاش لە چین و ئەو تکتانەی کە دەفرۆشرێن بەشێوەیەکی بەرچاو زیانی بەرکەوتووە کە دەگاتە 698 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە سەرەتانی مانگی کانوونی دووەمەوە، کە ئەمە کارەساتێکی گەورە یە بەر داهاتی ستۆدیۆکانی ئەمریکا و هۆڵیوود دەکەوێت.

وەک ئاماژەی پێدەکرێت ئامارێکی تەواو لە بەردەستدا نییە تا بتوانین زیانەکانی بەرهەمهێنانی فیلمی هۆڵیود لە جیهاندا بزانرێت، بەڵام خەمڵادنە گشتییەکان ئەوە دەردەخەن کە رەنگە بەبەهای زیاتر لە 3 ملیار دۆلار زیان بەر هۆڵیوود کەوتبێت لەماوەی ئەم 2 مانگەدا کە سینەماکان لە جیهاندا بەڕووی هاوڵاتیاندا داخراون.

یەکێک لە فیلمە هەرە بەهێزەکانی هۆڵیوود کە هەوادارانی ماوەی چەند ساڵێکە چاوەڕوانی ئەوەن بەشی نوێی دەربچێت فیلمی (NO TIME TO DIE) ی جەیمس بۆندە کە وا بریاربوو 20 نیسان لە سینەماکانی جیهان پەخش بکرێت، رەنگە بەهۆی چۆڵیی سینەماکان و کەمیی بینەرەوە پەخشی ئەو فیلمە بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو