ولآت: بەدران محێدین مستەفا
رەنگە زۆربەمان بە ناوی (بالوول)ی برای خەلیفە ھاڕوون رەشید ئاشنابین، دانایی و ژیریی ئەو پیاوە زۆرجار ببووە رزگارکەری خەڵکی بەشمەینەت و ھەژار.
لەسەردەمی خەلیفە ھاڕوون رەشید ئەوکاتەی نەخۆشی تاعوون بە شێوەیەکی خێرا تەشەنە دەکات و خەڵک بەهۆی برسێتی و نەخۆشی دەمرێت، رۆژێک خەلیفە لەناو خێزانەکەی دانیشتبووە و دەڵێ: دەبێت ئێوە سوپاس گوزارم بن کە من خەلیفەم و ئێوە دوورن لە نەخۆشی تاعوون، بالوولی دانا بە وەڵامێکی ساکار دەڵێت: گەورەمان خۆش بێت خودا بە رەحمە خۆ دوو دەردمان بۆ نانێریت، خەڵک تاعونی ھەیە ئێمەش تۆ.!
لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتە تازەکەی مەسرور بارزانی ئەو ھەرا و ھۆسە میدیاییەی دەستیان پێکرد بۆ ھەندێک شتێکی تازە بوو، لای ھەندێکی تر ھیوا بوو، بەڵام ئێمە بەپەرۆشەوە سەیری دۆخەکەمان دەکرد، جارنا جارێک دەستمان دەخستەسەر برینەکە کەچی پێیان دەووتین: ئێوە پەلەتانە و رەشبینن!
ئاخر بۆ ئێمە زۆر و ڕوونبوو کوردەواری وتەنی: کەشکیش برای دۆیە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ و ئێمە دەبینین کە رەنگە خەڵکانێکی تووشی شۆک کردبێت کە لە ئەزەلەوە شۆک بوونی ناوێت چونکە میدیایی قەبە و فیکە نەیتوانی بەردەوام بێت، کۆرۆنا و قەیرانی دارایی بالۆنەکەی خاڵیکردەوە.
نامەوێت نووسینی بابەتێکی لەو شێوەیە ببێتە مایەی دڵگرانیی بۆ گوزەرانی خەڵک، بەڵام بێ ویژدانیە شاردنەوەی راستیەکان، ئەگەر دەنگ بەرز نەکرێتەوە رەوشی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتایی ساڵی 2014.
بە داخەوەین و ھیوادارین رێگری ھەبێت.
بەردەوام دان بەو دۆخە و بێ دەنگ بوون بەو حوکمەی ئێستا ھەیە زەرەرمەندی یەکەم چینی مووچەخۆران و کاسبکاران دەبن، بێ باکی حکومەت و دەسەڵاتی یەکەم ئەوە ماڵ وێرانی بۆ خەڵکە، دەست بردن بۆ بڕینی مووچە و نەبوونی ژێرخانێک دوو کارەساتی گەورەی مرۆین، لە ھەر شوێنێکی ئەم دونیایە بووایە دەبوو سەرۆکی حکومەت لەبەردەم خەڵکەکەی داوای لێبووردن بکات و دەست لە کار بکێشێتەوە، ئەگەرچی مەسرور بارزانی پێچەوانەی یاسا و تەواوی عورفی سیاسیە کەچی میدیاکانیان پەمپ دەدەن کە دەبێت سوپاسگوزاریی بین لەم دۆخە ئەو سەرۆک حکومەتەمان ھەیە، ئێستا بۆ ھەموومان ڕوونە ھەگبەکەی مەسرور بارزانی ھیچی تێدانەبوو بگرە خراپتریش لە ھەگبەی ئامۆزاکەی، بەدبەختی ئەو خەڵکەش وەک سەردەمەکەی ھاڕونە رەشیدە تەواوی دونیا ھەر دەردێکی بۆ ھاتووە ئەویش کۆرۆنایە ئێمە نەبێت دوو دەردمان بۆ ھاتووە کۆرۆنا و مسرور بارزانیە.