وڵات:ساڵح ژاژڵەیی
هەرێمی كوردستان بە بارودۆخێكی زۆر هەستیاردا گوزەردەكا ، لە لایەك ڕوبەڕوی مەترسی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بۆتەوە . لە لایەكی ترەوە ڕوبەڕوی قەیرانی ئابوری بۆتەوەو حكومەت موچەی فەرمانبەرانی پێ نادرێت .
ئێستا كە مستەفا كازمی ڕاسپێراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ كاتێكی زۆر هەستیارە بۆ هەرێمی كوردستان و دەبێ ڕێكەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئەو ئەنجام بدەن و تا ئێستا ڕونیش نییە ئەو چۆن هەڵس و كەوت لەگەڵ هەرێم دەكات .
لە بری ئەوەی هەوڵ بدرێت ناوماڵی كورد ڕێك بخرێت و بە یەكگرتویی بچنە بەغداو هەوڵی بەدەست هێنانی شایستە داراییەكانی هەرێم و مافە نیشتمانیەكان بدەن ، خەریكە ئاگری شەڕێكی خوێناوی خۆش دەكرێت ، بە هۆی كەسانی هەل پەرست و نا بەرپرسیارەوە و كوردستان خەڵتانی خوێن بكەن .
سەرەتای دەستپێكردنی ناكۆكیەكان و دەستپێكردنی شەڕی میدیاو دەركردنی بەیاننامە لە سەر یەكتری دەگەڕێتەوە بۆ گرتنی پاسەوانێكی ڕێباز حەملان لە لایەن پارتییەوە كە سەر بەیەكێتییە بە تۆمەتی سیخوڕی كردن بۆ لایەنێكی تر . ئەوەش نەگبەتییەكی تری كوردی داماو . لە ڕاستیدا دەبوو ڕێباز حەملان خۆی پاسەوانی خەڵك بوایە : نەك پاسەوانی هەبێت و ببێتە مایەی دروستبونی شەڕ. دوای ئەمانە كێشەی لە سێدارەدانی مستەفا سەلێمی لە لایەن حكومەتی ئێرانەوە و دروستبونی شەڕی ئیعلامی و تۆمەتبار كردنی یەكتری ، كە لە ڕاستیدا هیچ پێویست نەبوو ئەوە بكرێتە كێشە ، بەڵام وەكورد دەڵێت: ئەم ماستە بێ مو نییە .
بەڕاستی مایەی سەرسوڕمانە بەڕێز مەسعود بارزانی ئاوا بێدەنگە لە ئاستی ئەم هەموو شەڕی میدیایی و تاوانباركردنی یەكتری و خۆشكردنی ئاگری شەڕ لەم كاتە ترسناك و هەستیارەدا .
ئایا بەڕێز مەسعود بارزانی هەست بە مەترسی ئەم قۆناغە ناكات ، ئەگەر شەڕدروست ببێت چ كارەساتێك ڕودەدات ؟ ئایا وەرتی چی تێدایە شەڕی لەسەر دروست بكرێت ؟ ئەم بێدەگییەی بارزانی گومانی گەورەی بۆ هەموان دروست كردوە .
بەڕێزم ئەوەتا لە كوڵەجۆ پێشمەرگە شەهید دەكرێ و لە جلەولا بەناوی حەشدی شەعبیەوە ، جاش دروست دەكەن بۆ لێدانی كوردو ئێوەش هێز ڕەوانەی زینوی وەرتی دەكەن ؟
ئەوەی ئێستاش لە زینوی وەرتی خەریكە ڕو بدات لە بەرژەوەندی توركیادایە. توركیا چەندین ساڵە نەیتوانیوە پەكەكە لە قەندیل دەركات . بەڵام ئێستا دەیەوێت ئەو كارە بە كورد خۆی بكات . دیارە دروستبونی شەر ِلە نێوان پارتی و یەكێتی ، پەكەكەش دێنێتە ناو هاوكێشەكەوەو توركیاش لەو نێوانەدا هەلێكی باشی بۆ دەرەخسێت و ئەو ناوچەیە داگیر دەكات . ئەوەتا لە یەكەم هەنگاودا تەیارەی توركی چەندین گەریلای شەهید كردن ودوو ئافرەتیش لە كەمپی مەخمور .
دڵنیام ئەگەر بارزانی بیەوێت بە یەك تەلەفون چارەسەری ئەو كێشەیە دەكات بەڵام پێدەچێت نەیەوێت كۆتایی بەو گرژیە بهێنێت و ئەوەش بێ مەبەست نییە . لە هەموی سەیرترئەوەیە : وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر ئەو بۆردومانە هاتونە دەنگ و سەفیری توركیایان بانگ هێشت كردوەو لە نیگەرانیەكانی عێراقیان بەرامبەر بەو دەست درێژیە ئاگادار كردۆتەوە .
سەفیری توركی زۆر ڕاشكاوانە وتویەتی ئێمە قبوڵی ناكەین لەناو خاكی عێراقەوە هێرشمان بكرێتە سەر . بەڵام حكومەتی هەرێم نقەی لە خۆی بڕیوە . كەواتە دروستكردنی ئەم ئاڵۆزیە لەم كاتدا ، بەبەرنامە كراوەو لە خۆوە ڕوینەداوە . ئەوەتا بە خۆڕایی بەهانە درایە دەستی تورك و بەو هۆیەوە هاتە ناو هاوكێشەكەوە . پارتی عەقڵانە وەكو هەموو جارەكانی تر بەرنامەكەی لە ڕێگای وەزیرەكەی یەكێتییەوە جێ بەجێ كرد .
ئەوەتا مەكتەبی سیاسی پارتی بەیانی دەركردوە ، كەو ئەو هێزە بە فەرمانی وەزیری پێشمەرگە جوڵێنراوە . بەڕاستی بە بێ ئەوەی جەنابی وەزیر بە خۆی بزانێت ، سەریان تاشی و كڵاویان كردە سەری و ئاوێنەشیان دایە دەستی . ئێستا دەبێ مستەفا چاو ڕەش دژی شۆڕش ئیسماعیل بچێتە سەنگەرەوە . هەر وەكو چۆن لە ڕێگای جەماعەتێكی ناو یەكێتییەوە ڕیفراندۆمیان ئەنجام داو كە كارەساتە قەوما ئەنجامە خراپەكەیان ملی چەند كەسێكی ناو یەكێتی و ناویان نان ، جەماعەتی 16 ئۆكتۆبەری خیانەتكار و عاقڵانە یەكێتیشی كردە دوو بەرەی دژ بە یەك .
كەواتە شەهید كردنی ئەو گریلاو هاوڵاتیانە بارزانی لێیان بەرپرسیارە ، هەر وەك چۆن بەرپرسیارن لە شەهید كرانی پێشمەرگەكانی كوڵە جۆ . هەموو ئەمانە بەرهەمی سیاسەتە خراپەكانی بارزانین .
زانیاریشمان هەیە بەڕێز نێچیر بارزانی هەر لە سەرەتاوە هەستی بە مەترسی بارودۆخەكە كردوەو ڕۆڵی هەبوە لە هێور كردنەوەی بارودۆخەكە ، بەڵام پێ دەچێ ڕێگری لە هەوڵەكانی گیرابێت . كەواتە چۆن گۆمان نەبێت ، لە لایەك ڕیگری لەنی هەوڵەكانی بەڕێز نێچیر بازانی دەگیرێت كە هەمیشە وەكو پیاوێكی میان ڕەو دەردەكەوێت و لە لایەكی تریشەوە مەسعود بارزانی یەك قسە ناكات لەم بارودۆخە هەستیارەدا .
لە كاتێكی ئاوا هەستیار و مەترسیداردا هەموو كەس بێدەنگ بوایە ، نەدەبوو بەڕێزیان بێ دەنگ بن . ڕادەست كردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران ، هەر كەس و لایەنێك ئەنجامی دابێت ، دەچێتە بابی تاوانەوەو دەبێ هەمومان دژی ئەو جۆرە تاوانەبین . بەڵام كارەساتەكە ئەوەیە كە هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە بەزۆر بەسەر یەكێتیدا ساغ بكرێتەوە .باشە ئەوە چ پەیوەندییەكی بەسەر پارتییەوە هەیە بیكاتە بەهانەی كێشە دروستكردن ؟؟.
ئەگەر ئەوە تاوان و عەیبەو حەیا چون بێت ، بە ویژدانتان ئێوە خۆتان چەند كاری لەو جۆرەتان ئەنجام داوە كە هەر لە ژمارە نایەن ؟ حەق وایە كە باسی شتی لەو جۆرە كرا ئێوە خۆتان بشارنەوە .
هۆكاری دروستكردنی ئەم كێشەیە لەم كاتە چییە؟
دروستكردنی ئەم كێشەیە لەم كاتەدا لە خۆڕایی نییەو بەرنامە داڕێژراو بوەو مەبەستی تایبەتی لە پشتەوەیە . بۆیە مەسعود بارزانی مەسروری كوڕی كردە سەرۆكی حكومەت بۆ ئەوەی لە ئێستاوەو هەتا خۆی لە ژیاندا ماوە ، ئەو بكاتە جێنشینی خۆی و بیكاتە كەسی یەكەمی بنەماڵەو حیزبەكەی و شوێن پێی قایم بكات . بەڵام وەكو دەركەوت لە هەنگاوی یەكەمدا شكستی هێنا و كابینەكەی بە خرابترین كابینەی هەرێمی كوردستان هەژمار دەكرێـت . هەر لە هەنگاوی یەكەمی دەست بەكار بونیەوە دەركەوت كە پیاوی دەوڵەت داری نییەو هەرگیز سەركەوت و نابێت .
حكومەتێك یەك ملیۆن دۆلاری پاشەكەوت نەبێ بۆ ڕۆژی تەنگانەو مانگانە موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین نەكرێـت و ئەوا مانگی نیسانی ساڵی 2020 بەرەو كۆتایی دەچێت و یەك موچەی تێدا نەدرابێـت ، هەر شەرمە پێی بڵێی حكومەت . نازانم هەر چۆن لە ڕویان دێت قسە بكەن .
جگە لەوەش سەرۆكی حكومەت لەم كاتە هەستیارەدا هیچ ڕوڵێكی نەبوەو خۆی شاردۆتەوە و تەنها لە پشتی كۆمپوتەرەوە قسەی كردوە . حكومەتەكەی تەنها بەیانی دەركردوەو قەدەغەی هاتو چۆی ڕاگەیاندوە . ئەی باشە موچە، ئەی ژیانی خەڵك و ئەوانەی نان نییە بیخۆن كێ لێیان بەرپرسیارە ؟. سەرۆكی وڵاتانیش لەپَێشەوەی بەرەی شەڕی كڕۆنادان .
مەسعود بەرزانیش بۆ شاردنەوەی فەشەلی كوڕەكەیی و ڕزگار كردنی ، هاتوە كێشەی زینوی وەرتێی دروست كردوەو كەوتونە دانانی هێز بەرامبەر یەكتری و هەڕەشە لە یەكتری و دروستكردنی ترس و دڵە ڕاوكێ لای هاوڵاتیان . ئاخر ئەگەر ئەمە بە مەبەست نییە ، هێزەكان بكشێننەوەو كێشەكە تەواو دەبێت . ئەی بۆچی ئەو بڕیارە نادەن ؟ چونكە ئیشیان بەو كارەیە .
ئەم سیناریۆیەشی بۆ ئەوە ڕێك خستوە خەڵك سەرقاڵ بكەن بە كێشەی شەڕەوەو مەسەلەی موچەیان لە بیر بەرنەوەو زەمینەش خۆشكەن بۆ دروستكردنی دوو ئیدارەیی . لەوە دەچێت هیچ ئومێدێكیان بە حوكمڕانی نەمابێت و بەتەواوی ئیفلاسیان كردبێـت .