وڵات:گەلەرى
هەرچەندە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێكی فراوانی وڵاتانی گرتوەتەوە و تاوەکو ئێستا پەتاکە لە 185 دەوڵەتدا بڵاوبوەتەوە، بەڵام وڵاتی ڤانواتو رەتیدەکاتەوە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگریکردن لەو پەتایە وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دورگەیە هیچ توشبویەکی کۆرۆنای تێدا تۆمارنەکراوە.
کۆماری ڤانواتو لە چەند دورگەیەک پێکهاتوە و دەکەوێتە ناو زەریای هێمن، هەرچەندە کۆرۆنا لەو وڵاتەدا بڵاونەبوەتەوە، بەڵام زریانە بەردەوامەکان ئەو وڵاتەیان ماندوکردوە و رۆژی 6ی نیسان زریانێک بە پلەی پێنج کە بەبەهێزترین زریانی تۆمارکراو لەو ناوچەیە دادەنرێت وڵاتەکەی گرتەوە و بەهۆیەش زۆرینەی خەڵک ماڵەکانیان خاپور بوە.
دەسەڵاتدارانی ڤانواتو سەرەڕایی زۆری زیانەکانی ئەو زریانە، بەڵام رەتیانکردەوە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان وەربگرن، ئەوەش وەکو ترسێک لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا بەهۆی ئەو هاوکارییانە.
دوای زریانەکە ئوسترالیا، نیوزلاند و چین هاوکارییان پێشکەشی ئەو وڵاتە کردوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دوای سێ رۆژ لە راگرتنی هاوکارییەکانیان بۆ ئەو وڵاتانە گەڕاندوەتەوە.
ژمارەی دانیشتوانی ڤانواتو نزیکەی 300 هەزار کەس دەبێت و لە 80 دورگە پێکهاتوە، دەکەوێتە ناو زەریای هێمن، هەزار و 800 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی ئوسترالیا دورە، بەهۆی مەترسی بڵاوبونەوەی کۆرۆناش هۆکارەکانی گواستنەوە و هاتوچۆ لە نێوان دورگەکاندا راگیراون.