پاراستنی ئابووری کوردستان چۆن خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات؟

پاراستنی ئابووری کوردستان چۆن خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات؟

مایکڵ نایتس

وەڕگێڕانی ڕێبوار ئەحمەد

تایبەت بە وڵات

بۆ دووەمجار لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا هەرێمی کوردستانی عێراق، نزیکترین دۆستی ئەمریکا لە وڵاتەکە، ئابوورییەکەی کەوتووەتەوە بەر مەترسی داڕووخان، ئەوەش بەهۆی دابەزینی زۆر خراپی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواونەبوونی چاکسازییە داراییەکان و نەبوونی داهاتی یەدەگ.

لە کۆتایەکانی ناوەڕاستی ٢٠١٤، نیوە بوونی نرخی نەوت لە ١١٠ دۆلارەوە بۆ ٦٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وای لە هەرێمی کوردستانی عێراق کرد بکەوێتە سەر ئەژنۆکانی، وایکرد بەشێک لە مووچەی مووچەخۆرەکانی بۆ ماوەی چوار ساڵ گل بداتەوە، تا ئەو کاتەی باری ئابووری هەرێمەکە و نرخە جیهانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوباش بوون ڕۆشتن.

ئێستا جارێکی تر نرخەکان بوونەتەوە بە نیوە، لە ٦٠دۆلارەوە نەوت گەیشتوەتەوە ٣٠ دۆلار، لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا تەواوی داهاتە ناوخۆییەکان و گومرگ و باجەکانی نەهێشتووە.لەوەش خراپتر داڕمانی ئابووری ئەمجار ئەتوانێت زۆر مەرگەساتبار بێت ئەگەر حکوومەتی هەرێم بڕیارێکی خێرای گونجاو نەدات، هەروەها ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەخێرایی هاوکاریی نەکات لە ناویدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ڕۆڵیکی سەرەکی لە هەردوو بارودۆخەکەدا هەیە.

ئابووری هەرێمی کوردستانی عێراق چۆن کار دەکات  و چۆن دادەڕمێت؟

وەک هەرێمی نیمچە سەربەخۆ لەناو عێراقدا، هەرێمی کوردستان لەسەر دوو سەرچاوەی دارایی بەڕێوەدەچێت. یەکەمیان داهاتی خۆیەتی کە ئاسایی لەسەر فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت، کە تێیدا ٣٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەرهەمی دەهێنێت، لەگەڵ ١٧٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کە خۆی بەرهەمی دەهێنێت.

سەرچاوەی دووەمی لە ڕێککەوتنی ساڵانەی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە کە ساڵانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دەوەستێتە سەر دۆخی تەندروستی ئابووری عێراق.

لە کۆتایی ٢٠١٩ ئابووری هەرێمی کوردستانی عێراق جوڵەیەکی باشی هەبوو ئەوەش لە سایەی نرخی نەوتی برێنت کە لە دەوروبەری ٦٤ دۆلار بۆ بەرمیلێک هەیبوو، بودجەی بەکاربردنی مانگانە لە دەوروبەری ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە، بەڵام بە کۆکردنەوەی ئەو داهاتانەی دەستی دەکەوێت کە تێکەڵەیەکە لە داهاتی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی سەربەخۆ (٧٠٠ ملیۆن دۆلار) ئەو پارەیەی لەبەغداوە بۆی دابین دەکرا (٣٢٨ ملیۆن دۆلار) هەروەها داهاتی بێجگە لە نەوت (٢٦١ ملیۆن دۆلار) بوو. ئەمساڵ لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نوێدا لە نێوان بەغدا و هەولێر کوردەکان پێشبینیان دەکرد مانگانە ملیارێک و ٤٤٠ ملیۆن دۆلار لە بەغداوە وەربگرن ئەگەر نرخی نەوت وەک کۆتاییەکانی ٢٠١٩ بمێنێتەوە لەبەرانبەریشدا ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بدەنە بەغدا.

ئێستا ئەو قەیرانە نوێیانە وێنەی بەڵێنەکەیان شێواندووە، لەگەڵ ئەوەی کەمترین بودجەی بەکاربردنی ئێستا گەیشتوەتە نزیکەی ٩٥٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام هەرێمی کوردستان تەنیا نزیکەی ٦٤٨ ملیۆن داهاتی دەستدەکەوێت، کە ٣٢٨ ملیۆن دۆلاری لە بەغداوە دەستدەکەوێت ٢٧٠ ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوتەکەی خۆی و ٥٠ ملیۆن دۆلاریشی لە داهاتەکانی دیکەوە بەدەستدەخات. دەرەنجام ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری مانگانە کورتهێنان، وای لەبەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردووە، کرێی وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان کەمبکەنەوە کە نزیکەی ٢٧٠ ملیۆن دۆلاری مانگانەیە، وەک بەدیلێک بۆ هاوسەنگ کردنی بودجەکەی کە پێشتر لە ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩ بەکاری هێنا.

ئەمڕۆ کوردستان بپارێزن ،  بۆ ئەوەی سبەینێ نەیکوژن

لە ساتی قەیرانەکاندا، جێگەی قەلەقییە بۆ حکومەتێک کە چاوی لەسەر وەبەرهێنەری نێودەوڵەتی بێت وەک نیچیرێکی ئاسان، لە کاتێکدا هاوکارییەکانی ئەوان ستانداردن و پشتیوانی سیاسیی ناوخۆییان نییە لە ناو دانیشتواندا.

هێشتا متمانەی وەبەرهێنەرەکان لە کوردستانن لاوازە بەوپێیەی لە قەیرانەکانی پێشوودا؛ وەک سەر‌هەڵدانی داعش لە ٢٠١٤-٢٠١٥ و لە ریفراندۆمی بێ ئەنجامی ٢٠١٧ ڕووبەڕووی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیان بوونەوە.

هەرچەندە پێش دروستبوونی دۆخی لەناکاوی ئێستا حکومەتی هەرێم شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەدا کە دەبوایە پێش کۆتایی ٢٠١٩ خەرجی بکردایە ئەوەش بەهۆی کێشەی ڕانەکێشرانی پارەکەی لە بانکێکی لوبنان.

ئەوە هێڵی سوورە بۆ وەبەرهێنەرەکان کە بەپێی یاسا پێویستە نەدانی شایستەکانیان ڕابگەیەنن و هەموویان کێشەی گەورەیان لەگەڵ دابەزینی پشکەکانیان بۆ دروست دەبێت لەگەڵ پاشەکشەی توانا ئابوورییەکەیان.

ساڵی ڕابردوو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێم، نیوەی داهاتی هەرێمیان بەدەستخستووە کە نزیکەی (٥٠٠ ملیۆن دۆلار) مانگانەیە، یان ٦ ملیار دۆلاری ساڵانە، کە وادەکات بیخاتە ئاستی پیشەسازی جیهانییەوە، لە مانگی ١٩ی مانگی دووی ئەمساڵ دان برولیت وەزیری وزەی ئەمریکا بە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وت، پیشەسازی ئێوە موعجیزەیە، سەرنج بدە کوردەکان نیشتیمانێکی داخراون لە ناوەڕاستی کیشوەرێکدان ئێستا ئەوان زیاتر لە لیبیا نەوت هەناردە دەکەن، ئەو ئەم پڕۆسەیەی خستە پاڵ بارزانی بە ئیشێکی باش  و سەرکردایەتیکردنێکی باشی ناو هێنا، بەڵام موعجیزەکە لە مەترسییەکی لەناوچوونی خۆیدایە ئەوەش تەنیا دوای چەند هەفتەیەک.

لە کاردانەوەدا هەرێمی کوردستانی عێراق پێویستە هەوڵەکانی دوو هێندی ئەوکاتە بکات کە لە ٢٠١٤ ڕوویدا، کە پێویستە بە چاکسازی ئابووری بچێتە پێشەوە لە هەمان کاتیشدا دڵنیایی بداتە وەبەرهێنەرەکان کە بارودۆخەکە باش دەبێتەوە بۆیان.

کابینەی پیشوی کوردەکان هاوشێوەی ئێستا  ڕووبەڕووی بڕیاری سەخت بوویەوە، داوای لە خەڵک کرد کە پێویستە بڕینی بودجە بخەنە سەر شانیان کاتێک ئەوان لەگەڵ داعش شەڕیان دەکرد.

بەڵی بە دروستی ئەوە ئەو کارە بوو کە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامی دا، خەڵکیش بە عیزەتەوە وەڵامی داواکارییەکەیان دایەوە.

لە ئەنجامدا کە قەیرانی دووەم سەریهەڵدا لە ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ و دەرەنجامەکانی ڕوویاندا، وەبەرهێنەرەکان مانەوە و هەر سوور بوون لەسەر بەرەوپێشبردنی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەرچەندە ٢٢٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەدەستچووبوو کاتێک حکومەتی فیدڕال کەڕکووکی کۆنتڕۆڵ کردەوە. بە دروست بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە ٢٠١٤-٢٠١٥ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان توانیان لە کەوتن هەستنەوە و بەهێزتر بن.

ئەولەویەتی سیاسەتی ئەمریکا لە کوردستان

لەوانەیە هەرێمی کوردستان زەرەرمەندترین ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، توانای دەست گەیشتنی بە ٦٠ ملیار دۆلاری پارەی نەختینەی حکومەتی عێراق نییە، لەگەڵ ئەو قەرزانەی زنجیرکراوە کە بڕەکەیان دەکاتە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار ( یان نزیکەی لەسەدا ٧٠ی داهاتی ساڵانەی GDPی کوردستان) و ناتوانێت گفتوگۆ بۆ وەرگرتنی قەرز یان پاکێجی هاوکاری بکات. هەروەها یەکێکە لە هاوڕێ بەهێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە ژێر چەتری هێزە ئاسمانییە سنوور پارێزەکانی ئەمریکا لە دایکبووە، بەپشتیوانی ئەمریکا بە بەهێزی لە ناو دەستووری عێراقدا نوسراوەتەوە.

لە ژێر ئەم بنەمایەدا، واشتنتن پێویستە ئەم هەنگاوە خەرج کێشانەی خوارەوە بنێت بۆ دڵنیابوونەوەی رزگارکردنی کەرتی ئابووری کوردستان.

  • دڵنیا کردنەوەی بەغدا بە ناردنی بەشە بودجەی ٢٠٢٠. کاتێک نرخی نەوت لە دەوروبەری ٣٠ دۆلار بمێنێتەوە، هەرێمی کوردستانی عێراق ناتوانێت خەرجییەکانی بە فرۆشتنی سەربەخۆی خۆی دابین بکات، ئەبێت ١١ دۆلار داشکاندن و کرێی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک بۆ فرۆشتنی لە بازاردا بکات.لە ئێستادا حکومەتی ناوەندی هێشتا ئەبێت بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ تێپەڕ بکات چونکە چاوەڕێی دیارییکردنی سەرۆکی کابینەی نوێیە، تا ١٦ مانگی چوار، بۆ کەمکردنەوەی ئەو زەبرە بەهێزەی بەر کوردەکان دەکەوێت، بەرپرسانی ئەمریکا پێویستە زۆر بە بەهێزی هانی بەغدا بدەن ئەو ٣٢٨ ملیۆن دۆلارەی لە ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ڕێککەوتبوون بەردەوام ڕەوانەی هەرێمی بکات. واشنتن دەبێت کاریگەرییەکانی خۆی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەکاربهێنێت تا دڵنیابێتەوە کە کوردەکان بە شێویەکەی نادادپەروەرانە بە دیارییکراوی سزا نەدرێن. ئەوان بە لانی کەمەوە مانگانە ٧٠٠ ملیۆن دۆلاریان لە لایەن بەغداوە پێویستە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆیان هەیانە. بەرپرسانی ئەمریکا پێویستە دڵنیایی ئەوە بدەن کە هەرێمی کوردستانی عێراق پشکی خۆی لە هەر پاکێجێکی هاوکاریی دارایی یان هاوکاریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و یا دامەزراوە نێودەڵەتییەکانی دیکەوە پێ بگات کە بۆ عێراقی دابین دەکەن.
  • دڵنیا کردنەوەی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی پارەی وەبەرهێنەرەکان. وەزارەتی وزەی ئەمریکا بە دڵنیاییەوە کاری کردووە بۆ پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە پاڵپشتی کردن و پێدانی متمانە بە پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری لە نەوت و گاز. بەڵام ئەم پەیوەندییە بە تەواوی دادەڕمێت ئەگەر کوردەکان پارەی وەبەرهێنەرەکان نەدەن. وەزارەت پێویستە بە پەلە بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بڵێت پلانی ئێستای ئەوان کە شایستەی دارایی دواکەوتوویی چوار مانگ و لانی کەم نۆ مانگی تری وەبەرهێنەرەکان دەبێتە هۆی لە ناوبردنی متمانەیان. لە جیاتی ئەوە دەبێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەپەلە لەگەڵ وەبەرهێنەرەکان بکەوێتە گفتوگۆ بۆ پێدانی کۆی شایستە داراییە دواکەوتووەکانیان. خێراکردن لەمەدا زۆر پێویستە چونکە گەر یەکێک لە وەبەرهێنەرەکان بکێشێتەوە ئەوانی تریش بەدوایدا دەڕۆن.
  • وەزارەتی وزە زۆر بە باشی دەتوانێت هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات بۆ پلانی بەرەوپێش بردنی دابەشکردنی گازی سروشتی بۆ ئەو یەکانەی بەرهەمهێنانی کارەبا کە هێشتا لەسەر هاوردەکردنی گاز کار دەکەن کە خەرجییەکی زۆری خستووەتە سەر هەرێم، بەم هەنگاوە کوردەکان دەیان ملیۆن دۆلاری مانگانەیان بۆ دەگەڕێتەوە و ٧٥٠ مێگاوات کارەباشیان بە خەرجییەکی کەم زیاد دەکات.هەمان بۆری دەتوانێت لە داهاتوودا غاز بۆ تورکیا هەناردەبکات.
  • کڕینی نەوتی کوردەکان. خەزانە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەم کاتەی دابەزینی نرخی نەوت سەرقاڵی کڕینی نەوتە، زۆربەی مامەڵەکانیشی لە وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت بڕێکی دیارییکراو لە دەرەوەی وڵات بکڕێت، بۆ نمونە واشنتن دەتوانێت نەوت لە کوردەکان بکڕێت وەک جۆرێک پێدانی قەرز لەم کاتە قەیراناوییەدا.
  • پشتیوانی پێشمەرگە. ئەمریکا ئێستا مانگانە ١٧ ملیۆن دۆلار هاوکاری دەبەخشێتە هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی کردنی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەوانەی کە شەڕی داعش و ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام دەدەن. ئەم هاوکارییانەی لە ٢٣ ملیۆن دۆلارەوە لە ساڵی پارەوە کەمی کردووە و بڕیارە لە مانگی چوار بە یەکجاریی کۆتایی بێت. لەبری ئەوە واشنتن پێویستە هاوکارییەکان بهێڵێتەوە تا ئەو کاتەی پێویستە هەروەها ئاستەکەی بەرز بکاتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩.
  • هاوکاری بکات لە ڕاکێشانەوەی پارەکانی. هەرێمی کوردستان وا دەردەکەوێت ملیارێک دۆلار پارەی ڕاگیراوە لە بانکێکی لوبنانی، کە بڕە پارەیەکە دەتوانێت بەشێوەیەکی کاتی هاوکاری باری ئابووری هەرێمەکە بکات، وەک وەبەرهێنەر و یاریکەرێکی بەهێزی ئابووری ئەمریکا دەتوانێت پڕۆسەی وەرگرتنەوەی ئەو پارانە خێراتر بکات.
  • دڵنیایی بداتە بارزانی و چاکسازییەکانی ئەنجام بدات. مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران بەڵێنی ئەنجامدانی چەکسازی دارایی داوە، بەڵام کابینەی پیشوو بە گەڕاندنەوەی موچەکان بۆ باری ئاسایی خۆی ئەم هەوڵەی هەر لەسەرەتاوە کەم بایخ کرد. کە مانگانە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار مانگانەی خەرجی دەگەڕاندەوە بۆ حکومەتی نوێ، بەباشی بەڕێوەبردنی  دۆسیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەسرور بارزانی لە دۆسیەی چاکسازی دارایی بەهێز نیشانداوە و پێویستی بڕینی مووچەکان و هاوکارییەداراییەکان یەکەم تاقیکردنەوەی ئەو دەبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە ئەم هەوڵانە زۆر بە گەرمی پەسەند بکات و فشار لە هەموو ئەو لایەنە کوردیانە بکات کە ڕۆڵیان هەیە لە سلێمانی، هەولێر و دهۆک بە ڕوونی پێیان بڵێت لە بری ئەوەی هەنگاوەکانی بارزانی بکەنە بابەتێکی سیاسی کاتیی پشتیوانی لە بڕیارە وردەکانی مەسروور بارزانی بکەن.

تەواوی ئەم یارمەتیانە، بەرژەوەندی مادی گەورەیان هەیە، زیادکردنی کاریگەرییەکانی ئەمریکا لەم کاتەدا کە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان خوازیار نین پشتیوانی کاندیدی ڕاسپێردراو عەدنان زورفی بکەن، بەڵێنی کوردەکان بە زورفی دەتوانێت بێ ئەندازە یارمەتی عێراق بدات هەروەها کوردستانیش رزگار بکات، لەوەی کە ڕۆڵی سەرۆک وەزیری نوێ لە پەسەند کردنی بودجەی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت. ئەگەر ئەمەش سەرکەوتوو نەبێت و بەشە بودجەکەش بڕا ، شتێکی تر نییە کە واشنتن بتوانێت هاوکاری ئابووری هەرێمی کوردستانی بکات.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو