وڵات_تایبەت
لەنیوى شەودا هێزک کە پێکهاتبوون زیاتر لە ٢٠ کەس هەڵیانکوتایە سەر ماڵى مامۆستایەک و دەستگیریان کرد، ئەو مامۆستایە بانگەشەکارى خۆپیشاندانەکانى مامۆستایان و فەرمانبەرانى دهۆک بوو.
لیژنەى ئەمنى پارێزگاى دهۆک، دژایەتى خۆى بۆ خۆپیشاندانەکان نەشاردەوە، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، ئەوان موڵەت بەخۆپیشاندان نادەن، بەڵام ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەران، بێ گوێدانە موڵەت ڕژانە سەر شەقامەکان و پەیامى ناڕەزایەتى خۆیان گەیاند.
ئەوە وەکو ڕۆژى بەرەنگارى و شکاندنى دیوارێکى گەورە هات کە ساڵانێکە باس لەشکاندنى دەکرێت.
هێزە ئەمنیەکانى دهۆک نزیکەى ١٠٠ کەسیان دەستگیرکرد، پەلامارى خۆپیشاندەرانیاندا و ڕەشبگیریان کرد، تەنانەت باخچەى گشى دهۆکیان بەهێزى ئەمنى تەنى تاوەکو خۆپیشاندان ئەنجام نەدرێت، بەرپرسانى شارەکەش کەوتنە تۆمەت بەخشینەوە
بۆچى خۆپیشاندانەکەى دهۆک جیاوازبوو؟
شکستى گەورەى خۆپیشاندانى ١٧ى شوبات، ئەوەبوو تەنها لەسنورى سلێمانى مایەوە نەیانتوانى زۆنى زەرد بگرێتەوە، هەربۆیە دواى ٦٢ ڕۆژ لەخۆپیشاندان بەهەمانگى نێوان سەرکردەکانى ئۆپۆزسۆن خۆپیشاندانیان کۆتایى پێهێنا، ئەوەش لەو کاتەدابوو و خۆپیشاندان بکەن بەسەرتاسەرى، هەر ئەوەش وایکرد، خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات نەتوانێت هیچ کاریگەرییەکى گەورە لەسەر بنکەى هێزى یەکێتى و پارتى و حکومەت دروستبکات تووشى هەژانى گەورەیان بکات.

١٧ى شوبا لەکاتێکدابوو، خەڵک کێشەى برسیەتى و بێکارى نەبوو تەنات کوردستان لەوپەڕى گەشەى ئابووریدابوو، بەڵکو کێشەى خزمەتگوزارى و کرانەوە و ئازادى هەبوو.. بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە و خاڵى سەرەکى خۆپیشاندانەکان مووچە و برسیەتى و توڕییە لە شکستى دەوڵەتدارى.
بۆیە ئەمڕۆ خۆپیشاندان ئاسانتر سنورى سلێمانى تێپەڕکرد و بەرەو سنورى هەولێر و ڕاستر زۆنى زەرد ڕۆشت، کە بەزۆنى قەدەغەى خۆپیشاندان وەسفدەکرێت.
داواکارى مامۆستایەکى هەولێر و دهۆک و سلێمانى یەکە
خۆپیشاندان چى دەکات؟
خۆپیشاندانى مامۆستایانى دهۆک لەناو دڵى دەسەڵاتى پارتى زەنگێکى مەترسدار و پێشبینى کراووبوو بۆ پارتى و لەناو پارتیشدا بۆ کابینەکەى مەسرور بارزانى کە ئێستا سەرى هەموو ڕمەکان ڕوو لەدەسەڵاتەکەى ئەوە و ئەویش ناتوانێت وەڵامێکى ڕوونى داواکارییەکان بداتەوە.
بەووتەى چاوێرانى سیاسى، داواکارى ئەمڕۆى مامۆستایەک لەدهۆک و لە سلێمانى و لەهەولێر ئەوەیە کەى مووچەکەى خۆى بەتەواوى وەردەگرێت، نە سەرۆکى حکومەت و نەسەرۆکى هەرێم و نەپەرلەمان ناتوانێت بڵێت داواکارییەکەت سیاسە، بەڵکو دەڵێن مافى خۆتە.
بۆیە ئەمڕۆ شەقام کەوتووەتە دەستى مامۆستایان و فەرمانبەران، حکومەتیش کە دۆخى لەوپەڕى نالەباریدایە، تەنها ڕوونکردنەوەى بەدەستەوە ماوە.
پێشبینى دەکرێت حکومەت لەمانگى شەشى ئەمساڵەوە لەرێگەى ڕێکەوتنى لەگەڵ حکومەتى ناوەندى کێشەى مووچە خاوبکاتەوە، خەڵکیش چاوەڕێى ئەوەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر نائومێدبن، گروپەکانى فشارى مامۆستایان لەسەرتاسەرى کوردستان خۆپیشاندان دەستپێدەکەن و کۆتایى بە حکومەت دەهێنن، ئەوەش لەکاتێکدایە هۆکارى زۆر زیاتر لەمووچەش هەن پاڵپشتن بۆ ئەوەى حکومەت تووشى گلان بێت.