بۆچى نەوت ڕادەست ناکرێت؟

بۆچى نەوت ڕادەست ناکرێت؟

پرسیارێکى گرنگە بۆ هەموومان، بۆچى حکومەتى هەرێمى کوردستان نەوت ڕادەست ناکات؟

ئایا تەنیا بەڕادەستکردنى نەوت حکومەت چى لێدێت؟

ڕاستر، پارتى کە ئێستا مەلەفەکەى بەدەستەوەیە ڕووبەڕوى چى دەبێتەوە؟

سەردار پشدەرى خاوەنى یەکەمین کۆمپانیاى دەرهێنانى نەوتى کوردستان بەناوى (کوردئیل) مێژوویەک دەگێڕێتەوە باسى ئەوەدەکات، کوردستان بەڕێگایەکى هەڵەدا ڕۆشت و بەهۆى تاکڕەوى لەبڕیاردان، هەم نەوتەکەى هەڕاجکرد، هەمیش میللەتەکەى برسى کرد، دەڵێت: “وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا ساڵى ٢٠٠٧ نوێنەریان ناردە لاى مەسعود بارزانى پێیان ووت، بۆت نیە بەهاوکارى تورکیا نەوتى کورد دەربکەویت، بیفرۆشیت، بەڵام بەداخەوە کردى”.

ئەمە تەنها مێژوویەکە، بەڵکو سەدان بەڵگەى دیکە هەن، باس لەوەدەکەن، ڕادەستکردنى مەلەفى نەوت بەتورکیا، کوردى گەیاندە لوتکەى پاشەکشە.

ساڵى ٢٠٠٧ نێچیرڤان بارزانى کاتێک پرسیارى لێدەکەن کارمەت چیە، سێ جار بەسەر یەکەوە دەڵێت، تورکیا و تورکیا و تورکیا، ئەوکات ئاشتى هەورامى کە لەڕێگەى سەرباز هەورامیى گەورە ڕاوێژکارییەوە ناسیەوە نەخشەى دەیان کۆنتراتى جۆراوجۆریان لەگەڵ تورکیا و ئەورپا داڕشتووە، بەڵام بەبێ بیرکردنەوەى لەدواڕۆژى گرێبەستەکان، کەئێستا دانە بەدانە وەکو مار لەگەردنى کورد ئاڵاون.

نێچیرڤان بارزانى: هەرگیز قوفڵى نەوت ڕادەست ناکەین

یەکەم هەنگاو، نێچیرڤان بارزانى ڕێکەوتنى ٥٠ ساڵەى هەناردەکردنى نەوت لەگەڵ تورکیا دەبەستێت.. بەهاوکارى کۆمپانیاى کار گروپ لەڕێگەى ئەم گرێبەستەوە توانى نەوتى تەقتەق و خورمەڵە لە ساڵى ٢٠٠٩ هەناردە بکات، کوردستان کەووتە سەر کەڵکەڵەى نەوت.

لەدواى ئەوە بەنێوەندگیرى موستەفا لاخانى گەورە دەڵاڵى نەوت، بەپلانى ئاشتى هەورامى زیاتر لە ٥٠ کۆمپانیا هێنرانە کوردستان و دەستیان بەهەناردەکردنى نەوت کرد.

دۆخى کوردستان بەئاسۆیى دەڕۆشت، بەڵام لەکۆتایى ٢٠١٢ نرخى نەوت دابەزى کوردستانیش ئاسۆى ڕەشى شکستى بۆ هاتە پێشەوە.

ساڵى ٢٠١٤ عێراق ترسى لەئایندەى نەوتى کوردستان هەبوو داواى دەکرد نەوتى هەرێم ڕادەست بکرێت تەنان نوورى مالیکى کە بوودجەى کوردستانى بڕى ئەوەى وتبوو”من لەداهاتى بەسرە پارەتان دەدەمی، بۆچى نەوتى خۆتان دەفرۆشن، بەشێکى زۆرى هێزە سیاسیەکانیش لەگەڵ ئەوەبوون لەم پڕۆسە ستراتیژیەدا عێراق هاوبەش بێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانى، بەڕوونى ئەوەى ووت: “قوفڵى نەوت ڕادەست ناکەین” ئەوەبوو لە مانگى نیسانى ٢٠١٤ بەفەرمى یەکەم بارە نەوتى هەرێم ڕەوانەى بازاڕى جیهانى کرا و عێراقیش بەفەرمى مووچەى ڕاگرت، ئەمە بووە سەرەتاى قەیرانێکى گەورە ماوەى شەش ساڵە خەڵک ئازار دەدات ڕۆژ بەرۆژ ڕێژەى هەژارى زیار دەکات.

بۆچى حکومەت نەوت ڕادەست ناکات؟

خاڵى ناکۆکى نێوان عیراق و هەرێمى کوردستان گرێبەستە نەوتیەکانە، بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ عیراق بەهیچ شێوەیەک ئامادەنیە بچێتە ژێر بارى گرێبەستەکانەوە چونکە ئەو گرێبەستانەى لەهەرێمکراون زۆرینەى ڕەهاى بۆ کۆمپانیاکانە و کەمترین سودى بۆ حکومەت، بەجۆرێک هەندێک گرێبەست هەیە ٢٠% پشکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە ٨٠% پشکى کۆمپانیاکانە، لەکاتێکدا لەبارى ئاسایى و یاسیدا رێک پێچەوانەیە.

بۆیە هیچ کام لە سەرۆکوەزیرەکانى عێراق ناتوانن خۆیان لەقەرەى بابەتێکى لەوجۆرە بدەن، عێراق بخەنە ژێر ئەو بارە قورسەوە.

سەربارى ئەوەش، حکومەتى هەرێمى کوردستان و ڕاستر پارتى دیمورات ئامادەنیە نەوت ڕادەست بکات، چونکە پاشکۆى هەر رێکەوتنێکى نەوتى کەکراوە رێکەوتنێکى سیاسى و ستراتیژى بۆ پارتى تێدایە، کە پەیوەستە بەمانەوە و گەشەکردنى ئەو حیزبە، بۆیە ڕادەستکردنى نەوت واتاى لاوازبوونى ئەو حیزبەیە، تەنانەت وابەستەیە بەچارەنووسى ئەو حیزبەوە، چونکە:

ئەگەر نەوت ڕادەست بکات، چۆن دەتوانێت بەشداربێت لەپڕکردنەوەى پێداویستى نەوت و غازى تورکیا، کە جگە لەوەى ڕاستەوخۆ بۆ هەر بەرمیلێکى نەوت ٢ بۆ ٥ دۆلار سود دەبات، هاوکات بەهەرزانترین شێوە و بەکەمترین تێچوون دەتوانێت نەوت بەدەستبهێنت بۆناوخۆ و هاوکات بازرگانى پێوەبکات.

سەربارى ئەوەش ئەو قازانجە خەیاڵیەى پارتى دەیکات لەنەوتى هەرێم هیچ کەس پەى پێ نابات، جگە لەوەى بەتەواوى کۆنترۆڵى نەوتى کردووە قازانجى ڕاستەوخۆ دەکات، پێگەى ئابوورى و سیاسى و دیبلۆماسى خۆى بەهێز دەکات، هاوکات ناڕاستەوخۆش چەندین کۆمپانیاى لە دەرەوەى وڵات دروستکردووە یان پشکى لێکڕیوون بۆ ئەوەى قازانجى ڕاستەوخۆ بەشاراوەیى لەنەوت بکات.

عێراق و بەریتانیا و ئەمریکا بەم فێڵانەى نەوتى هەرێم دەزانن، بۆیە زۆرجار لەکۆبونەوە نهێنیەکان ئەوەیان بەبەپرسانى کورد، بەڵام قازانجەکە هێندە خەیاڵیە ناتوانن دەستبەردارى بن؟.

مارەکە بەسەرى حکومەتەوە دەدات؟

ئێستا حکومەتەکەى مەسرور بارزانى لەبەردەم قەیرانێکى قوڵدایە، بەشێکى زۆرى هۆکارەکەشى نەوتە و لەناویشدا گرێبەستەکانن، چونکە ئەم گرێبستانە تا کاتێک نرخى نەوت بەرزبوو کەلێنەکانیان دژى هەرێمى کوردستان دەرنەکەووتبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە خراپە و پێچەوانە بووەتەوە، چونکە حکومەت قازانج جارانى دەستناکەوێت و تەنانەت ناتوانێت خەرجى کۆمپانیاکان دابین بکات، بۆیە مەسرور بارزانى ئەگەر نەوت تەسلیم بکات دەبێت وەڵامى هاوبەشە نەوتیەکانى بداتەوە کە وەڵامى پێ نیە، ئەگەر تەسلیمیشى نەکات، ئەوا دەبێت پارەى خەزنکراوى چەند ساڵى داهاتوو دەربهێت و بەرگەى ئەو داوە یاسایى و سیاسیەکان بگرێت، لەوانەش ئەو داوایەى کە لەسەر نەوتى هەرێم لەپاریس تۆمارکراوە داواى ٣٠ ملیار دۆلار لەهەرێم و تورکیا دەکات لەپاى فرۆشتنى نەوتى عێراق بەقاچاخ.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو