پارتى بۆچى لە ئازادکردنى ١٧٦ زیندانەکە ترساوە؟

  • May 22, 2020
  • 676 Views
پارتى بۆچى لە ئازادکردنى ١٧٦ زیندانەکە ترساوە؟

بەگوێرەى زانیارییەکان مەسرور بارزانى فەرمانى کردووە، بەچڕى هەڵمەتى ڕاگەیاندن بکرێتە سەر یەکێتى و بەتایبەت لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى، مەلەفى ڕادەستکردنەوەى ١٧٦ زیندانییەکە گەورە بکرێت، چونکە تێگەیشتوون لەوەى پەیامى پشت ئەو کارە چیە.

هیچ کێشەیەکى یاسایى لە پڕۆسەى ڕادەستکردنەوەکە نیە، چونکە ئەوانەى ڕادەستى عێراق کراون، ئازاد نەکراون تەنها شوێنى زیندانەکەیان گۆڕاوە ئەوەش لەسەر داواى هۆزە عەرەبەکان و کەسوکارییان بووە تاوەکو نزیکبن لەکەسوکاریان، بتوانن بەئاسانى سەردانیان بکەن لە زیندان، پڕۆسەکەش لەژێرچاودێرى حکومەتى عێراق بووە.

ئەم کارەى ئێستاى یەکێتى، پارتى ساڵى ٢٠١٨ زۆر بەفروانى لەگەڵ حکومەتى عێراقى ئەنجامیداوە، بەجۆرێک ١٤٠٠ گرتووى داعشى ڕادەستى حکومەتى عێراقى کردەوە، ئەوانەى دیکەش ماون، ئەوانیش دەکرێن.

یەکێتى بە پارتى ووت: “خۆپیشاندان حەرام نیە و دەکرێت بیکەین”

مەسرور بارزانى زۆر نیگەرانە لەو پرسە، چونکە یەکەم یەکێتى بەبێ حسابکردن بۆ حکومەتى هەرێم و وەزارەتى ناوخۆ ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتى عێراقى ئەو کارەى کردووە، مەسرور بارزانى ئەوەى وەکو پەیامێک وەرگرتووە، کە ئەگەر پارتى و مەسرور بارزانى بەردەوام بێت لەسەر ئەو تاکڕەوى و حساب نەکردنە، ئاسانە مامەڵکردن لەگەڵ بەغداد، بەبێ حسابکردن بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەمەش واتاى ئەوەى بەڕوونى مەسرور بارزانى لە زینى وەرتێ و دێگەڵەوە هیچ حسابێکى بۆ ناکرێت.

دووەم، مەسرور بارزانى خۆشى دەیەوێت ئەو دەستپێشخەرییەکى دواى جەژن هەیە بۆ کۆبونەوەى یەکێتى و پارتى سەرنەگرێت، چونکە دەستى مەسرور بارزانى لەناو پەرلەمان زۆر کورت دەکات، بەوپێیەیى یەکێتى مەرجى ئەوەى لەسەر پارتى داناوە هێمن هەورامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان بگۆرێت و پارتیش ناچارە بچێتە ژێر بارى ئەو پرسەوە، بەوپێیەیى لەم دۆخەدا نەک کشانەوە بەڵکو دەستبەردانى یەکێتى لە حکومەت واتاى ڕووخاندنیەتى.

ئەکرەم ساڵح ئەندامى سەرکردایەتى پارتى ئاماژە بۆ ئەوەدەکات گۆڕینەوەى دیلەکانى داعش بە ئیدارەى پارێزگاى کەرکوک، پەیامێکى بۆ پارتى تیابوو، ئەویش ئەوەبوو مل بۆ یەکێتى دەدەن باشە ملى بۆنادەن ئێمە حسابتان بۆ ناکەین، ووتى: “ئەم کارە واتاى ئەوەیە”.

یەکێتى تەنها لەماوەیەکى کەمدا دواى هەڵبژاردنى سەرکردایەتیە نوێیەکى، کارتى پارێزگارى لە ئیدارەى زۆنى سەوز، کارتى خۆپیشاندان و کشانەوە لەحکومەت، لامەرکەزى پیشانى پارتى داوە، ئەوەش لەزینى وەرتێ ەوە دەستى پێکرد کاتێک هێزێکى پێشمەرگەیان لەبەرامبەر هێزى پارتى وەستاندو نەیانهێشت ئامانجى هێزەکە جێبەجێبکرێت کە هێڵى تەماسى نێوان (یەکێتى و پارتى و پەکەکە)یە.

پارتى زیاتر لەهەمووشت، لەو قسەیە هەراسان بووە کە ئارێز عەبدوڵا ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى کردوویەتى کە کەسێکى نزیکى هاوسەرۆکانى یەکێتى یە و پەیامى ئەوە لەقسەکانى دا هەبوو، ئەگەر یەکێتى بیەوێت خۆپیشاندان بکات، لەهەولێر دەیکات و حکومەتیش دەڕووخێنێت، بەڕوونى بەکابینەکەى مەسرور بارزانى ووت: “بژاردەى کشانەوە لەحکومەت پشتیوانى لەخۆپیشاندانەکانى داهاتوو، بژاردەیەکى حەرام نیە و دەستى بۆ دەبرێت”.

پارتى و یەکێتى بەووتەى ئارى هەرسین کادیرى پارتى نزیک لە نێچیرڤان بارزانى، دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە، یان دوو ئیدارەیى یان پێکەوە ژیان و کارکردن، ئەگەر پارتى ملنەدات بۆ یەکێتى و نەبێتە هاوبەشى ڕاستەقینە لەحکومەت بەدڵنیایەوە حکومەت بەتەنها بەسەر پارتى جێدەهێلرێت، ئەوەش کەتووتە سەر باڵى مەسرور بارزانى ئەگەر مل بۆ سەرکردایەتى نوێى یەکێتى بدات، ڕەنگە گرژییەکان خاووببنەوە، ئەگەرنا ڕۆژ بەرۆژ ئیهمالکردنى زیاترى بڕیارەکانى حکومەت لە سلێمانى زەق و ڕوونتر دەبنەوە.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو