ئایا ئینقلاب بەڕێوەیە؟
نێچیرڤان بارزانى چۆن بنکۆڵى حکومەت دەکات
هیچ سەردەمێک بەو کاتەشەوە کە نێچیرڤان بارزانى لەسەر هێڵ بوو بەقەد ئێستا لەناو پارتى دژایەتى حکومەت نەکراوە، واتە ئێستا زۆر بەڕوون ئاشکرا لەناو رێکخستنەکانى پارتى باس لەوە دەکرێت، ئەم حکومەتە ئەگەر پەلەنەکات و بەفریایى خۆى نەکەوێت بەدڵنیایەوە سەرى پارتى دەکات بەپەتى جەماوەرکەیدا، ئەمانە کێن؟ زۆرینەى ئەوانەى لایەنگرانى سەرۆکى حکومەتى پێشوو نێچیرڤان بارزانین.
رێبوار کەریم وەلى، نوسەرێکى نزیک لە نێچیرڤان بارزانیە، بەچەپ و ڕاست کەوتووەتە وێزەى مەسرور بارزانى، ئەو پێشتر بۆ سێهەم جار لێى قەدەغەکرا لەڕووداو ووتارەکانى بڵاوبێتەوە، ئەوەش لەسەر فەرمانى مەسرور بارزانى کە تەلەفۆنى بۆ نێچیرڤان بارزانى کردبوو دەبێت ووتارەکانى ئەو بسڕیتەوە چونکە ئاژاوە لەناو ماڵى پارتى دروست دەکات.
رێبوار لە کۆمێنتێکى کە ناوەڕاستى ئەم مانگە بڵاویکردەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، “کەئینقلابت کرد، چاوڕیى ئینقیلابیش بکە”. ئەم قسەیەى رێبوار کەریم وەلى بەڕوونى پەیامێکى بوو بۆ مەسرور بارزانى کە ئەگەر چۆن ئینقلابت بەسەر نێچیرڤان بارزانى کرد، چاوەڕێى ئەوەش بکە ئینقلابت بەسەردابکات.
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ نێچیرڤان بارزانى لەچەندین رێگەوە کاریگەرى قورسى لەسەر کابینەکەى مەسرور بارزانى دروستکردووە:
رێکخستنەکان: لایەنگرانى نێچیرڤان بارزانى لەناو حکومەت کەمینەن، لەهەولێر و دهۆک ئەوانەى لایەنگرى نێچیرڤان بارزانین، نیگەرانیەکانى خەڵک بەبەردەوامى لەناو رێکخستنەکان باس دەکەن و بەپێویستى دەزانن حکومەتى هەرێم دۆخەکە چاکبکات، چونکە بڕوایان وایە ئەم دۆخە زیان بە ئایندەى پارتى دەگەیەنێت.
نوسەرەکان: ئەو نوسەرانەى نزیکن لە نێچیرڤان بارزانى لەوانەش (ڕێبوارى کەریم وەلى، نیازلاجانى، بەختیار سەعید) چەندین نوسەرى دیکە لەڕێگەى سۆشیاڵ میدیا هانى خەڵک دژى حکومەت دەدەن، ئەوەش فشارى زۆرى خستووەتە سەر حکومەتەکەى مەسرور بارزانى.
ڕوداوو: ڕووداو لەماوەى چەند مانگى ڕابردوودا، کەمترین بەرگرى ناڕاستەوخۆى حکومەتى کردووە، بەپێچەوانەوە هۆکاربووە بۆ ئەوەى خەڵکى پارتى هانبدات دژى حکومەتەکەى مەسرور بارزانى لەبەرامبەردا مەسرور بارزانى گەمارۆى دارایى خستووەتە سەر سەرچاوە داراییەکانى ڕووداو.
پەرلەمانتارەکانى پارتى: هەریەک لە پەرلەمانتارەکانى پارتى (پێشەوا هەورامانى، هێڤیدار ئەحمەد) بەفەرمى لەناو فراکسیۆنى پارتى سەربە نێچیرڤان بارزانین، پێشەوا هەورامانى بۆ ئەوەى هیچ بەرگرییەک لە مەسرور بارزانى نەکات بۆ ماوەى سێ ڕۆژ فەیسبووکەکەى داخست بەڵام لەژێر فشارى مەسرور بارزانى ڕوونکردنەوەى پێدرا، بەڵام هێڤدار ئەحمەد هێشتا زۆر دوورە لە مەسرور بارزانیەوە، تەنانەت لەرێگەى وارتیڤی یەوە دەڵێت: “نێچیرڤان بارزانى خاوەنى پڕۆژەى چاکسازییە”.
پارتى چى کردووە؟
لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانى ئاگادارکراوەتەوە دەبێت سەرجەم ئەو رێگایانە دابخات کە دژى مەسرور بارزانى کردووەتەوە، بۆیە ئەویش لەژێر بارى ناچاریدا کەناڵەکانى کەمکردووەتەوە بەڵام هێشتا بەشێک لەو کەناڵانە چالاکن، بەڵام فشارەکان کەمکراونەتەوە
نێچیرڤان بارزانى چى دەوێت؟
مەسرور بارزانى پێش ئەوەى بێتە سەرۆکوەزیران، بەووتەى رێبوار کەریم وەلى بە “ئینقلاب” چووەتە سەر حکوم و کەبوویە سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانى زۆرینەى کەناڵە بازرگانى و سیاسیەکانى لەسەر داخست، بۆیە ئێستا نێچیرڤان بارزانى کار لەسەر ئەوەدەکات پیشانى مەسرور بارزانى بدات “حکومەتێکى بەهێز بەبێ ئەو ناتوانێت بەرێوەبەرێت”.