وڵات_قودسى عەرەبى
پەرلەمانتارێکى عیراق ئاشکراى دەکات، تەنها لەماوەى سێ مانگى ساڵى ٢٠١٩ دا بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دوو ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری پارەنەوتیان بردووەتە دەرەوەى وڵات، کە پارەى دزراوى نەوتى کوردستانە.
حازم خالیدى ئەندامى لیژنەى جێبەجێکردنى بەرنامەى حکومەتى عێراقى، داوایەکى ئاڕاستەى حکومەتى عێراقى کردووە بۆ دروستکردنى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەبارەى بردنە دەرەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە بەگوێرەى بەڵگەکانى بەردەستى ئەو لەرێگەى چەند حساب بانکێیەکى “مورتەزا لاخانى” گەورە وەبەرهێنەرى نەوتى پاکستانى و دەڵاڵى نەوتى هەرێمەوە چووەتەوە دەرەوە.
پەرلەمانتارەکە ڕێگاى بردنە دەرەوەى پارەکە ئاشکرا دەکات، ئەو پارەیە کە بڕەکەى ملیارەها دۆلارە لەڕێگەى کردنەوەى حساب بانکیەکى لوبنانیەوە بووە و پاشان بۆ چەندین حسابى جیاوز لەبانکە ئەوروپیەکان ڕەوانەکراوە، بۆ ئەوەى دواتر وەکو پارەى سپیکراوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت.
حازم خالیدى کە قسەى بۆ ڕۆژنامەی قودسى عەرەبى کردووە دەڵێت: بەڵگەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەن دوو ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلارى پارەى دزراوى نەوت لەماوەى تەنها سێ مانگى ساڵى ٢٠١٩ براوەتە دەرەوەى وڵات، جگە لەوەش هەرێمى کوردستان بەبڕى ٨ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار نەوتى لە ساڵى ٢٠١٧ فرۆشتووە و لەوبڕەش ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلارى دراوە بە کۆمپانیاکانى نەوت کە لەکوردستان کاردەکەن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەو کارەى هەرێمى کوردستان پێچەوانەى دەستور و دابەشکردنى داهاتى نەوتى عێراقە بەشێوەیەکى یەکسان بەسەر هەموو عیراقیەکاندا دابەش بکرێت، پێویستە ئەو داهاتە بگەرێتەوە بۆ عیراق.
ووتیشى: “شایشتە داراییەکانى کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان زۆر زیادەرۆیى تێداکراوە و بەجۆرێک زیادەڕۆییە بۆ سەر سەروەتى نیشتمانى عیراق، بەجۆرێک ٤٠%ى داهاتى نەوت ڕادەستى کۆمپانیا نەوتییەکان دەکرێت”.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەرێمى کوردستان لەماوەى ساڵى ٢٠٢٠ دا تەنها دوو مووچەى فەرمانبەرانى دابەشکردووە، بەهۆى ئەوەى پارەى پێویستى لەبەردەست نیە بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران.