دیدار/ كاشما قەرەداخی
محمد سعدالدین، ڕایگەیاند: تائێستا عێراق بەیاسایی دوای نەوتی لەهەرێم نەكردووە، بۆیە دەنگ لەسەر پشكی هەرێم لە بەشە بودجەی ٢٠٢١ی عێراق دەدرێت، وە ئەوكات عێراق دەتوانێت بەیاسایی و ڕەسمی داوای نەوت لەهەرێم بكات.
محمد سعدالدین، سەرۆكی پارتى گهشهپێدانى توركمان، لە پەرلەمانی كوردستان،لە دیدارێكی تایبەت لەگەڵ ”ئاژانسی وڵات” ڕایگەیاند: هیچ یاسایەك نییە هەرێم ناچار بكات كە نەوت بەبەغدا ڕادەست بكات وە بەشێوازێكی یاسایی و ڕەسمی تائێستا عێراق داوای ئەوەی نەكردووە كە حكومەتی هەرێم نەوت ڕادەست بكات، ئەوەی دەوترێت كە دەبێت هەرێم نەوت ڕادەست بكات، تەنها لێدوانی كەسایەتیە سیاسیەكانە و پەرلەمانتاران بووە كە هیچ یاسایی نەبووە، بەڵام ئەگەر بودجەی هەرێم لە پەرلەمانی عێراق دیاری كراو و دەنگی لەسەر درا ئەوكات حكومەتی عێراق دەتوانێت بەشێوازێكی یاسایی داوای نەوت لەهەرێم بكات، پاشان هەرێم پابەند دەبێت نەوتی خۆی ڕادەست بكات بەڵام تائێستا داواكردنی نەوت لەهەرێم لەبەرامبەر دیاری كردنی بەشە بودجەی هەرێم بابەتێكی یاسایی نییە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا: هەرێم تائەوكاتەی بەشە بودجەكەی دیاری دەكرێت دەتوانێت نەوت ڕادەست نەكات و وە عێراقیش بەپێی یاسا بۆیی نییە دەنگ لەسەر پشكی هەرێم لە بەشە بودجەی بودجەی ٢٠٢١ی عێراق نەدات، چونكە ئەم بابەتە بابەتێكی یاسایە و بەپێی یاساش لەدوای دیاری كردنی پشكی هەرێم و دەنگدان لەسەری، ئەوكات عێراق بۆی هەیە یاسایانە و دەستووریانە داوای نەوت بكات.
محمد سعدالدین، وتی: سەركردایەتی سیاسی كوردستانی و وە هەم دامەزراوە شەرعیەكان وەك پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێم، بەهەموو هێزی خۆیان هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن بكەن، وە ئێستا دوو حكومەت پێكهاتوون لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ٢٠٢١، وە لەپاش ٢٠٠٣ هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق لێكتێگەشتنیان لەسەر ئەوە كردبوو كە لە %١٧ بۆ %١٨ پشكی هەرێم بێت لە بودجە، چونكە بەگوێرەی ئەو راستیەی كە هەیە، هەرێم بەگوێرەی دانیشتوان نوێنەرایەتی زیاتر لە %١٥ی دانیشتوانی عێراق دەكات، بۆیە پێویست بوو ئەو ڕێژەیی كە دیاری دەكرێت لەپشكی بودجەی ٢٠٢١ لە %١٧ بێت بەڵام بەهۆی ئەو كێشە چەندەها ساڵەی لەسەر بابەتی بودجەی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو ئیدارەسیاسەی عێراق كە حكومی دەكات، حیزب و لایەنە شیعەكان دەیانەوێت كەمترین بەشی بودجە بۆ هەرێم بێت.
باسی لەوەشكرد: وە شیعەكان هەوڵدەدەن ئەو ڕێژەیی كەپێش ساڵی ٢٠١٤ بۆ هەرێم دەهات لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، دووبارە نەهێتەوە، كە لەدوای گفتوگۆیەكی زۆر حكومەتی هەرێم توانی لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق %١٢.٦٧ بۆ هەرێم جێگر بكات، كە ئەمە خواستی هەرێم نییە بەڵام توانیان بە كەمترین زەرەر و باشترین قازانج لەم ئاستە جێگری بكەن، كە ڕێژەی %١٢.٦٧ یش تارادەیەكی باش سودی هەیە و دەتوانین پێویستیەكانی هەرێمی لێ دەست بخەین وە بەو شێوەیە هەرێم دەتوانێن سەد لە سەد موچەی فەرمانبەرانی بدات.
سەبارەت بە ڕێكنەكەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا، سەرۆكی پارتى گهشهپێدانى توركمان، دەڵێت: ئەگەر هاتوو عێراق و هەرێم نەگەیشتن بەم ڕێكەوتنە ئەوا هەرێم بەگوێرەی ئەە داهاتەی كە لەبەردەستیدایە مووچەی فەرمانبەرانی دەدات وە بۆ ساڵی ٢٠٢١ بودجە ئامادە دەكات بەڵام بەگوێرەی ئەوداهاتەی كە لەبەردەستیدایە بەلێبرینی دیاریكراو و ٣٠ ڕۆژ جارێك فەرمانبەرانی هەرێم مووچە وەدەگرن و ئیتر مۆدێلی دابەشكردنی موچە لە میدیاكانیش نامنێت وەك وڵاتانی تر فەرمانبەرانی لەكاتی خۆیان بە لێبرینی دیاریكراو موچەكەی وەردەگرێت.
سەبارەی بە شاندەكەی هەرێم، وتی: ئەوشاندەی كە دەچێتە بەغدا شاندێكی حكومەتە و تێیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی و حكومەتی عێراق گفتوگۆ دەكەن لەسەر ئەوە ڕێكەوتنانەی كە پێشتر لەسەر بودجەی ٢٠٢١ كردویانە بۆئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت و بەبێ كێشە تێپەرێندرێت، كە ئەمە ئەركی حكومەتی هەرێمە و پێویستە جێ بەجێی بكات تا ئەوكاتەی كە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢١ی عێراق دەدرێت، بەڵام گرنگە كە لایەنە سیاسیەكانیش بە سەرۆكایەتی هەرێم شاندێكی سیاسی پێكبهندرێت كە نوێنەرایەتی لە پێكهاتەی سیاسی و نەتەوەی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی پاڵپشتیەكی سیاسی بێت بۆ حكومەتی هەرێم تاوەكو ئەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە كردویانە سەربكەوێت.