دیدار: كاشما قەرەداخی
د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لەدیدارێكی تایبەت لەگەڵ ”ئاژانسی وڵات” وڵامی چەند پرسیارێكی گرنگی دایەوە و ڕایگەیاند: ئەگەر هەیە پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا لە پاش ڕێكنەكەوتن لەسەر بەشە بودجەی ٢٠٢١، بەرەو ئاڵۆزی بچێت و عێراق بەهۆی ناوچە جێناكۆكەكان و نەوت و پێشمەرگە، فشار لەسەر هەرێم دروست بكات، بەو جۆرەش پەیوەندیەكان سەردەكێشێت بۆ ئاڵۆزبوونی سیاسی.
وڵات:ئەگەر ڕێكەوتن ڕووی نەدا، سوپای عێراق هێرش دەكاتە سەر بۆریە نەوتەكانی هەرێم؟
د.بەشیر حەداد: بەدووری دەزانم هێرش بكرێتە سەر بیرە نەوتەكانی هەرێم لەلایەن سوپای عێراقەوە چونكە عێراق خۆی كێشەی زۆرە و بەم كارەش كێشە بۆ خۆی دروست ناكات و شەڕ لەگەڵ هەرێم و پێشمەرگە دروست ئەنجام نادات، ئەگەر عێراقیش بیتوانیایە هێرش بكات ئەوا لە ١٦ی ئۆكتۆبەردا پلانەكەی تەواو دەكرد كە بریتی بوو لەوەی بێنە هەولێر و دهۆك، بەڵام وەك بینیمان لە پردێ و ناوچەكانی دیكە چۆن شكان، بۆیە بڕوا ناكەم ئەم ئەزموونە تاڵە دووبارە بكەنەوە.
وڵات: ئایە ڕێكەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا روودەدات؟
د.بەشیر حەداد: ئومێدمان وایە هەرێم و بەغدا بگەن بە ڕێككەوتن چونكە هەردوولا پێویستیان بەیەكتر هەیە و بەغداش لەئەمڕۆدا پێویستی بە پەیوەندیەكی ئەرێنی لەگەڵ هەرێم هەیە چونكە بارودۆخی ئابووری ئێستای عێراق لەڕووی سیاسی و ئەمنیەوە ئاڵۆزە، بۆیە نایەوێت كێشەی تری ئابووری یان سیاسی بۆخۆی زیاد بكات، بۆیە هەردوولا پێویستیان بەوەیە كە بگەن بە ڕێككەوتن، وە ئەم هەفتەیە هەفتەی یەكلاكەرەوەیە ئیتر بە هەر شێوازێك بێت دەگەن بەڕێكەوتن وە كاریش بۆ ئەوە دەكەین كە ئەم ڕێكەوتنە ئەنجامبدرێت.
وڵات: لەئەنجامی ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا، ئایە مووچە بەبێ لێبڕین دابەش دەكرێت؟
د.بەشیر حەداد: ئەگەر بەغدا لەگەڵ هەرێم ڕێكەوت، ئەو بەشە بودجەیەی كە دیاری كراوە وەك خۆی بینێرێت، هەرێم بەو بودجەیە و بەداهاتی ناوخۆ بەبێ لێبرین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەشدەكات وەك چۆن پێشتر عێراق بودجەكەی بەتەواوی دەنار هەرێمیش بەبێ لێبڕین موچەی دابەشدەكرد، وە ئەگەر ئەم ڕێكەوتنەش كرا تاڕادەیەكی زۆر كێشەی قەیرانی دارایی هەرێم چارەسەر دەبێت.
وڵات: ئەو سكاڵایەی عێراق لەسەر نەوتی هەرێم لە پاریس تۆماریكردووە، ئەگەر بیباتەوە هەرێم هەموو نەوتەكەی ڕادەستی بەغدا دەكات؟
د.بەشیر حەداد: عێراق پێشتریش لەسەر نەوتی هەرێم سكاڵای زۆری تۆماركردووە لە دادگای نێودەوڵەتی، بۆیە ئەو سكاڵایەشی عێراق لەسەر نەوتی هەرێم لە پاریس تۆماریكردووە بەئاسان نایباتەوە، بۆیە پێوستە هەرێم و بەغدا لەیەك تێگەیشتن بكەن و ناوماڵی خۆیان ڕێكبخەنەوە و پەیوەندیەكی دروست و باش پێكبێنن.
وڵات: لەئەنجامی ڕێكنەكەوتن، هەرێم چۆن خۆی مووچەی فەرمانبەرانی دابەش دەكات؟
د.بەشیر حەداد: لەئێستادا هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن كە هەرێم لەگەڵ بەغدا بگەن بە ڕێككەوتن، چونكە ڕێككەوتن لە بەرژوەندی هەردوولایە، بەڵام گەر ئەم ڕێكەوتنەش نەكرا ئەوكات بارودۆخی سیاسی هەرێم و بەغدا خراپ دەبێت وە ئەوكات پێویستە هەرێم بەداهاتەكانی خۆیی وەك نەوت و نانەوتی، وەك ئەم چەند مانگە مووچە دابین بكات، وە پێویستیشە بەردەوام بێت لەسەر پڕۆسەی چاكسازیەكە كە خەرجیەكان كەم بكاتەوە و داهاتەكان زیاد بكات، كەبەشێوەیەك بێت فشار و زەحمەتیەكانی فەرمانبەران و كۆمەڵگای كوردی كەم بكاتەوە.
وڵات: شاندەكەی هەرێم لەبەغدا توانیویانە ئەو باوەڕیە دروست بكەن كە هەرێم نەوتیان ڕادەست دەكات؟
د.بەشیر حەداد: شاندەكەی هەرێم لەكاتی سەردانكردنی بەغدا، لەگەڵ پەرلەمانتاران و لیژنەی دارایی لە عێراق و لایەنە سیاسیەكان چاوپێكەوتیان كردووە، بۆیە ئێمە ئومێد دەكەین لایەنە سیاسیە عێراقیەكان بڕوایان بەوە هەبێت لەگەڵ هەرێم ڕێكەوتن بكەن.
وڵات: ئایە دەنگە ناڕازیەكانی شیعەكان لەناو پەرلەمانی عێراق هۆكارێك دەبێت بۆ دروست نەبوونی ڕێككەوتن؟
د. بەشیر حەداد: لەناو ماڵی شیعەدا دەنگ هەیە كە لایەنگیری كوردە و لایەنگری ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدایە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە، بەڵام دەنگێكی دژیش هەیە كە بەهۆی نزیك بوونەوە لە هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەشێكی تری شیعەكان هەوڵ دەدەن لە ڕێی دژایەتی كوردەوە دەنگی شەقام بۆخۆیان بەدەست بێنن، چونكە ئەوان پێشتر شكستیان هێنابوو لە خزمەت كردنی تەواوی ناوچەكانی پارێزگاكان و دەوڵەت و كارنەكردن بۆ دامەزراندن و گەندەڵی، بەوجۆرەش شەقام لێیان جیابونەوە و وە لەمانگی ترشیندا خۆپیشاندانیان كرد، وە ئەوبەشە لەشیعانە دەیانەوێت بەشەقامی باشوور و ناوەڕاست بڵێن بەشێك لە ناهەمەتیەكانتان هۆكارەكەی هەرێمی كوردستانە، چونكە هەرێم بە تەواوی بەشی خۆی دەبات بەزیادیشەوە، ئەوەشی لەسەریەتی ڕادەست كردنی داهاتەكانە نایكات، ئەوەتا بەسڕە و عەمارە و شارەكانی دیكە هەموو داهاتەكانیان دەدەنە بەغدا و كەچی بەشێكی كەمیان بەردەكەوێت، هەرێمیش هەموو بەشی خۆی دەبات و داهاتیش ڕادەست ناكات، بۆیە ئەمە وایكردووە، كە تێڕوانینێكی نەرێنیانە بەرامبەر بە هەرێم دروست دەبێت، وە ئەوانەی لەبەغدا دەڵێن دەبێت هەرێم هەموو نەوت ڕادەست بكات و ئەوبەشەی بە هەرێم دەدرێت زیادە، كە گوایە ئەمانە بەرگری لە مافی خەڵكی باشوور و ناوەڕاست دەكەن، لەڕاستیدا وانییە، ئەوانە خواخوایانە هەرێم بچوك ببێتەوە، وە پێمان وتن باشە ئەو بەشە بودجەیی كە دەتانەوێت نەیدەنە هەرێم خزمەتی خەڵكی خۆتانیان پێبكەن ئەوە بابەتێكی ترە، بەڵام ئەوە چەند ساڵە و چەند مانگێكە بەشی هەرێم دەبردرێت كەچی خزمەتی شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی خۆشیان ناكەن، بۆیە هۆكاری شكستی ئێستای ئەوان هەرێم نییە بەڵكو عێراق خۆی هۆكاری شكستەكانیەتی، ئەوەتا هەرێم بەو نیوە بەشەی كە كەمتریشە لەبەغدا وەری دەگرێت توانیویەتی لەگەڵ داهاتی ناوخۆی خۆیی ئەو هەموو ئاوەدانكاریە و پڕۆژە و كارە باشانە بكاتەوە.