دیدار/ کاشما قەرەداخی
كاوە عەبدولقادر: نەوەی نوێ لەگەڵ رێككەوتنی هەرێم و بەغدایە و
پێی باشە بگەنە رێككەوتن، وە ئەرکە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی فەرمانی لەکاتی خۆیی دابەش بكات ئیتر بەهەر شێوەیەك بێت.
كاوە عەبدولقادر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ، لەدیدارێكی تایبەت لەگەڵ ”ئاژانسی وڵات” وەڵامی چەند پرسیارێكی گرێدراو بە مووچە و بوودجەی دایەوە و رایگەیاند: لەئێستادا مووچەی بەشێك لە لیواكان دواكەوتووە و ئێمە بەردەوام وەك پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ هەڵوێستمان هەبووە و من وەك خۆم لەسەر داوایی پێشمەرگەكان، بەدواداچوونم بۆ هۆكاری دواكەوتنی مووچەكانی بەشێك لەو لیواكان كردووە.
كاوە عەبدولقادر، لەبارەی بەدواداچوونەكانی بۆ هۆكاری دواكەوتنی مووچەی بەشێك لە لیواكان، بۆ ئاژانسی وڵات، ئاشكرای كرد: لەپاش ئەو گەڕان و بەدواداچوونەمان، پێیان ڕاگەیاندین، بەهۆی گۆرانكاری لە كابینەی حكومەتی ئەمریكا، كێشەی تەكنیكی روویداوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی هاوپەیمانان هاوكاریەكانیان نەنێرن یان بڵێین ناردنی هاوكاریەكانین بۆ پێشمەرگەكان دوابكەوێت، كە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی مووچەی ئەو لیوایانە تاوەكو ئێستا نەدرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ، پێچەوانەی ئەو زانیاریانەی كە پێی دراوە، لەبارەی هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی مووچەكانی بەشێك لە لیواكان ئاشكرای كرد: ئێمە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هۆكاری سەرەكی دەزانین، چونكە چەندین ساڵە حكومەتی هەرێم و بەرپرسانی ئەم وڵاتە، پارەی ئەو لیوایانەی كە ئێستا مووچەكانیان دواكەوتووە بۆ خۆیان بردووە، و نەیانداوەتە لیواكانی پێشمەرگە، وە ئێستاش كە ئیجبار كراون لەلایەن هاوپەیمانانەوە ئەو پارەیەی كە وەك هاوكاری دێت بیدەن، بەڵام ئەمانە كات دەكوژن و پابەند نین بە پێدانی ئەو مووچانە، چونكە پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی هاوكاری هاوپەیمانانی لابووە و نەی داوەتە ئەو لیوایانە وە ئێستاش پارەی ئەو هاوكاریانەی لایە و دەتوانێت مووچەی چەند مانێگێكی لیواكان بەبێ لێبڕین بدات.
هەروەها وتیشی: لەبەر ئەوەی ئەو لیوایانە پێشتر بەڵێنیان پێدراوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە مووچەكانیان بۆ دابین بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی لەو لیوایانە بێ بەری كردووە و هەر وەكو ئەوە وایە ئەو لیوایانە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبن، لەكاتێكدا ئەوان بەشێكن لە پێكهاتەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میزانەی وەزارەتی دارایی مووچەی ئەو لیوایانە نەدات.
لە وەڵامی پرسیاری لێ برینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەلایەن حكومەتەوە، كاوە عەبدولقادر، رایگەیاند: لێبرینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خۆی لە خۆیدا نایاساییە، وە لەئێستادا كە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە، و كە داهاتەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە چ داهاتی ناوخۆ یان داهاتی خاڵە سنووریەكان، وە ڕاستی هیچ هۆكارێك نییە بۆ بەردەوامی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران.
لەبارەی هەڵوسێتی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، بۆ دروست كردنی فشار لەسەر حكومەت تاوەكو كۆتای بەم لێبرینە بێنێت، وتی: ئێمە وەك پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، رێكار مەدەنیانە و هەڵوێستی جدیمان دەبێت بۆ دروست كردنی فشار لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو كۆتایی بەم لێبرینە نایاساییە بهێنێت.