کاوە محەمەد: گومانم هەیە هەرێمى کوردستان پابەند بێت بە یاساى بوودجەوە

کاوە محەمەد: گومانم هەیە هەرێمى کوردستان پابەند بێت بە یاساى بوودجەوە

دیدار/ كاشما قەرەداخی

كاوە محەمەد، ڕایگەیاند: هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ ڕادەستكردنەوەی نەوت بەبەغداد دەربڕیووە، بەڵام گومانم هەیە هەرێم ئەو كارە بكات.

كاوە محەمەد، ئەندامی هاوپەیمانی هیوای كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە دیدارێكی تایبەت لەگەڵ ”ئاژانسی وڵات” لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ سەبارەت بە پەسەندكردنی بوودجە، رایگەیاند: هەموو مادەكان لە پڕۆژە یاسایی بودجەی ٢٠٢١ی عێراق پەسەندكراون و ڕاستەوخۆ دەچنە بواری جێ بەجێ كردنەوە، بەڵام لەو بروایەدا نیم و گومانم هەیە هەرێم داهاتی نەوتەكەی ڕادەستی بەغداد بكات، چونكە ئەوان دەیانەوێت درێژە بە ناشەفافی فرۆشتنی نەوت بدەن و نیەتی چارەسەركردنی كێشەی بوودجەی خەڵكیان نییە

وڵات/ لەئێستادا هەموو مادەكانی پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢١ پەسەند كراوە؟

كاوە محەمەد/ هەموو مادەكان لە پڕۆژە یاسایی بودجەی ٢٠٢١ی عێراق، كە ٥٨ مادەی سەرەكی و ئەو مادانەشی كە زیاد كراون لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە، پەسەند كراون.

وڵات/ وە لەئێستادا مادە پەسەندکراوەکان، ڕاستەوخۆ دەچنە بواری جێ بەجێ كردنەوە؟

كاوە محەمەد/ بەڵێ ڕاستەوخۆ دەچنە بواری جێ بەجێ كردنەوە و كاریان پێ دەكرێت

وڵات/ لەبارەی ناردنی نەوتەوە، ئایە هەرێمی كوردستان نەوت ڕادەستی بەغداد دەكات یان داهاتی نەوت؟

كاوە محەمەد/ بەپێی مادەیی ١١، كە پێشنیارە یاسا بوو لەلایەن لیژنەی داراییەوە، كە لە یاساكەدا جێگیركراو و دەنگی لەسەردرا، هەرێم نەوت تەسلیم ناكات، بەڵكو داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی كۆمپانیای سۆمۆ، ڕادەستی بەغداد دەكرێت

وڵات/ نرخی نەوت بەردەوام لەگۆڕاندایە، وە بەغدا بەپێی داهاتی نەوتی هەرێم مووچەی فەرمانی هەرێم دەنێرت، كەواتە ئەو برەی بۆ مووچەی فەرمان هەیە، دیاری نەكراوە؟ یان مانگانە بەپێی داهاتی نەوتی هەرێم گۆران بەسەر بری ئەو بوودجە دێت كە بەغداد بۆ مووچەی فەرمانی هەرێم دەینێرێت؟

كاوە محەمەد/ بەڵێ بێگومان بەپێی نرخی نەوت لە بازاڕ، گۆڕان بەسەر ئەو بڕە بوودجەدا دێت كە بەغداد بۆ مووچەی فەرمانی هەرێمی كوردستان دەینێرێت، واتا بڕەكە جێگر نییە و بەپێی ئەو رێككەوتنانەی كراوە، دەگۆردرێت

وڵات/ كەواتە لێبڕینی مووچەی فەرمانی هەرێم، چی لێ بەسەر دێت؟ ئایە نامنێت لە ئەنجامی گەیشتن بە رێككەوتنی هەرێم و بەغداد؟

كاوە محەمەد/ لە ڕاستیدا لێبڕینی مووچەی فەرمانی هەرێم، پەیوەندی بە جێ بەجێ كردنی یاساكەوە نییە، بەڵكو بەپێی هەموو داهات و زانیاریەكان پێم واییە ئەو داهاتەی لەبەردەست حكومەتی هەرێمدایە، بەتایبەتی ئێستا كە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە و نرخی دیناریش دابەزیووە بەرامبەر بە دۆلار، چونكە نەوت بە دۆلار دەفرۆشرێت دوایش دەكرێتەوە بە دینار و وە باج لەسەر هاوڵاتیان زۆر زیادكراوە، كە هەموو ئەمانە هۆكارن داهاتی هەرێمی كوردستان زۆر زیاد بكات و بەشی ئەوە بكات مووچەی خەڵك بەبێ لێبڕین و لەكاتی خۆیدا دابەشبكات، بەڵام كە نادرێت ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەوانەی دەسەڵاتدارن لەم هەرێمە نیەت و بڕیاری ئەوەیان نییە، و دەیانەوێت بەو شێوە ناشەفافەی كە هەیە درێژە بە تاڵانی و دزی لە فرۆشتنی نەوتدا بدەن، و مووچەی خەڵك بە لێبرینەوە بدەن

وڵات/ ئایە هەرێم داهاتی نەوت ڕادەست دەكات؟

كاوە محەمەد/ هەرێم ئامادەی دەربڕیووە بۆ ڕادەست كردنی نەوت بە بەغداد، وە هیوادارین ڕاستگۆبن و پابەندبن تاوەكو بەغداد مووچەی فەرمانی هەرێم بنێرێت، چونكە هەرێم نەک ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت ڕۆژانە بەڵكو زۆر زیاتر ٤٦٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، بەڵام من گومانم لەوە هەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەبێت ئەم یاساییە وەكو خۆی و هەموو بڕگە و مادەكانی جێ بەجێ بكات، وە گومانم لەوە هەیە حكومەتی هەرێم نیەتی ئەوەی هەبێت كێشەی مووچەی خەڵك چارەسەر بكات، چونكە هاتنی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغداد كە بۆ چەندین جار لەگەڵ هێز و لایەنە شیعەكان و لیژنەیی دارایی كۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان كردووە، بۆ ئەوە نەبووە كێشە مووچەی خەڵك چارەسەر بكەن، تەنها بۆ ئەوە بووە كە دۆخەكە وەكو خۆی بمێنێتەوە و ناشەفافی لە فرۆشتنی نەوتدا بەردەوام بێت، وە بەشێوەیەكی نا دامەزراوەیی بتوانن بەو سیاسەتە داراییە شكستخواردوە كە بەرێیان كردووە بەردەوام بن لەسەری

وڵات/ هۆكار چییە، بەشێكی زۆر لەلایەنەكان یان ئەوانەی خاوەن بڕیاری ریفراندۆم و دەنگی ئازادی بوون بۆ ئابووری سەربەخۆ، خۆشحالی خۆیان دەردەبڕی و بەیانامە و پیرۆزباییان بەهۆی پەسەندكردنی بوودجە دەردەکرد؟ ئایە ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستە كە ریفراندۆم و ئابووری سەربەخۆ هەڵە گەورەكە بوو!؟

كاوە محەمەد/ ئەو گروپە دەسەڵاتدارەی لەهەرێمی كوردستاندا حكوم دەكەن، ئەمانە كۆمەڵێك خەڵكی دروشم بازن، وە خەڵكێكن لە ڕاستیدا بەهیچ شێوەیەك ڕاستگۆ نین لەگەڵ ئەو دروشمانەی كە هەڵیان گرتووە وە ئەمە تەنها بۆ خۆڵ كردنە چاوی خەڵك بووە، وە پرسی ریفراندۆمیش كە پرسێكی ڕەوایە كە هەموو گەلێك مافی چارەی خۆنوسی هەیە، بەڵام ئەوان بۆ مەبەست و كارێكی ناڕەوا لەكاتێكی زۆر نەگونجاو کارتی ریفراندۆمیان بەكاریان هێنا و ئەنجامیاندا، وە ئەمە بووە هۆی ئەوەی زیانێكی گەورە لە پێگەی كورد بدەن، وە ئێستاشی لەگەڵ بێت و چەندین ساڵی تریش ئەم زەرەرە بەردەوام دەبێت، لە كاتێكیشدا ئەوەی ناویان لێناوە ئابووری سەربەخۆ، ئەمەش بۆ مەرامی بنەماڵەی حیزبی بەكاریان هێناوە، وە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كورد دوو كارتی گرنگی بسوتێت، وە ئەمانەی كە هەن هێزی شكستن نەك هێزی دەستكەوت، وە ئەو هێزانەی خاوەنی ئەم شكستە گەورانە بوون و ئێستا دڵخۆشن بە پەسەند كردنی بوودجە، ئەو هێزانەن لە پێشی پێشەوەی هەڵگرتنی دروشمی ریفراندۆم بوون ئەوانە لەهەموو هێز و لایەنەكان بچوكترن، چونكە ئەوانە بۆ پۆست و پارە و بنەماڵەكەیان وایان دەكرد

وڵات/ لە ئەنجامی ئەم رێككەوتنەی هەرێم و بەغدا و پەسەند كردنی بوودجە، پاشەكەوتی مووچە دەگەرێندرێتەوە؟

كاوە محەمەد/ پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانی هەرێم لەكاتێكدا كراوە، كە هیچ بڕە نەوتێك ڕادەستی بەغدا نەكرابوو، وە حكومەتی هەرێم ئەو پارەییەی لە خەڵك بردووە و دەستی بۆ مافی خەڵك بردووە، وە حكومەتی بە تەنها خۆی لێی بەرپرسیارە و دەبێت بیداتەوە، حكومەتی عێراق بەهیچ شێوەیەك ئامادەیی خۆی دەرنەبڕیووە كە ئەو پاشەكەوتانە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بگەڕێنێتەوە و وە بەغداد باجی شكستەكانی حكومەتی هەرێم نادات، وە حكومەتی هەرێم دەستی بۆ پارەی بانكەكان بردووە، بۆیە بەغداد لەبەرامبەر ئەم دەست بردنە بۆ پارەی بانكەكان بۆ ماوەی ٧ ساڵە بەشێك لەو بودجەیەی كە دەینێرێت دەیبڕێت

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو