شوناس شێرکۆ: ریفراندۆم بەڵایەکی گــــەورە بوو کاری لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ گەڕانەوەی پێگەی کوردە

  • September 24, 2021
  • 269 Views
شوناس شێرکۆ: ریفراندۆم بەڵایەکی گــــەورە بوو کاری لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ گەڕانەوەی پێگەی کوردە

کاشما قەرەداخی

شوناس شێرکۆ، ڕایگەیاند: ریفراندۆم بەڵایەكی گەورە بوو، بەشێكی زۆری هەوڵەكانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان بەو ئاڕاستەیەیە كە لانی كەم لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بتوانین ئەو پێگە و سۆنگە و بەرپرسیارێتیەی پێش ریفراندۆم كورد هەیبوو و وە بەهۆی ریفراندۆمەوە لەدەستی دا، بیگەڕێنینەوە.

شوناس شێرکۆ، كاندیدی ژمارە ٣٢ بازنەی ١ی سلێمانی لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستان، لە لێدوانێكی بۆ وڵات_میدیا، ڕایگەیاند: ئێمە دەمانەوێت بارودۆخی ناوچە كوردستانیەكان دەرەوەی هەرێم ئاسایی بكرێت و خەڵكی ئەو ناوچەیە بە كورد و عەرەب و توركمان ژیانێكی ئاسایی بژین، وە دەمانەوێت ئەو ئیدارەكانی كەركوك بەدەست كوردەوە بێت نەك عەرەب، ئەو پڕۆسەی تەعریف كردنە لەو ناوچەنەدا هەیە كۆتایی پێ بهێندرێت و بوەستێندرێت و هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەو ئاڕاستە دەبێت كە كەركوك پێگەیەكی بەهێزی هەبێت لەناوچە كوردیەكانی دەرەوەی هەرێم.

شوناس شێرکۆ، لەبارەی بەدەم هاتنی خەڵك بۆ بانگەشەكانیان، ڕایگەیاند: لەسەرەتای دەستپێكردنی بانگەشەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە كەركوك هیچ لایەنێكی سیاسی هێندەی ئێمە جەماوەر بە گەرم و گرویە دەمەویە نەدەهات، ئەوەش كە دەیبینین جێگای دڵ خۆشیە كە بەو جۆرە خەڵك پیشوازی لە دروست بوونی هاوپەیمانی كوردستان دەكەن، خەڵكی زۆر پشتگیری لە كاندیدەكانی هاوپەیمانی كوردستان دەكەن، بەهیواشین لەم هەڵبژاردنەدا بەپێی پێویست كورسی بەدەست بێنین و تاوەكو باڵانسی هێز لە كوردستاندا گۆڕانكاری بەسەردا بێنین و ئەو دروشمانەی كە لە پێناویا هاوپەیمانی كوردستان دروست بووە جێ بەجێ بكەین.

وتیشی: ئەگەر هاوپەیمانی كوردستان سەركەوتن بەدەست نەهێنێت، ئەوا دابەشبوونی هێزە بچوكەكان لە پەرلەمانی عێراق دروست دەبێت و لەهەمان كاتدا باڵانسی هێز لە هەرێمی كوردستان و عێراقیش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، ئێمە هەموومان دەزانین كە لە ڕابردوودا بەشێك لە بڕیارە تاك حیزبیەكان كاریگەری نەرێنی بەسەر ژیان و بارودۆخی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دروست كردبوو، بۆیە دەنگدان بە هاوپەیمانی كوردستان هەم بۆ ڕاست كردنەوەی باڵانسی ئەو هێزەیە و هەم بۆ درێژ كردنەوەی ئەو فكرەیەیە كە ئێمە وەك هاوپەیمانی كوردستان بروامان پێیە كە بەغدا شوێنی چارەسەر كردنی كێشەكانە نەك هیچ وڵاتێكی دیكە و بەغدا شوێنی بەدی هێنانی مافەكانی هاوڵاتیانی كوردستانە و شوێنی بڕیاردانی بریاری سیاسی و دابین كردنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستانە و بودجە و نەوت و وە دەتوانین بڵێن كە بەغدا بۆتە سەنتەرێك بۆ بریاردان لەسەر چارەنوسی عێراق و هەرێمی كوردستانیش، بۆیە ئەگەر هاوپەیمانی كوردستان سەركەوت لەگەڵ گۆڕانی باڵانسی هێز لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

شوناس شێرکۆ جەخت لەسەر جێ بەجێ كردنی بەڵێنەكانی دەكاتەوە و دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت بەیەكەوە بەیەكگرتووی بەچینێكی بەهێز سەرجەم داخوازیەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان جێ بەجێ بكەین، هەرێمی كوردستان لە ڕابردوودا كێشەی زۆر گەورەی روبەروو بۆتەوە و ئاڵانگیریەكان زۆرن لە بەردەماندا، پێویستە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ هەمیشە چارەسەر بكەین، كۆتایی هێنان بە لێبڕینی مووچە پێویستە یەكێك بێت لەوشتانەی كە بۆ ئەبەد حكومەتی هەرێمی دووبارەی نەكاتەوە، پێویستە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ بەغدا ڕێك بخەینەوە، بەغدا شوێنی چارەسەر كردنی كێشەكان و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستانە پێویستە هەموومان بەیەكگرتووی و بەیەك ڕیزی هەوڵی ئەو دروشمانە بدەین كە هاوپەیمانی كوردستان لەپێناویا دروست بووە، ئەو دروشمانە بریتیە لە بەرنامەی كاری هاوپەیمانی كوردستان.

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو