بێریڤان ئەیوب لە دوای ئازاد بوونی بۆ یەکەم جار لەڕێی وڵات باس لە دۆخی زیندانیکردنەکەی دەکات

  • May 13, 2022
  • 452 Views
بێریڤان ئەیوب لە دوای ئازاد بوونی بۆ یەکەم جار لەڕێی وڵات باس لە دۆخی زیندانیکردنەکەی دەکات

کاشما قەرەداخی

بێریڤان ئەیوب حەسەن، ژنه‌ چالاکوانی دھۆک، لەپاش ساڵێک و حەوت مانگ لە زیندانی كردنی لە لێدوانێكی دا بۆ وڵات_میدیا، چیرۆكی ناو زیندان و دۆخ و گوزەرانی لەوێ دەگێڕێتەوە و چەند ڕاستیەکی گرنگ لەبارەی مامەڵە کردن و هەڕەشە کردن لێی ئاشکرا دەکات

لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠-ەوە لە بادینان، بێریڤان ئەیوب_ی تەمەن ٣٦ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەست بەسەر دەكرێت بەپێی ماددەی ١ لە یاسای ژمارە٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی، بۆیە چەندین جار دادگای دەكرێت و پاشان لە ١٠ی ٥ی ٢٠٢٢ لە کاتژمێر ٥ی ئێوارە ئازاد دەکرێت

وڵات_میدیا/ باس لە هۆكاری دەستگیركردنەكەتمان بۆ بكە، چۆن ئەمە روویدا؟

بێریڤان ئەیوب/ بەهۆی کۆمەڵێک تۆمەتەوە کە بۆیان دروست کردم وەک تێكدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، با بەمن بڵێن من چی شوێنێكی ئەمنی كوردستانم تێكداوە؟ كاتێك كەسێك دەستگیر دەكەیت دەبێت تۆمەتەكەت بسەلمێنیت ئەوكات سزای بدەیت بەڵام ئەو تۆمەتانەی لە دادگا رووبەرووی من كرابوونەوە هیچیان ڕاست نەبوون و هیچیان نە سەلمێندرا لەسەرم

وڵات_میدیا/ باس لەوە بکە کە سەرەتا چۆن دەستگیریان کردی و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کردی؟

بێریڤان ئەیوب/لەسەرەتا كە دەستگیریان كردم بردیانم بۆ هەولێر هەوڵیان دا كە چەند لێدوانێكی ناڕاست بدەم بۆیان كە كارێك من نەم كردووە و بڵێم من كردوومە، بەڵام پێم وتن تا دەساڵی دیكە من دان بە كارێكدا نانێم كە من نەمكردووە و ئامادەم لە زینداندا بم، لەو ماوەیەش كە من لە زینداندا بووم بە دۆخێکی زۆر ناخۆشدا تێدەپەڕیم، شەش مانگی سەرەتا نەیان دەهێشت پێوەندی تەلەفوونی بكەم بەهیچ كەسێكەوە و وە نەیان دەهێشت چاوم بە پارێزەرەكەم بكەوێت، كە منیان گرت بە جۆرێك مامەڵەیان لەگەڵ دەكردم وەك بڵێیت تیرۆرستێكیان دەستگیركردبێت و منیان خستە ژوورێكی تاكەكەسی یەك مەتری كە هەناسەدان تێیدا زۆر قورس بوو و نەم دەزانی كات چۆن تێدەپەڕێت و ڕۆژە یان شەوەوە ئەمەش بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بەردەوام بوو، ئەوكاتەی منیان گرت ئەو كاتانەم بەبیر دەكەوتەوە كە چۆن لەسەردەمی سەدام پێشمەرگەیەكیان دەگرت و بە ناشرینترین شێوە مامەڵەیان دەكرد

وڵات_میدیا/ دۆخی ژیان و تەندروستیت چۆن بوو لە زیندان؟

بێریڤان ئەیوب/تەندروستیم لەناو زیندان زۆر خراپ بوو چونكە زۆر مانم لە خواردن دەگرت لەبەر ئەوەی كەیسەكەمیان یەكلای نەدەكردووە، بەڵام ئەوان باكیان نەبوو و زیاتر دادگای كردنی منیان دوا دەخست، وە بەهۆی ئەو مانگرتنەشمەوە تووشی شەكرە بووم و كێشم زۆر دابەزی و چاوەكانم بەتەواوی کز بوو و ئاستی بینینم كەم بویەوە، بەڵام لەبەرامبەر ئەو مانگرتنەی من لە زیندان زۆر خراپ مامەڵەیان دەكرد و پێیان دەوتم ئەگەر تۆ بەردەوام بیت لەمانگرتن ئەوا ئەوانەی ناو زیندان چاوت لێ دەكەن و دەبیتە هۆی تێكدانی زیندان و وە كاتێك بەهۆی مانگرتنەكەمەوە تەندروستیم خراپ دەبوو ئاسایش دەهات و هەڕەشەی ئەوەیان لێ دەكردم ئەگەر بەردەوام بم كیسەكەم چەند ساڵێكی دیكەش دوادەخەن

وڵات_میدیا/ لەدوای ئازاد بوونت هەڕەشەت لێ کرا؟

بێریڤان ئەیوب/ئەوكاتەی من ئازاد كرام لە ئاسایش ڕاستەوخۆ پێیان وتم ئەگەر دەتەوێت دەستگیر نەكرێیتەوە ئەوا جارێكی دیكە دژی دەسەڵات نەبیت و رەخنە نەگریت

وڵات_میدیا/ بەڵێنیان پێدای قەرەبوو بکرێیتەوە؟

بێریڤان ئەیوب/بەهیچ شێوەیەك بەڵێنیان پێ نەدام قەرەبوو بکرێمەوە سەرباری ئەوەی ئەمن زیاتر لە ساڵێك بەبێ تاوان دەستگیركرام، وە سەرباری ئەوەش چەندین جار بەبیانووی دروست كرا و بۆ ئازاردانی دەروونم دۆسیەكەی منیان لە دادگا دوا دەخست و ئازاد بوونی منیان تاخیر دەکرد

وڵات_میدیا/ بەڕای تۆ هۆکار چیە دەسەڵات بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵ کردی؟

بێریڤان ئەیوب/دەسەڵاتی هەولێر و بادینان ترسنۆكە و لە دەنگی ناڕازی و رەخنە گرتن دەترسێت، بۆیە بەردەوام ئەو جۆرە کەسانە دەستگیر دەكەن و نیشانی خەڵك دەدەن دەڵێن ئەگەر ئێوەش ئاوا قسە بكەن ئاواتان لێ دەكرێت، بەڵام بەوەی دەیكەن بۆیان ناچێتە سەر و ئەوان بێریڤانێكیان گرت سەد بێریڤانی دیكەی دەنگی ناڕازیان بەرزكردەوە، ئەوەی بەرامبەر من كردیان وای كرد ئافرەتانیش چاوكراوە بن و دەنگی ناڕازی بەرزبكەنەوە و بە ئازادانە قسە بكەن

وڵات_میدیا/ ئازادی ڕادەربڕین لە بادینان لەچی ئاستێكدایە؟

بێریڤان ئەیوب/ئازادی ڕادەربڕین لە بادینان لە ئاستێكی هەرە خراپدایە چونكە ئەوەتا لە كۆتای ٢٠١٩ و سەرەتای ٢٠٢٠ دەیان چالاكوان و ڕۆژنامەنووسی بادینان بەبێ تاوان و تەنها لەسەر ئازادی ڕادەربڕین دەستگیكران و چەندین تۆمەتیان بۆ دروست كرا كە هیچ كام لەو تۆمەتانە ڕاست نەبوون بە نمونە : گوهدار زێباری،شێروان شێروانی، شڤان سەعید،هاریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم

ئەمانەش بخوێنەرەوە

نوێترین

ڤیدیۆی هەڵبژێردراو