وڵات_میدیا #کوردستان
خۆپیشاندان و نارەزاییەکان بەرامبەر گیانلەدەستدانی “ژینا ئەمینی” فراواتر بوە و زیاتر لە ٨٠ شاری ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، لە خۆپیشاندانەکانیشدا ٣٢ کەس گیانیان لە دەستداوە کە ١٦یان خەڵکی رۆژھەڵاتن.
شەوی رابردوو لە خۆپیشاندانەکانی شاری کرماشان (مینوو مەجید) ژنە چالاکوانی رۆژھەڵاتی کوردستان گیانی لەدەستدا و لە شارەکانی ئەنزەلی و سنە و مەریوانیش شەڕ و رووبەرووبونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکانی ئێران روویدا و لە ٨٥ شاریش بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین ھەیە.
دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردەکەی سەقز، ماوەی حەوت رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵات و وڵاتانی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی تر بەردەوامە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردانەوەی فراوانی سیاسی بەدوای خۆیدا ھێناوە. بەپێی دوایین ئاماریش، ٣٢ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٧٥٠ی تر برینداران، ھاوکات سێ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان بە چەقۆ کوژراون.