وڵات_میدیا #کوردستان
“سودانی”یش مەكەنە سەرۆك وەزیرەكانی تر!!
تا دێت، زیاتر دەردەكەوێ سەقامگیركردنی عێراق وەكو نیشتمانی پێكهاتە جیاوازەكان، كە ببێتە شوناسی ویژدانی هەموان، دژوارە.
وڵاتێك، دوای سەدەیەكو، لەدوای بڕینی چەندین قۆناغو سەردەمو سەدان روداو، بەو هەموو دەوڵەمەندیەو بەو پێگە جوگرافی-سیاسییەی هەیەتی، نەیتوانیبێ لایەنی كەمی پێگەكانی نیشتمانیو ناسنامەی ویژدانی هاوبەش، لەناو چەندین نەوەدا، بچەسپێنێ، هەروەكو چۆن لەهەمان تەمەنداو بەبێ پێشینەیەكی شارستانیش، دەوڵەتانی كەنداو، توانییان بنەماكانی نیشتمانی هاوبەشیان پێكەوە بنێن. عێراق، بەقەد وڵاتانی كەنداویشی پێنەكراوە، عەرەبستانی سعودیە.. بۆ نموونە.
1921 عێراق داتاشراوە. سوپاكەیو سیستەمەكەیو فەلسەفە سیاسیەكەی، بەریتانیا سەپاندونی. پاشان بە رواڵەت كراوە بە كۆماریو لەسەردەمەكانی كۆماریدا، لەبری دەوڵەتی مەدەنی، سیستەمی فاشی لەسەردەمی بەعسدا، گەیشتە لوتكە.
لە (2003)وە، گوایە عێراق كراوە بە دیموكراسی. (19) ساڵی رەبەقە، نەك لایەنی كەمی دیموكراسی مەدەنی لەم وڵاتەدا نەهێنراوەتەدی، بەڵكو تازە تازە وەزارەتەكان لە مەیدانی هەراجی سیاسیدا، دەكڕنو دەفرۆشن. دوو حیزب نادۆزیتەوە، لەگەڵ یەكدیدا راستگۆ بن. كاریزمایەك لەناو عەرەبی عێراقدا، بەكردەوە سەریهەڵنەدا. ئەوەندەی دزەكان لە دزینی سامانی وڵاتەكەدا سەركەوتوون، سیاسیەكان چارەكی ئەوان ئامانجی نیشتمانی هاوبەشو ئەركی نیشتمانی هاوبەشیان نەهێناوەتەدی. چەند گەندەڵەكان لەسەر گەندەڵی یەكیانگرتووە، دوو بەرامبەر ئەوە سیاسیەكان لێكترازاوون.
دوای بشێویەكی زۆر، خاوەن بەرژەوەندیە هاوبەشەكان، بۆ پێكهێنانی حكومەت، ژنبەژنیان كردۆتەوە. ئەمجارەیان (محەمەد شیاع سودانی) بازەكەی نیشتۆتە سەر. چۆن ئەو بازە هەڵدراوەو بە كۆنترۆڵی كام وڵاتی ئیقلیمی نیشتۆتە سەر تەپڵی سەری سودانی، ئەمەیان با بۆ مێژوو بمێنێ. ئەوەی گرنگە لە نەخشەی سیاسی عێراقدا، ئەمەیە كە:
- شیعە لێكترازاوون. سوننە سازاوون. كورد تێكچوون.
- حكومەت هێزی چەكداری هەیەو حەشدی شەعبیش هەیە.
واتا: دوو هەژمونگەری چەكداری. - هەرێمی كوردستان شەرعیەتی هەیە، بەڵام هێزەكەی یەكگرتوو نییە. هێزە سیاسیەكانی ناكۆكنو پەیوەندییان لەگەڵ هێزە عێراقیەكاندا، جیاوازە.
- لەعێراقدا، لەلایەكەوە سوپای ئەمریكاو هاوپەیمانانی ئەركی رەسمیان هەیە. لەبەرامبەریشدا، هەژمونی سیاسی-مەزهەبی ئێران لە وڵاتەكەدا تاڕادەیەك بەهێزترە، زۆربەی حەشدی شەعبی دڵسۆزی ئێرانن.
- عێراق، نە دەتوانێ سیاسەتی نێونەتەوەیی، نە هی عەرەبیو نە هی ئیقلیمیش، یەكلایی بكاتەوە. ئەمە لەكاتێكدا، تەواوی وڵاتانی ئیقلیمی، لە گرەوی ساغبونەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی-ئیقلیمیدایە.. تایبەت دوای جەنگی ئۆكراینا.
لەبەرامبەر دۆخێكی سیاسی-حوكمڕانی ئاودا، بەداخەوە، كورد بە چوار ئاڕاستەی جیاواز لە بەغدادن (پارتی، یەكێتی، ئیسلامیو نەوەی نوێ) تائێستا ستراتیژی هاوبەش بۆ دانوستان نییە. تەنانەت پرۆژەیەكی (سیاسی-ئابوری-یاسایی)یش بۆ دانوستاندن، لەگەڵ حكومەتی نوێی عێراقدا، نییە.
وای دەخوێنمەوە كە: حكومەتی هەرێم، لەم دۆخەشدا بەم بێبەرنامەییەو لە نەبوونی پرۆژەی هاوبەشی نەتەوایەتیدا، بۆ دانوستاندن.. هەمان هەڵە دوبارە بكاتەوە كە لەبەرامبەر حكومەتەكانی: جەعفەری، مالیكی، عەبادی، عادل عەبدولمەهدیو كازمی ئەنجامی دەدان.
لەبەرامبەر ئەو حكومەتانەدا، لە دانوستاندنەكاندا یەك كێشەی بنەڕەتی نێوان هەرێمو بەغداد، چ كێشە دەستوریەكان (بەتایبەتی مادەی 140) یان ئابوریەكان بودجەو موچە؛ یاخود سەرچاوە سروشتیەكان (وەكو نەوتو گاز) هەروەها چەكداركردنی پێشمەرگە.. نەك هیچی ئەو كێشانە چارەسەر نەكراوون، بەڵكو زیاتر ئاڵۆزاوون. تەنانەت عێراق كورد هێندە بە لاوازو پەرتەوازە دەزانێ، لەخۆی رادەپەرموێ.. بودجە وەكو خێرپێكردن بداتە هەرێم. نەوت وەكو سواڵكردن ببەخشێ. نەك مادەی 140 جێبەجێ ناكات.. بەڵكو تەعریبی نوێش دەسەپێنێتەوە!!
ئێستا پرسیار ئەوەیە: ئایا حكومەتی هەرێم، دەرسو پەندی لە هەڵە بنچینەییەكانی رابوردوو وەرگرتووەو ئەمجارە، بە پرۆژەیەكی نوێی هەمەلایەنە، دەكەوێتە دانوستاندن، یاخود، هەروەكو رابوردوو، چۆن هەڵەی بەرامبەر حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی دوای روخاندنی سەدام كرد، هەمان هەڵە لە دانوستاندندا، چەندین پات دەكاتەوە؟!
ئەمجارە، پێویستە لە پاكێجێكی كوردستانی رونو رۆشن، تەواوی داخوازیەكانی كوردستان، لە پرۆژەیەكدا گەڵاڵە بكەن. خاڵێكیش فەرامۆش نەكەن. بە قەرەبوكردنەوەی ئەنفالو راگواستنو كیمیابارانكراوانیشەوە.
هەڵەیەكی ترسناكە، دانوستاندنەكان، لە ژوورە داخراوەكانی عێراقدا، بهێڵنەوە. با رای گشتیو تەواوی دۆستانی كوردستان، لە وردەكاری دانوستاندنو داخوازیەكان، بە رەسمی ئاگادار بكرێنەوە. كورد لەسەر هەقە.. هەق نییە لەسەر هەق، لە بن لێفەوە دانوستاندن بكەین! - تلگرامی وڵات بکە بەسەرچاوە بۆ ئاگاداربوون لەخێراترین و گەرمترین ڕووداوەکانى کوردستان وعێراق
https://t.me/WLLATMED